خەباتمێدیا: عەلیرەزا شەفێعی خا، دانیشتووی تاران، ڕۆژی ١١ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لە لایەن بەکرێگیراوە جل شەخسیەکانی ڕژیمی ئاخوندی ئێران گیراوە و بۆ بنکەی پۆلیسی باغ فەیز لە تاران گواستراوەتەوە.
لە بنکەی پۆلیسی باغی فەیز سەر بە ناوچەی پونەکی تاران، بە توندی لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕژیم شکەنجە دراوەو هێرش کراوەتە سەری، بە جۆرێک لە مەچەک و ئەژنۆ و قۆڵی ڕاست و چەپی، هەروەها چوار بڕبڕەی پشتی سنگ و بەستەرەکانی شکان و ماسولکەی ئەژنۆی ڕاستی توشی پچڕان بووە.
ناوبراو لە لایەن لقی ١ی دادستانی گشتیی ئێڤینی تاران بە تۆمەتی کۆبوونەوە و دەستەبەندی بە مەبەستی هەوڵدان لە دژی ئەمنیەتی وڵات، تەبلیغات دژ بە دەسەڵات، سووکایەتی کردن بە خامنەیی و تێکدانی ئاشتی و ئاسایشی گشتی تۆمەتبار کراوە.
دوای کۆتایی هاتنی پڕۆسەی لێپرسینەوە، گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ئێڤین و لە ٢٥ی ڕەشەمەدا بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کۆتایی ئیجرائیاتەکەی لە زیندان ئازاد کراوە.