ماردین زاهدی
سەرهەڵدان:
بزوتنەوەی ئازادیخوازی لە ئێران و کوردستان مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە, بەڵام زۆرترین تیشک و دیکۆمینت خراوەتە سەر حکومەتی فاشیستی پەهلەوی و دەسەڵاتی جینایەتکاری ئاخوندی. نەتەوە بن دەستەکان لە ئێران و بە تایبەت نەتەوەی کورد، پاش ساڵانێکی زۆر لە خەبات و ململانێی لەگەڵ جینایەتەکانی سیستەمی فاشیستی پاشایەتی, سەرکەوتوو بوون و ئەو دەسەڵاتەیان کۆتایی پێی هێناو بە ڕووخاندنی ئەو دەسەڵاتە سەلماندیان کە تبایی و یەکگرتوویی نەتەوە چەوساوەو بێزار لە ستەمەکانی ئێران، پێکەوە دەتوانن بناغەی زوڵم لەبن بێنێت. وەدیهاتنی ئەو سەرکەوتنه مەزنەی گەلانی ئێران بە فریوکاری دەسەڵاتی خومەینی و دەستو پێوەندەکانی، توانیان بەرهەمی ئەو شۆڕشە بەتاڵان بەرن و ئەزموونێکی زۆر سەختی دیکە بۆ نەتەوە چەوساوەکانی ئێران سەر هەڵبداتەوە. لە دوای بەدەسەڵات گەیشتنی رژیمی خومەینی، ئەو حکومەتە دەستی دا بە سەرکوتی جیابیرەکان و دامەزراندنی دیکتاتورییەکی دڕندانەو تەنیا لە یەک نەمونەدا و لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی دا ٣٠ هەزار زیندانی سیاسیی لەسێدارە دا. بە هۆی ستەمگەری و دیکتاتۆری دەسەڵاتی ئاخوندی ئاگری شۆڕش دژ بە جینایەتەکانی ئەو دەسەڵاتە لە ئێران و کوردستان بە هەڵگیرساو تا ئێستاش ماوەتەوەو جەماوەری دژ بە ستەم و تێکۆشەرانی ڕیزی خەبات و شۆڕش نەیانهێشتووە ئەو ئاگرە بکوژێتەوە.
بەڵێ شۆڕش بۆ ئازادی سەرەڕای هەورازو نشێوەکان بەردەوام بووەو بە تایبەت لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، شۆڕشێکی مەزن و کەم وێنە لە کوردستان سەری هەڵدا کە هەموو ئێرانی گرتەوەو،لە ناوچەکەو جیهان بۆتە باسی سەرەکی راپۆرتی ناوەندەکانی هەواڵدەری و ناوەندە سیاسیەکان.
ئەو شۆرشە جەماوەریە جارێکی دیکە دڕندەییەکانی دەسەڵاتی ئاخوندی بۆ کۆمەڵگەی جیهانی دەرخست و جاربێکی دیکە ڕوونی کردەوە کە حکومەتی ئاخوندی ئێران بۆ مانەوەی خۆی لە هیچ جینایەتێک دەست ناپارێزێت و ئەو قەتڵ و عامەی لە ساڵەکانی ٦٠ دا کردی ئێستاش بە شێوەی دیکە بەردەوامەو درێژەی پێی ئەدات. ڕەنگە بیرکردنەوە وابێت کە بەهۆی نەبوونی ڕووماڵی هەواڵی دروست و نەبوونی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەو سەردەمەدا ئاخوندە جەلادەکان بەبێ ترس ئەو جینایەتەکان کردووە, بەڵام دەبینین کە ئەمڕۆ ئەو کردەوە دژە مروڤانەی ئاخوندەکان بەردەوامە. شۆڕشی ژینا سەرهەڵدانی قین و توڕەیی جەماوەر بۆ ستاندنەوەی ژیانی ئازاد بە شێوەی بەرین دەستی پێکرد و لە ماوە شۆ٠رشدا دەیان لاوی قارەمان لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانەوە شەهید بوون.
