بەو سیاسەتە تاکرەویانەی حکومەتی ئاخوندی پەیرەوی دەکرد، گەلی کورد هەر زوو هەستی بە مەترسیەکان کردو دژی خۆسەپێنی ئاخوندان هەڵوێستی گرتو دژایەتی خۆی لەگەل ئەو دەسەڵاتە نادیموکرات و دیکتاتۆردا ڕاگەیاند و ملی بە ویستی دەسەڵاتدارانی نوێ نەدا. گەلی کورد هەر لە سەرەتاوە هەوڵی زۆریدا لە رێگەی ئاشتیانە دەسەڵاتدارانی ڕژێم بێنێتە سەر ئەو باوەرەی کە مل بۆ ویستە رەواکانی خەڵکی کوردستان بدەن بەڵام ئاخوندان بە جێی گوێ ڕاگرتن لە ویستی گەلی ئازادیخوازی کوردو رێزگرتن لە داواو ماف و ئازادیەکانی ئەو گەلە، زمانی هەڕەشەو چاوسوور کردنەوەیان بە کارهێناو دەستیان دایە هێرش بۆ سەر بزوتنەوەی ئاشتیخوازانەو مافخوازانەی کوردستان. ئاخوندان بریاری شەڕی سەرتاسەریان لەگەڵ کورد داو خومەینی ڕێبەری دیکتاتۆر و خوێنرێژی رژێم، فەرمانی جیهادی دەرکرد و بە تەواوی هێزەکانی راگەیاند هێرش بکەنە سەرکوردستان و نەتەوەی چەوساوەی کورد. ئەو نەتەوەی کە تەنیا تاوانی مافویستی و ئازادیخوازیی بوو.
جیهادی خومەینی بۆ داگیرکردنی سەر و ماڵی نەتەوەی کورد کە لە خۆراگری و پارێزگاری لە نیشتمانی ناوبانگی گەورەی لە مێژوودا هەیە، نە تەنیا زیانی بە کوردستان گەیاند بەڵ٠Žکو زیانی قەرەبوو نەکراوەی بە دەسەڵاتی ئاخوندان گەیاندو تا ئێستاش ئاخوندان لە کورد و نیشتمانی وەک نەتەوەو مەلبەند و نیشتمانی جێگەی مەترسی بۆ سەرحکومەتەکەیان دەروانن و بەو هێرشە ستەمکارانەیان کارێکیان بە خۆیان کرد کە هەمیشە لە ترس و دڵەراوکێ دا بن. کاتێک نەتەوەی کورد رێگەیەکی بێجگە لە رێگەی بەرخۆدان و بەرەنگاری نەبوو، هێزی پۆڵایینی پێشمەرگە بە هەموو توانا دیفاعیان لە خاک و کەرامەتی نەتەوەکەیان کردو بۆ زەربەدان لە هێزە داگیرکەرەکانی رژێم هەموو رێگەیەکی دروست و رێگەپێدراو و مەشروعیان هەڵبژارد و توانیان لە زۆربەی ناوچەکان زەربەی کاری لە هێزە سەرکوتگەر و داگیرکەرەکانی ڕژێم بدەن و بە چۆکیاندا بێنن.
