هەواڵدەری رۆیتێرز رۆژی سێ شەممە 4ی خەزەڵوەر لە راپۆرتێکدا باس لە هەوڵی رێبەرانی حیزبی کۆماریخوازەکانی ئەمریکا بۆ درێژکردنەوەی قانوونی ئابڵوقەکانی رژێمی ئێران بۆ 10 ساڵی دیکە دەکات. ئەو هەواڵدەریە هەروەها نووسی: ئەو قانوونەی ئێستای ئابڵوقەکانی دژ بە رژێمی ئێران
هەتا 31 دیسامبر کاری پێ دەکرێ هەر بۆیە کۆنگرەی ئەمریکا دەیهەوێ پێش هەڵبژاردنەکان درێژکردنەوەی ئەو قانوونە بخاتە دەنگدانەوە.
حەوت کەس لە سەناتۆرە پلەبەرزەکانی پارتی دیموکراتی ئەمریکا بە رێبەری سەناتۆر ریچارد بلومەنتال لە نامەیەکدا بۆ میچ مەک کانل رێبەری کۆماریەکانی سەنا، داوایان لێ کردوە درێژکردنەوەی قانوونی ئابڵوقەکانی رژێمی ئێران بۆ ماوەی 10 ساڵ بخاتە بەرنامەی کار سەنا.
ئەو سەناتۆرانە هەروەها داوایان لە رێبەری کۆماریەکان لە سەنا کردوە کە دانیشتنی سەنا بۆ درێژکردنەوەی ئەو قانوونە بخرێتە یەکەم کۆبوونەوەی دوای هەڵبژاردنەکانی سەرەک کۆماری ئەمریکا. بەپێی ئەو قانوونە ئەو شیرکەتانەی لە ساڵدا زیاتر لە 40 ملوێن دولار سەرمایەگوزاریان لە ئێران کردبێ لە ساتو سەودا لەگەڵ ئەمریکا بێ بەش دەکرێن.
لە هەمان کاتدا دوو پێشنیاری دیکە بۆ درێژکردنەوەی قانوونی ئابڵوقەکانی سەر رژێمی ئێران لەلایەن دیموکرات و کۆماریەکانی سەناوە ئامادە کراوە.
پێشنیاری کۆماریەکان سەبارەت بە چالاکی موشەکیەکانی رژێمی ئێران سزای زیاتری ئەو رژێمەی تێدا لەبەرچاو گیراوە.