شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی
بە پەلەی خۆیدا کە رۆژی هەینی 30ی رەزبەر بەرێوەچوو، لە بڕیارنامەیەکدا داوای پێکهێنانی کۆمیتەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی پێشێلکەرانی مافی مرۆڤ لە حەلەب دەکا.
ئەو بڕیرانامەیە کە بە پێشنیاری بریتانیا و هەندێ لە وەڵاتانی رۆژئاوایی بە 24 دەنگی بەڵێ و 7 دەنگی نا و 16 دەنگی بێ لایەن پەسەند کرا.
لەو پەسەند کراوەی شۆرای مافی مرۆڤدا رژێمی ئەسەد و هاوپەیمانەکانی بەتایبەت روسیە و رژێمی ئێران کراونە ئامانج.
ئەو بڕیارنامەیە لە دوای ئەوە دەرچوو کە زەید رەعد حوسێن، کۆمیسێری بەرزی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند ئەوەی لە سوریە و بەتایبەت لە حەلەب روو دەدا کوشتار و تاوانێکی مێژووییە.
ناوبراو لەسەرەتای کۆبوونەوەی رۆژی هەینی تێکڕای ئەو گروپانەی لە قەیرانی سوریەدا دەستیان هەیە بە دەستدرێژی بۆ سەر مافی نێودەوڵەتی تاوانبار کرد کە بەپێی گوتەی ناوبراو بۆتە هۆی ئەوەی جینایەتی جەنگی لە حەلەب روو بدات.
ناوبراو تەئکیدی کردەوە: ئابڵوقەو بۆمبارانی رۆژهەڵاتی حەلەب تەنیا تراژیدیا نیە، بەڵکوو جینایەتێکی جەنگیە.
زەید رەعد حوسێن هەروەها داوای لە زلهێزەکان کرد کێشەکانیان وەلانێن و دۆخی سوریە و بەتایبەت ئابڵوقەدانی حەلەب بۆ دیوانی نێونەتەوەی تاوان بنێرن.
لەو بڕیارنامە پەسەند کراوەدا هەر جۆرە رێگریەک لە راستای گەیاندنی هاوکاریە مرۆییەکان بۆ خەڵکی مەدەنی و هاوڵاتیان بە توندی مەحکوم و پرۆتستۆ دەکا.
لەو بڕیارنامەدا داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش کراوە کە سەبارەت بە سوریە و بەتایبەت شاری حەلەب لێکۆڵینەوە بکرێ، وە لەو رێگەوە تێکڕای ئەوانەی توندوتیژیان کردوەو قانوونە نێونەتەوەییەکان و مافی مرۆڤیان پێشێلکردوە ئاشکرا دەکرێن.