30ی پوشپەری ئەمساڵ پێنج ساڵ بەسەر کۆچی دوایی رێبەری ماندوویی نەناس و دامەزرێنەری سازمانی خەبات مامۆستا سید جەلال حوسێنی تێپەر دەبێت مامۆستا دوای تێکوشانێکی بێ ووچان و خزمەتێکی بەرچاو بە بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلەکەمان لە تەمەنی 82 ساڵی دا بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێکردین و خەمێکی بێکۆتایی خستە ناو دڵی سەرجەم رێبواران رێبازەکەی .
جەماوەری خۆشەویستی کوردستان
لاوانی نیشتیمان پەروەر
ئەندام و لایەنگرانی سازمانی خەبات
30ی پوشپەری ئەمساڵ پێنج ساڵ بەسەر کۆچی دوایی رێبەری ماندوویی نەناس و دامەزرێنەری سازمانی خەبات مامۆستا سید جەلال حوسێنی تێپەر دەبێت مامۆستا دوای تێکوشانێکی بێ ووچان و خزمەتێکی بەرچاو بە بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلەکەمان لە تەمەنی 82 ساڵی دا بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێکردین و خەمێکی بێکۆتایی خستە ناو دڵی سەرجەم رێبواران رێبازەکەی . مامۆستا سەیید جەلالی هەمیشە زیندوو لەسەرەتای پێگەیشتن و لاوێتیدا هەستی نیشتیمانپەروەری تێدا دروست دەبێت و دەبێتە یەکێک لە سوێندخواردو و شوێنکەوتووانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان و لەساتەوە بەڵێنی وەفاداری بە ئامانجە رەواکانی گەل و نیشتیمان دەدات و وەک بینیمان تا دواهەمین هەناسەکانیشی بەو بەڵێنەی وەفادار مایەوە. لە پاش ژیکاف مامۆستا لە حوجرەکاندا وانەی شۆڕشی دەوتەوە و بەشیکی بەرچاو لە هێز و توانای بۆ باسکردن لەسەر ماف و ئازادی گەلەکەی تەرخان دەکرد کە لەو پێناوەشدا توشی چەندین کێشە و گرفت بوویەوە . لە سەرهەڵدانەکەی ساڵەکانی 46 و 47 دەوری دەبێ هەتا ئەو کاتەی سەرەتای شۆڕشێکی بەرفراوان لە دژی رژیمی پاشایەتی زەمینەکانی دەرخسێ.مامۆستا لەو قۆناغەدا وەک رێبەری راپەرینەکانی خەڵک دیاریی دەکرێ و لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی گەورەترین دەور دەگێرێ بۆ سەرخستنی راپەرین و داماڵینی هێزەکانی شا و پاراستنی هێمنی و ئاسایش .
لەدوای رووخانی سیستەمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری رژێمی ئاخوندی نەک ماف و داواکاریەکانی کورد جێبەجێ نەکرا بەڵکو زیاتر لەجاران کورد سەرکوتکرا ، هەربۆیە لەپاش قۆناغی دانووستان و ووتووێژ کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو شکستی پێهێندرا، زەرورەتی تێهەڵچوونەوە و گەرمداهێنانی کورەی خەبات لە دژی ستەمکارانی نوێ سەری هەڵدایەوە و لەو پێوەندییەش مامۆستا کۆتایی بە ریساڵەتەکەی نەهێنا و بەڵکو لە چوارچێوە و شکلێکی نوێ تاوی دایە خەبات دژی ستەم و چەوسانەوە و بە دامەزراندنی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران سەرەتایێکی نوێی لە خەبات بۆ ئازادی گەل و نیشتمان دەست پێکرد.
لە هەموو ئەو قۆناغانەی ژیانی خەباتگیرانەی دا سداقەت و راستگۆیی و فیداکاریی بەشێکی دانەبراو لە پێکهاتەی کەسایەتی مامۆستای رێبەر و زانای گەلەکەمان بووە و بە هەموو وزە و توانا و هەست و بوونیەوە لە خزمەتی شۆڕش و بزووتنەوەی رەوای گەلی کورد بووە و لەو پێناوەشدا خاوەنی قوربانی پڕ بایەخە کە نمونەی ئەو قوربانیدانانە لە ناوی مێژووی رێبەرانی سیاسی دا کەم وێنە و دەگمەن بووە.
ژیانی سیاسی و خەباتکارانەی مامۆستا پڕ لە وانەی ژیانی راستەقینە و سەربەرزانەیە کە دەکرێ بە پەیرەوی کردن و شوینکەوتنی جەوهەری بە نەمری مانەوەی تیدا بدۆزریتەوە و بەختەوەری و ژیانی سەربەستانەی بۆ گەل تێدا وەدی بهێندری.
بێگومان بە کۆچی دوایی رێبەری ماندوویی نەناسی گەلەکەمان مامۆستا سید جەلال زیانێکی زۆر بە گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بەگشتی و سازمانی خەبات کەوت، بەڵام هێشتنەوەی یاد و ناو و بیر و ئەندێشەکانی مامۆستای هەمیشە زیندوو دەتوانێ قەرەبووی بەشێک لە زیانەکان بکاتەوە و گەل بەرەو کەنارەکانی ئۆقرەیی و هێمنی رێنوێنی بکاتت. ئێمە وەک رێکخراوی لاوانی خەبات ی کوردستان لەو یادە دا بەلیچن دووپات دەکەینەوە کە تا سەرکەوتنی یەکجاریی رێبوارێکی دڵسۆزی ریبازە بێ خەوشەکەی مامۆستای نەمر بین و وەفادار بین بە ئامانجەکانی مامۆستا و گەلی کورد لە کوردستانی ئێران.
رێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
دەستەیی بەرێوەبەری
30ی پوشپەری 1394