ئەمریکا داوای لە ڕژیمی ئاخوندی ئێران کرد بە پشتیوانی لە "چارەسەری سیاسی" لە یەمەن، نیازپاکی خۆی بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشان بدات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "فەرەنس ٢٤"، تیم لاندەرکینگ، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری یەمەن، لە وتارێکدا لە "پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" لە واشنتۆن داوای لە تاران کرد پشتیوانی لە پڕۆسەی ئاشتی لە یەمەن بکات.
بە وتەی لاندەرکینگ: ئەگەر ڕژیمی ئێران بیانەوێت بیسەلمێنن کە بەڕاستی بەدوای کەمکردنەوەی ململانێکاندا دەگەڕێن، لەمەودوا نابێت پێشێلکاری بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش بە قاچاخکردنی چەک بۆ حوسییەکان ببینین.
ناوبراو زیادی کرد: هەروەها دەمانەوێت ببینین کە ئێرانییەکان پاڵپشتی ئەم پڕۆسە سیاسییە دەکەن و هیوادارین بڕواتە بواری جێبەجی کردنەوە . داوا لە لایەنەکان دەکەین ئەم دەرفەتە بەرز بنرخێنن، و بزانن کە گەیشتن بە ڕێککەوتن پێویستی بەوەیە هەموو لایەنەکان لەخۆبردوویان هەبێ.