خەباتمێدیا: لە درێژەی بانگهێشت و گرتنی هاووڵاتییان لە کوردستان و ئێران، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵەی خەڵکی سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە گیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە ئاگادارەکان، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٤ پووشپەڕی ١٤٠ ٢ هەتاوی، مێرمنداڵێکی ١٦ ساڵە بە ناوی "سینا حەیدەری"، کوڕی جەمیل و خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیمەوە گیراوەو بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هێزەکانی ڕژیم بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوکی ئەو مێرمنداڵە کوردە و گرتوویانە.
سەرەڕای سەردانی باوکی سینا حەیدەری بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و دادسەرای ڕژیم لە سەقز، لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.