خەباتمێدیا: فەرماندەیی ئینتزامی ڕژیم ڕایگەیاند کە دوای هێرشی "کەسانی چەکدار" بۆ سەر بۆرجەکی پاسەوانی سنووری "مەزە سەر" لە سەراوان، کە دەکەوێتە پارێزگای سیستان و بەلوچستان و لەسەر سنووری پاکستان، شەش کەس لە هێزەکانی ئەو سنوورە کوژراون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئیسنا"، ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی بانەمەڕ، ئەم هێرشە کراوەو لە ئێستادا باری تەندروستی یەک کەسیان ناجێگیرە.
ئیسنا نووسیویەتی ئەم پاسەوانانەی سنوور لەگەڵ "خراپەکاران" تێوەگلاون.
ناوەندی ڕاگەیاندنی "فراجا" ڕایگەیاند کە حسێن بادامکی، عەلی غەنی باتدبیر، ڕەزا بۆرجی، محەمەد جەمالزادە، یونس سەیفی نژاد و ناسر حەیدەری لە کوژراوانی ئەم ڕووداوە بوون.