خەباتمێدیا: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ ی بانەمەڕ، لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی زیندانی قزل حسار و چوار بەندکراوی دیکەی زیندانی ڕەجایی شار لە کەرەجی ڕاگەیاند.
لەسەر بنەمای ئەم ڕاپۆرتە، حسێن پەنجەک، عەبدولحسێن ئیمامی موقەدەم (خەڵکی کۆهدەشت) و بابەک ئاغایی لە زیندانی قزل حسار لە پەیوەندی لەگەڵ تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە سێدارە دران. هەروەها تۆمەتی ئەو کەسانەی لە زیندانی ڕەجایی شار لەسێدارە دراون، بە دەستدرێژی سێکسی ڕاگەیەندراوە.
بنەماڵە و کەسوکاری ئەو زیندانیانە لە شەوی ڕابردووەوە لە بەردەم زیندانی قزلحسار کۆبوونەتەوەو ناڕەزایەتیان دەربڕیوه کە بەو هۆیەوە بەکرێگیراوان بە باتوم لێیان داوە و گازی فرمێسکڕێژیان لێداون. دەوترێت بەهۆی لێدانی کەسوکاری یەکێک لە زیندانییەکانەوە بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە و باری تەندروستی ناجێگر ڕاگەیندراوە.