بەختیار عەزیزی
بزوتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەی کورد بزوتنەوەیەکی رەواو بەرحەقە لە پێناو کۆتایی هێنان بە چەوسانەوەو پێخوستی ماف و ئازادیەکانی نەتەوەی کورد لەلایەن دەسەڵاتە خۆسەپێن و داگیرکەرەکانی کوردستانەوە. وێڕای ئەو رەوایی و بەرحەقبوونەی بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی کوردستان، بەڵام پەیوەندیە ناوخۆییەکانی ئەم بزوتنەوە پڕە لە کێشە و گرفت و بەریەککەوتن و ئەوانەش وایان کردوە رێگەی پێشکەوتن و سەرکەوتن دژوار و حەستەم و پیلانەکانی دژمنان و داگیرکەران، خەبات و دەستکەوتەکانی ئەم بزوتنەوەیە کرچ و کاڵ یان ئەوەی کە بە ئاسانی لەبار بەرن.
مێژووی هاوچەرخی بزوتنەوەی کوردستانی ئێران لێوانلێوە لە گرفت سازکردن، شەرفرۆشتن، پاشقول گرتن و دەستشکانەوەی یەکترە. بۆ راستی و دروستی ئەو قسە، دەپرژێینە سەر ئەو سەردەمەی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێرانی تێدا دامەزراو ئەو هەنگاوە نابەرپرسانەی لە راست ئەم تەشکیلاتە کرا، کە تەنیا ئامانج لە دامەزرانەکەی خزمەت بە پرسی نەتەوەیی کورد و بەربەرەکانێی هێزەکانی رژیمی ئاخوندی لە کوردستان بوو. دژمن و نەیارانی سازمانی خەبات بەردەوام هەوڵیانداوە کۆسپ و تەگەرە لە سەر رێی کار و تێکۆشانی سازمان دروست بکەن، یان بە پڕوپاگەندەی ژاراوی، سازمانی خەبات یان لە مەیدان وەدەرنێن یان هۆگرانی ئەم رێبازە لە بەردەوام بوون و تێکۆشان سارد کەنەوە.
هەر لە پەلاماری بنکە و بارەگان، رێگری لە کار و تێکۆشانی ئەندامان، سەنگەرگرتن لە تیم و دەستە و هێزی پێشمەرگە بگرە هەتا پڕوپاگەندەی ژاراوی، درۆ و بوختانی وەک سازمانی خەبات لەگەڵ حکومەتی بەعسی عێراقە و لەلایەکی دیکەوە لە لای حکومەتی عێراق دەگوترا سازمانی خەبات دەیهەوێ لەگەڵ ڕژیمی ئێران بسازێ!، بەو ئامانجەی لەلایەک لە نێو جەماوەر دژ بە سازمان سەمپاشی بکەن و لەلایەکی دیکەوە هانی حکومەتی عێراق بدەن بەربەست بۆ سازمان دروست بکا. بێ گومان ئەم جۆرە هەنگاوانە کاریگەری زۆر خراپیان لەسەر کار و چالاکی سازمان دەکرد و بە گشتی زیانی بە بزوتنەوەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان گەیاند.
لە دوای شکستیان لە هەوڵە جیاجیاکان، لە هەنگاوێکی دیکەدا پشتی ژمارەیەک کەسی هەلپەرەست و بێ باوەڕیان لە ریزەکانی سازماندا گرت و دارولەلەیان بۆ دادەنان کە چۆن بتوانن زۆرترین زیان بە ئەم تەشکیلاتە رەسەن و جەماوەر پەسەندە بگەیەنن، سەرەتا بە سازکردنی جەوێکی ناسالم و مەسموم توانیان زۆر کەس لە یەک دردۆنگ و ریزی خەباتیەکان تووشی بشێوی بکەن، ئەوانەش وایان کرد ژمارەیەک تووشی سەرلێشێواوی بن. ئەگەر چی بەم کارە درز و کەلین لە سەنگەری خەباتی خوێناویدا دروست بوو بەڵام بە هەوڵ و خۆڕاگری دڵسۆزان و حیکمەت لە مودیریەتی ئەو قەیرانە، ئەو خەونەی ناحەزان لە گۆڕ نراو خەباتیە راست و دڵسۆزەکان درێژەیان بەو راستە رێگە و خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاری گەلی کورد دا.
ئەو خراپکاری و پروپاگەندە ناراست و زیانبارانە هەر جارە و بەجۆرێک و لە قاڵبێکدا دروست دەکرا، بەڵام سازمانی خەبات بە دانی هەزینەی زۆر، توانی بەشێکی زۆر لەو پیلانە شوومانە بکاتە بڵقی سەر ئاو و ئەو خراپکاریانە لە خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی دووری نەخەنەوەو بگرە رۆژ لە دوای رۆژ خەباتیەکان زیاتر و زیاتر بوونی خۆیان لە مەیدانی خەباتدا بۆ یار و نەیار بسەلمێنن. ئێستا کە رژیمی ئاخوندی بەرەو نەمان و روخان ملی ناوە، دژمنان و ناحەزان بە پیلانی دیکە لە هەوڵدان ریزی پێشمەرگە و ئەندامانی سازمان تووشی دڕدۆنگی بکەن و رێگە راستەکە و حەقانیەتی ئەم رێبازەیان لێ لێڵ و ناڕوون بکەن.
دژمن و نەیارانی سازمانی خەبات دەبوو بە لانی کەمی خوێندنەوەیەکی مێژووی سازمانی خەبات ئەو ڕاستیەیان بۆ دەرکەوتایە کە ئەوەی دەیکەن ئاسنی سارد کوتانە و هیچ پیلان و تەبلیغاتێکی ژاراوی تێکۆشەرانی ڕێبازی سازمانی خەبات لە ئەرکی پیرۆزیان نەک سارد ناکاتەوە بەڵکوو جار لە دوای جار هەنگاوی قاییمتر و بوێرانەتر بۆ ئامانجە پیرۆزەکانی سازمان و نەتەوەکەیان، هەڵدەگرن.
سازمانی خەبات لە بەرامبەر هەموو پیلانگێڕیەک قورس و قاییم وەستاوەو بە مانەوە لە سەر ئوسولە سیاسی و شۆرشگێڕیەکان هەموو پیلانێکی نەیاران و دژمنانی ئازادی دەکاتەوە بڵقی سەر ئاو و هەتا سەرکەوتنی یەکجاریی پێشرەو پێشەنگی خەباتی راست و رەوای نەتەوەی کورد دەمێنێتەوە.