خەباتمێدیا: شێرڤین حاجیپوور، گۆرانیبێژی گۆرانی "برای"، هەروەها نیلۆفەر حامیدی و ئیلاهە محەممەدی، دوو ڕۆژنامەنووس کە ڕووداوەکانی دوای شەهید کرانی ژینا ئەمینییان ڕووماڵ دەکرد، لە لیستی "سەد ڕووخساری کاریگەر" لە گۆڤاری تایمزدا داندران.
"مەرجان سەتراپی" نووسەر و سینەماکاری فەرانسەوی-ئێرانی لە یاداشتێکدا بۆ گۆڤاری تایمز نووسیویەتی، هەرچەندە شێرڤین حاجیپوور دوای ٤٨ سەعات لە بڵاوبوونەوەی گۆرانییەکەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕژیمەوە گیریا, دەنگی ئەو گۆرانیەی لە هەموو کۆڵان و شەقام و ئۆتومبیلەکاندا دەبیسرا و شێرڤین و گۆرانیەکەی بوون بە دەنگی ئێران. پێشتر شێرڤین حاجیپوور خەڵاتی باشترین گۆرانی لە بەشی "گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان" لە شەست و پێنجەمین خەڵاتی گرێمی بەدەستهێنابوو.
جەیسن ڕەزایی، نووسەری ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" کە خۆی ٥٤٤ ڕۆژی لە زیندانەکانی ڕژیمی ئێران بەسەر بردووە، لە یاداشتێکدا بۆ گۆڤاری تایمز سەبارەت بە نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەمەدی نووسیویەتی: ڕۆژنامەوانی لە بندەستی دەسەڵاتی ئاخوندی لەمردندایە, ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆیی بوێر تاکە هۆکارن بۆ ئەوەی هێشتا ڕۆژنامەوانی هەناسە ئەدات. ناوبراو هەروەها زیادی کرد کەدەستگیرکردنی حامیدی و محەمەدی و نزیکەی ۱۰۰ ڕۆژنامەنووسی دیکە لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە ئەوە دەردەخات کە حکومەتی ئاخوندی ئێران چەندە لەسەر بێدەنگ کردنی ڕۆژنامەوانەکان و نەگیشتنی دەنگی ئازادی تەرکیز دەکات. لەم مانگەدا دامەزراوەی نیمان کە سەر بە زانکۆی هارڤاردە، خەڵاتی "ویژدان و ڕاستگۆیی"ی لە بواری ڕۆژنامەگەریدا بە نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەمەدی بەخشی.