کەم رۆژ هەیە هەواڵی کوژرانی کۆڵبەرێکی کورد لە ناوچە سنووریەکان، لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی رژێمی ئێرانەوە، بڵاو نەکرێتەوە.
دیارە تا ئێستا زۆر کەم لە سەر هۆی ئەم جینایەتانەی رژێم درحەق بە کۆڵبەرانی کورد دەنووسرێ، بەڵکوو تەنیا لە هەواڵێکی چەند دێری٠دا ئیشارەی پێ بکرێ.
کۆڵبەرانی کورد یەکێک لە رەنج دیتووترین و چەوساوەترین چینی کۆمەڵگەی کوردستان و ئێرانن، لەبەر ئەوەی نیشتەجێی ناوچە سنووریەکانن و لە ناوچەکانیاندا کەسابەت و کار و پیشەیەکی بەرچاوی تێدا نیە و لەو بارەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پشتگوێ خراوە. ئەگەر چی جوتیاری و بەخێوکردنی مەڕەوماڵات لەو ناوچانەدا مێژوویەکی هەیە بەڵام لە ئێستادا بەهۆی کەمتەرخەمی و پشتگوێ خستنی بەروبوومی ناوچەکە، وەڵامدەری پێداویستی ژیانی خەڵک نیە. هەروەها لەبەر ئەوەی خەڵک لە هەژاریدا دەژین و جوێ لە جەستە کەرەستەیەکی دیکەیان بۆ سەرمایەگوزاری دابین کردنی بژیوی ژیانی خێزانەکانیان نیە. و جوێ لە ئەم بەراوبەر کردنی کەل و پەلی سەرسنوور هیچ کارێکی دیکە لە ناوچەکەدا نیە، ناچار شان دەدەنەبەر باری قورس و گرانی کۆڵبەری.
ئەگەر تاوێ راوەستی سەیری عارەقی نێوچاوانی ئەو مرۆڤە پاک و بەغیرەتانە بکەی، سەرتاپای مرۆڤ دەبێتە شانازی کە لەگەڵ هەموو ئەو دەردانەی رژێم و هێزە سەرکوتگەرەکانی بۆ خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچە سنووریەکان دروستی کردوە، بەڵام دیسان ئامادە نین مل بە سیاسەتە چەپەڵ و نگریسەکانی ئەو رژێمە بکەن و کۆڵبەری و کاری سەخت و گران و کەوتنەبەر دەسترێژی هێزە داگیرکەرەکانی رژێمیان، لە مل دان بە هێزە سەرکەوتگەرەکانی پێ ئاسانترە.
پاکانەی هێزەکانی رژێم بۆ کوشتنی کۆڵبەران، بۆ کەم کردنەوەو رێ گریە لە هێنانی کەل و پەلی قاچاخ و قەدەغەیە.
لەو بارەوە رۆژنامەی هەمشەهری رژێم لە وتارێکدا 14ی خەزەڵوەری 1395 نووسی: ژمارەی کۆڵبەرانی ئێران لە ساڵی (1393) نزیک بە 37 هەزار کەس بووە.
هەر دوای ئەوە دەنووسێ قاچاخی کەل و پەل لە ئێران لە ماوەی سێ دەیەی رابردوو تا ساڵی 1393 نزیک بە 16 بەرابەر زیادی کردوەز بەپێی وتەی حەبیبوڵا حەقیقی سەرۆکی ناوەندی بەرنگاری قاچاخی کەل و پەل و زێر و دراو، لە ساڵی 1392 رێژەی قاچاخ لە ئێران 20 ملیارد دۆڵار خەمڵێندراوە کە دەکاتە دوو ئەوندەی بودجەی ئاوەدان کردنەوەی وەڵات.
ئێستا بە لێکی بدەینەوە کە لەو 20 ملیارد دۆلارە چەندی لەلایەن کۆڵبەرانەوە هاوردەی ئێران کراوە؟
هەر رۆژنامەی هەمشەهری نووسیویەتی: لەو ساڵە دا (1392) یەک ملیارد و 300 ملوێن دۆلار کەلوپەلی قاچاخ لە 10 خاڵی سنووریەوە لەلایەن کۆڵبەرانەوە بە قاچاخ هاوردە کراوە.
بەو پێ یە بێ هەر کۆڵبەرێک لە ساڵدا زیاتر لە 35 ملوێن دۆلار کەل و پەلی بە قاچاخ هاوردەی ئێران کردوە!
ئەگەر کۆڵبەران هەموو رۆژەکانی ساڵ (365) کار بکەن، کە بەو شێوە نیەو لە زستاندا بەفر و باران و سەرما رێگە بە هاتووچۆ نادا. هەر تاکێکیان رۆژانە بایی 116 هەزار کەل و پەل هاوردە دەکەن!
ئەگەر چاوێک لەو کۆڵە بکەین کە ئەو کۆڵبەرانە بە کۆڵیانەوەیە و لە وێنە و فیلمەکانیشدا هەیەو تەلفزیۆنەکانی رژێمیش بڵاویان دەکاتەوە، دەردەکەوێ کە ئەو کۆڵبەرانە زێر کۆڵکێش ناکەن!
ئەوەی ئەو کۆڵبەرانە دەیگوازنەوە پێکدێ لە سیگار، مەشروب، کەل و پەڵی ناوماڵ و برقی و ئەو کەرەستانەن کە لە بازارەکانی تاران و شارە گەورەکاندا نمونەیان زۆرە. کە وایە ئامار و رەقەم لێکدانی رژێم ساختەیەو دوورە لە راستی.
لێرەدا ئەو پرسیارە زەق دەبێتەوە، کە وایە داستان چیە؟ بۆچی بە بەرنامە هاوڵاتیەکی کورد کە لەو پەڕی هەژاری و نەداری رادەگیرێ و لەکاتێکدا شان دەداتە بەر کاری تاقەت پڕوکێنی کۆڵبەری دەکرێتە ئامانجی دەسترێژ و دەکوژرێ؟
لەلایەکی دیکە دام و دەزگاکانی ئاخوندان دەڵێن تەنیا 5 لەسەدی ئابووری قاچاخی ئێران لەلایەن کۆڵبەرانەوە دەگوازرێتەوە (هەر چەند ئەوەش درۆی زەقی تێدایەو ئەو رێژەیە کەمتر لە 1 لەسەدە)و مابەقی گواستنەوەی کەلوپەلی قاچاخ لەلایەن دامودەزگاکانی رژێمەوە دەگوازرێتەوەو هیچ حیساب و لێپرسینەوەیەکیان لەگەڵ ناکرێ.
نەتیجەی ئەم باسە ئەوەیە کە جینایەتی رژێم لە حاست کۆڵبەرانی کورد یەکێکی دیکەیە لە جینایەتەکانی وەک ئێعدامی بەکۆمەڵی رۆژانەی خەلکی ئێران و کوردستان بۆ چاوترسێن کردنی جەماوەری وەزاڵەهاتوو. کوشتنی کۆڵبەران بەرنامە و سیاسەتێکی شوومی رژێمە کە وەک باقی سیاسەتەکانی دیکەی مەگەر بە روخانی یەکجارەکی رژێم کۆتایی پێ بێ.