لە دوای راپۆرتی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی شیمیایی،
لە سەر ئەوەی سەربازەکانی ئەسەد گازی شیمیاییان لە دژی خەڵک بەکار هێنانەوە، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا داوای لە رژێمی ئێران و روسیە کرد پشتیوانەکانیان بۆ ئەسەد راگرن.
"نێد پرایس" وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا گوتی: ئێمە بە توندی کردەوەکانی رژێمی ئەسەد لە بەرامبەر رێسا دێرینە نێونەتەوەییەکان سەبارەت بە بەکار هێنانی چەکی شیمیایی و گوێنەدانی سوریە بە بەڵێنەکانی بە کنوانسیۆنی چەکی شیمیایی، مەحکوم دەکەین.
لەو راگەیەندراوەدا هاتووە: ئێمە داوا لە تێکڕای وەڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامانی کنوانسیۆنی قەدەغە کردنی چەکی شیمیایی لەوانە رژێمی ئێران و روسیە کە بۆ پشتیوانی لە رژێمی ئەسەد کردەوەی سەربازی دەکەن، داوا دەکەین پێ بەند بن بە بەڵێنە هاوبەشەکانمان بە رێسا نێونەتەوەییەکان دژ بە بەکارهێنانی چەکی شیمیایی.
جێگەی بیرهێنانەوەیە کە رێکخراوی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی چەک و چۆڵی شیمیایی لە راپۆرتێکدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی خۆی دەخاتەروو، سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی شیمیایی کە سەربازەکانی ئەسەد لە چەکی شیمیایی بۆ سێهەمین جار دژ بە خەڵکی مەدەنی بەکاریان هێناوە. ئەو رێکخراوە وتوویەتی کە زستانی رابردوو رژێمی ئەسەد لە باکوری رۆژئاوای ناوچەی ئێدلێب گازی شیمیایی بەکار هێناوە.