بەپێی هەواڵی هەواڵدەری ئاڵمان 1ی خەزەڵوەری 1395،
ژمارەیەک لە خانەوادەی قوربانیانی ترۆریزم کە لە دوو دەیەی رابردوودا لەهێرش بۆ سەر بنکەی سەربازی ئەمریکا لە لوبنان بوونە قوربانی، بە شکات لە شیرکەتێکی ئاڵمانی کە لقێکە لە بورسی ئاڵمان، داوای قەرەبووی ملیاردیان لە رژێمی ئێران کردوە.
ئەو خانەوادانە وێڕای رەخنەی توند لە هاوکاریە ئابووریەکانی ئەو شیرکەتە ئاڵمانیە "کلیراستریم" لەگەڵ رژێمی ئێران، داوایان کرد کە لە حیسابی رژێمی ئێران ئەو شیرکەتە قەرەبوویان بکاتەوە.
خانەوادەی ئەو قوربانیانەی ترۆریزیمی رژێمی ئێران، بەپێی بڕیاری دادگایەک لە ساڵی 2012 داوای 6.6 ملیارد دولار قەرەبوویان لە رژێمی ئێران و بانکی ناوەندی ئەو رژێمە کردوە و دەیانەوێ ئەو پووڵە لە سەر حیسابی بانکی ناوەندی رژێم کە لای شیرکەتی کلیراستریمە پێیان بدرێ و بەهۆی پێوەندی درێژماوەی ئەو شیرکەتە لەگەڵ رژێمی ئێران، داوایان لەسەر کلیراستریم تۆمار کردوە.
ئەوە یەکەم جار نیە شکات لەسەر بورسی ئاڵمان تۆمار دەکرێ. هاوشێوەی ئەم داواکاریە، ساڵی 2013 ژمارەیەک لە خانەوادەی قوربانیانی هێرشی 1983 لە بەیروت داوایان لەسەر رژێمی ئێران تۆمار کرد و داوای قەرەبوویان لەو رژێمە کردەوە.