خەباتمێدیا: ڕۆژی چوارشەممە ۱۶ی خاکەلێوەی ۱۴۰۲ی هەتاوی, ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" سەر بە سپای ترۆریستی پاسداران, ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا بانگەشەی ئەوە کرد کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە بەنیازی هێرشکردنە سەر پایگای ئەمیر ئەلمۆمەنین سەر بە وەزارەتی دیفاع لە ئیسفەهان بوو، لەلایەن سیستەمی بەرگری ئەو وەزارەتەوە خرایە خوارەوە.
تەسنیم ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم پەهبادە بچووکە لەکاتی نزیکبوونەوەی لە پایگای وەزارەتی دیفاع لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە خراوەتە خوارەوە. هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەم هێرشە "هیچ زیانێکی نەبووە".
سەرەڕای ئەمەش، ئاژانسی هەواڵی "مێهر" لە زاری جێگری سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتی پارێزگای ئیسفەهانەوە بڵاویکردەوە، "شەوی ڕابردوو ١٥ی خاکەلێوە هیچ ڕووداوێکی ئەمنی لە ئیسفەهان ڕووینەداوە" و بانگەشەی ئەوە دەکات کە "ئەو ناوەڕۆکانەی لە هەندێک تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بڵاوکراونەتەوە ڕاست نین".