خەباتمێدیا: ئایلی کۆهین وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل پێداگری لەوە کردەوە کە ئەگەر "ترۆر و توندوتیژی" بەردەوام بێت، ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر "رێکخراوە تیرۆریستییەکان کە لەلایەن رژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن".
بەگوێرەی ڕاپۆرتی "جروزالم پۆست"، کۆهین، ڕۆژی هەینی ١٨ی خاکەلێوە، دوای پەرەسەندنی گرژییەکان و هێرشی موشەکی لەلایەن گرووپی "حەماس"ی فەلەستینی لە سنووری لوبنانەوە، جارێکی دیکە پێداگری لەوە کردەوە کە حەماس بەرپرسیارە لە بەردەوامی توندوتیژی لە شاری قودس و هەڵدانی موشەک لە باشووری لوبنان و غەززەوە، ئیسرائیلیش بەردەوام دەبێت لە کارەکانی بە مەبەستی گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئارامی لەو وڵاتەدا.
کۆهین، کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی جیا لەگەڵ هاوتا بەحرەینییەکەیدا بوو، زیادی کرد: ئیسرائیل هەوڵی داوە پێش بە پەرەسەندنی گرژییەکان بگرێت، بەڵام درێغی ناکات لە گرتنەبەری هەنگاو بەرانبەر ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیانەی کە هەوڵی دروستکردنی گرژی دەدەن لە ناوچەکەدا.
هاوکات لە پەیامێکدا بۆ دراوسێکانی ئیسرائیل لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆهین بە هاوتا تورکەکەی، مەولود چاوشئۆغڵوی ڕاگەیاندووە، سپای ئیسرائیل وڵامی هەر هەوڵێک دەداتەوە بۆ تیرۆرکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل.
ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لێکۆڵینەوە لە ئەگەری ڕۆڵی رژیمی ئاخوندی ئێران دەکات لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر باکووری ئیسرائیل.
پێشتریش بەرپرسانی ئیسرائیل پێداگرییان لەوە کردبووەوە کە بەبێ بوونی پشتیوانی حزبوڵڵا و رژیمی ئاخوندی ئێران ناتوانرێت هێرشی لەو شێوەیە لە باشووری لوبنانەوە ئەنجام بدرێت.