بەپێی هەواڵی هەواڵدەری روداو، سەعات 16:00ی رۆژی 17-10-2016 مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان لە میحوەری خازر سەرکەوتنی پلانی پێشمەرگەی راگەیاند و گوتی "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە. دەستخۆشی لە هەموو پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم و زەڕبەی کوشندەیان لە دووژمن داوە".
بەپێی هەواڵی هەواڵدەری روداو، سەعات 16:00ی
رۆژی 17-10-2016 مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان لە میحوەری خازر سەرکەوتنی پلانی پێشمەرگەی راگەیاند و گوتی "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە. دەستخۆشی لە هەموو پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم و زەڕبەی کوشندەیان لە دووژمن داوە".
بەرێز مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە خازر سەرکەوتنی قۆناخی یەکەمی شەڕی موسڵی راگەیاند و گوتی "پێشمەرگە گورزی کوشندەی لە داعش داوە و زیاتر لە 200 کیلۆمەتر چوارگۆشە رزگارکراوە".
بارزانی راشیگەیاند، ئەوە یەکەم جارە لە شەڕی دژی داعش سوپای عێراق و پێشمەرگە پێکەوە بەشدارن و جەختیکردەوە، دەبێت پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ ئاگاداری یەکدی بن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی "دڵنیام سوپای عێراق دەتوانێت سەرکەوتووبێت و لە کوێ پێویست بێت پێشمەرگە هاوکارییان دەکات".
بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، خەندەق دژی داعش لێدەدرێت، تاوەکو پێشمەرگە سەلامەت بێت.
دەقی گوتەکانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان:
"ئیمڕۆ رۆژێکی مێژووییە، وەرچەرخانێکە لە شەڕی دژی تیرۆر، کە ماوەیەکی دوورو درێژ بوو چەندین کۆبوونەوە لە نێوان سەکردە سەربازییەکانی هەردوو ئەنجامدەدرا، پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئەوەی بگەینە پلانێکی هاوبەش بۆ رزگارکردنی موسڵ.
هەر بۆ ئەو مەبەستە پێش ماوەیەک سەردانی بەغدامان کرد و لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران بەڕێز حەیدەر عەبادی کۆبووینەوە وەکو شاندی هەرێم، لەوێ بڕیاری کۆتایی درا، کە پێکەوە دەست بە ئۆپەراسیۆنەکە بکەین، ئیمڕۆ کاژێر 6ی بەیانی کە رۆژی 17ی مانگی ئۆکتۆبەرە، ئۆپەراسیۆنەکە دەستیپێکرد سوپاس بۆ خودا سەرکەوتنی زۆر گەورە بەدەستهاتووە.
تا ئیستا زیاتر لە 200 کیلۆمەتر چوارگۆشە رزگارکراوە، ئەمە قۆناخی یەکەمە بۆ رزگارکردنی موسڵ لە رۆژهەڵات و لە باشووری موسڵ، ئۆپەراسیۆنەکە دەستیپێکردووە و هاوبەشە لە نێوان سوپای عێراقی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی هاوپەیمانان بکەم بۆ ئەو پشتیوانیانەی کردوویانە بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە، دەستخۆشی لە هەموو سەربازەکانی سوپای عێراقی و هەموو پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم، کە ئیمڕۆ زۆر زۆر قارەمانانە، ئەرکەکەیان ئەنجامدا و گورزی کوشندەیان لە تیرۆریستانی داعشداوە زیانی زۆر گەورەیان پێگەیاندوون.
ئەمە یەکەمجارە خوێنی پێشمەرگە و سەربازی عێراقی لە شەڕێکی وادا تێکەڵ دەبێت، کە دژی تیرۆریستانی داعشە، ئومێدمان وایە ئەمە ببێتە بناخەیەکی بنەڕەتی بۆ پەیوەندی ئاییندەمان لەگەڵ بەغدا.
ئومێدەوارین ئینشائەڵڵا ئەو ئۆپەراسیۆنە بە سەرکەوتوویی تەواو دەبێت و موسڵ رزگار دەکرێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە کۆتایی بە تیرۆر و تیرۆریستان دێت، بەڵام ئەمە تەجرووبەیەکی زۆر باش دەبێت و دەرسێکی زۆر بە قیمەتیش دەبێت بۆ ئەوەی لەمەودوا هەموو گرفتەکان بە گیانی پێکەوەیی و هاوکاری و لێکتێگەیشتن هەموو گرفتەکان چارەسەر بکەین، ئەمە پێشانی دەدات لەمەودوا دەبێت هاوکاری تەواو لە نێوان هەولێر و بەغدا و هاوپەیماناندا هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان.
ئێمە خەڵکی موسڵیش دڵنیادەکەینەوە، کە پێکەوە پێشمەرگە و سەربازانی سوپای عێراق هەموو هەوڵێک دەدەن، زۆر بە جددیش هەوڵ دەدەین، کە هیچ زەررەر و زیانیان پێنەگات و هیچ تۆڵەکردنەوەیەک نەکرێت، ئەوان بگەڕێنەوە بۆ ژیانێکی پڕ لە سەروەری و بەختەوەری لەو زیندان و زوڵمەی کە تێی کەوتبوون رزگاریان ببێت.
لە کۆتاییدا سەرەخۆشی خۆم بە کەسوکاری ئەو شەهیدانە رادەگەیێنم چ سەربازانی سوپای عێراقی و چ پێشمەرگە، هەروەها تەماننای شیفای عاجل بۆ بریندارەکان دەکەم.