رۆژی شەممە 24ی بانەمەڕی 1402ی هەتاوی، لە سەر داوای چالاکانی بەلوچ لە نۆروێژ، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بەمەبەستی مەحکوم و پرۆتستۆی تاوانەکانی رژیم بەتایبەت شەپۆلی نوێی ئێعدامەکان لە بەلوچستان لەلایەن دەزگای قەزایی رژیمی ئاخوندیەوە، بەرێوەچوو.
لەو گردبوونەوەدا کە بە دەیان کەس لە چالاکانی سیاسی کورد، بەلوچ و نەتەوەکانی دیکەی ئێران، ژمارەیەک پەیام و وتار پێشکەش کران لە راستای مەحکوم کردنی ئێعدامەکان و درێژەی سەرکوتگەریەکانی رژیم لە بەلوچستان و شەپۆلی نوێی ئێعدامی چالاکانی بەلوچی لە خۆ دەگرت.
لەو گردبونەوەدا خوسرەو عەبدوڵاهی پەیامی هاوبەشی هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ئێرانی پێشکەش کرد کە تیایدا پشتیوانی ئەو لایەنانەی بۆ داواکانی نەتەوەی بەلوچ و رەت کردنەوە و مەحکوم کردنی سیاسەتی جیاکاری و سەرکوتگەری رژیم لە بەلوچستانی دووپات کردەوە.
شایانی گوتنە ژمارەیەک لە ئەندامانی کومیتەی نۆروێژی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بەشداریان لەو گردبوونەوەدا کرد و پشتیوانیان لە برایانی بەلوچ کرد و تاوانەکانی رژیمی ئاخوندی لە راست نەتەوەی ماف زەوتکراوی بەلوچ مەحکوم کرد.