بەڵێ شەهید کرانی ژینا ئەمینی, بووە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشێکی بێوێنەو نمایەکی زۆر جوانی لە بوێری و پێشەنگایەتی ژنان, کچان و لاوان بو گەیشتن بە ماف و ئازادیەکانیان, هەروەها ڕێگە پێی دان, هاوڕێی بوون و پشتیوانی دڵ قورسکەری نەسڵی پێشووتر, یەکدەنگی نەتەوە جیاجیاکانی ئێران بە هەر جۆرە بیر و باوڕێک و هاودەنگیان دژ بە حکومەتی ئاخوندی ئێرانی نیشانی هەموو جیهان دا کە ئەم هاودەنگیە بێ وێنەیە پیشتگیری و پشتیوانی جیهانی بەدواوە بوو. ئامانجی شۆڕشی ژینا هێنا دیی ئازادی و ڕزگار کردنی نەتەوەکانی ئێران بوو کە پاش ڕووخاندنی سیستەمی پاشایەتی, گیرۆدەی سیستەمێکی زۆر دڕندەتر لەو دەسەڵاتە فاشیستە بوون. بزوتنەوەی ژن, ژیان, ئازادی بووە هۆی ئەوەی کە ڕژیمی ئاخوندی زورتر له چەند ساڵی ڕابردوو بکەوێتە ژێر فشار و پەراوێز بخرێت, بەڵام لە ڕاستی دا, پێویست و نیازی خەڵک له ئێران, فشاری زۆرتری ناوەندە جیهانییەکان و بەترۆریست ناساندنی سپای پاسداران بوو تا ئەو تاقمە ترۆریستییە نەتوانێت بە مەیلی خۆی کوشت و بڕ بخاتە ڕێگەو قەتڵ و عامی خەڵک بکات.
ئاکام:
حکومەتی ئاخوندی ئێران ئەوەی لە چەنتەی خۆیدا هەبوو بۆ سەرکوت کردنی خەڵکی ناڕازی بەکاری گرت و تەنانەت هێرشی کردە سەر کەمپەکانی هێز و لایەنە کوردییەکان لە کوردستانی عێراق.
دەیان پیلانی گڵاو و دژ مرۆڤی بەکار گرت تا بتوانێت ئەم بزوتنەوەیه بەلاڕێی دا بەرێت، ئێستاش بەهۆی سەرکەوتوو نەبوون لە پیلانەکانیان,ئەو دەسەڵاتە هەموو هەوڵ و توانای خۆیان سەرف دەکەن کە وا دەری بخەن کە دەنگی شۆڕش کپ کراوەتەو. بەڵام وێڕای هەموو ئەو جینایەتانە دەبینین کە لەزۆربەی شارەکانی ئێران و تەنانەت ناوچەکانی کوردستان و بەلوچستان, شۆڕش بەردەوامەو هیچ سەرکوت و دڕندەگییەک نەیتوانیوە پێش بەم بزاڤە ڕەوایە بگرێت. شۆڕشی ژینا وەک ئاماژە کرا, درێژەی شۆڕشی چەندین ساڵەی نەتەوەکانی بێزار لە ستمەی ئێرانەو تا گەیشتن بە ئازادی بەردەوام دەبێ. خەڵک بەباشی دەزانن کە بێدەنگی لە بەرانبەر دەسەڵاتی ئاخوندی لە ئێران بەواتای سەرکوتی زۆرتر, لەسێدارەدان, نەداری, ماڵوێرانی و دەیان نەهامەتی دیکەیە, هەروەها دەزانن تەنیا ڕووخانی ئەوە دەسەڵاتەیە کە دەتوانێ ڕزگاری یەکجاری بێرێتە ئاراوە. هەر بۆیە دەبینین کە بریندارن و کەم ئەندام کراوانی ئەم ڕاپەڕینە به ڕاشکاوەیی دەڵێن چاو و دەست و لاقی برینداریان شایانی ئازادی نییە و گیانی خۆمان پێشکەشی ئەو رێگایە دەکەین. خانەوادەی شەهیدان سەردانی یەکتر دەکەن, زیندانیانی سیاسیی لەناو زیندانەکانەوە بەردەوامن لە هەڵوێست گرتن و لەکاتی ئازادی دا دروشمی مەرگ بۆ خامنەیی و دەسەڵاتی ئاخوندی دەڵێنەوە و بە باشی دەزانن کە دەبێ بۆ گەیشتن بە ئامانج بەردەوام و خۆڕاگر بن.
ئاشکرایە ئازادی و ڕزگاری له دەستی حکومەتی تا ئیسقان دژە مرۆڤی ئاخوندی کارێکی ساکار نییە, بەڵام بوێری, نەترسی, زانیاری و شەهامەتی خەڵکی ئازادیخواز ئەم هەنگاوه کۆتاییەش هەڵدەگرێت و بناغەی زوڵم لە ئێران هەڵدهچنێت. نەتەوەکانی ئێران بە پشت بەستن بە یەکتر و هاوکاری و هاوئاهەنگی دەتوانن ئەم قۆناغەش تێپەڕ بکەن و بە ئەزموون وەرگرتن لە شۆڕشەکانی پێشووتر, حکومەتێکی دیمۆکراتیک و شیاوی خۆیان بەدەست بهێنن و بە ئاکامی بگەینن. راستی ئەوەیە کە شۆڕش کاتی و ساتی دیاری کراوی نییە و تەنیا بەردەوام بوون، هومێد و دڵگەرمی بە سەرکەوتن دەتوانێت بە ئاکامی بگەینێت. هەر بویە مانەو بە هەر نرخێک لەم رەگەیەدا ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانییەو بەدڵنیاییەوە سەرکەوتن لە ئارادایە.