لە وەها هەلومەرجێکدا ڕژێم لە هەموو ڕێگەیەک بۆ زەربەت دان لە خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە کەڵکی وەردەگرت و بە سەرکوتی بێ بەزییانەی کورد هەوڵی دەدا هێز و توانای خۆی نیشان بداو وا بنوێنێ کە دەتوانێ سەرکەوتن بە دەست بێنێ. بەو مەبەستە هێزی تەیار و پۆشتەی گاردی جاویدان(سپای قودس)یان ناردە کوردستان، لە دوای هێرشی هێزی پاسداران بۆ سەر کوردستان و هاتنی سپای قودس، مامۆستا شێخ جەلالی حوسەینی بە پێچەوانەی هێندێک لایەنی دیکە، پێی وابوو دەبێ سنوورێک بۆ ملهوڕی و پاوانخوازی و جینایەتەکانی رژێمی نوێ دانرێ. بۆیە بڕیاری لێدانی هێزەکانی رژێم بەتاێبەت گاردی جاویدانی داو پێشمەرگە گیان لە سەردەستەکان لە پێچەکانی هەژدەدۆڵان و کەوپێچی نیوان سەردەشت بانە بەریان بە گاردی جاویدان گرت و تا دەروازەی شاری بانە زۆرێک لەو هێزە پۆشتەیان تەفرو توونا کرد و ژمارەیەکیشیان لێ بەدیل گرتن. سەبارەت بە لە ناوچوونی هێزی گاردی جاویدان بەشداربووانی شەڕەکە ئاماژە بە کوژرانی زیاتر لە ·۰۰ کەس لە بەکرێگیراوان و تێکشکاندنی نزیک بە ٨۰ دەزگای ماشین دەکەن، هەر لەو بارەوە رژێم زیانەکانی لەو شەڕەدا ئاماژە بە کوژرانی 500 پاسدار و بەکرێگیراوی خۆی کردوە. بەڵام ئەو سەرکەوتنە بەداخەوە بە خوێنی هەشت کەس لە پێشمەرگە قارەمانەکانی سازمانی خەبات هاتە بەرهەم. کە ناوەکانیان بریتیە لە: شەهیدان حسین حسینی، جەهانگیر مەولانی، حەسەن مەولانی، ئەحمەد ئەحمەدی، کەریم ئەحمەدی، جەلالی محەمەدپوور، رەسوڵ ساڵحزادە و دەروێش ئەحمەد رەسوڵی.
وەک ڕوون و ئاشکرایە کە شەڕی ۱۰ی خەزەڵوەر بووە هۆی رووخانی ورەی هێزەکانی رژێمی داگیرکەری ئێران، بەجۆرێک رێبەری رژێم یانی خومەینی هاتە سەر خەت و رای گەیاند کە (خەڵکی کوردستان دەنگی ئێوەم بیست) و چەند رۆژێک دوای ئەو قارەمانەتیە رژێم داوای ووتووێژی کرد و ئاگربڕی لەگەڵ نەتەوەی کورد، ڕاگەیاند. ئەم قارەمانەتیەی هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات و پاشەکشەی سەرانی رژێم لەلایەک دەستکەوتێکی سەربازی کە هێزە پۆشتەو تەیارەکەی رژێم کە هەڕەشە پێ لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان دەکرد تووشی خەسارەتێکی گەورە ببوو، وە ئەو زەربە بووە هۆی بەرزکردنەوەی ورەی هێزی پێشمەرگە، و لەلایەکی دیکە دەستکەوتێکی سیاسی گرینگ بوو کە رژێم لەو هەموو پاوانخوازی و خۆبینی و کەللەرەقیەی دەینواند مەجبور بە پاشەکشەو ئاگربڕ کرا.
قارەمانەتی و دەستکەوتانەی رۆژی 10ی خەزەڵوەر بەرێژەیەک بەرچاوە کە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، وەک رۆژی پێشمەرگەی خۆی ناودێر کرد و ساڵانە رێز لە قارەمانەتی پێشمەرگەو خوێنی شەهیدانی داستانی کەم وێنەی ۱۰ی خەزەڵوەر دەگرێ. ئەو ساڵ کە ئەو یادە دەکەینەوە هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات لە دوو بەرەدا دژ بە شەوپەرەستان وەستاونەوەو لە لایەک بەردەوامن لە کارو ئەرکە تەشکیلاتی و تەبلیغی و سیاسیەکانی خۆیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەربەرەکانێ رژێمی دواکەوتووی ئێران تێکۆشان و چالاکی دەکاو و لەلایەکی دیکە لە سەنگری پارێزگاری لە هەرێمی کوردستانی عێراق سینگی خۆی کردۆتە مەترێز و دژ بە شەمشەمە کوێرەکانی داعش وەستاونەوەو لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لەو چوارچێوەدا دەوروو نەقشی شۆرشگێڕانەو ئازادیخوازانەی خۆیان گێڕاوە. لە سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ۱۰ی خەزەڵوەر و تێکڕای ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی ئەو داستانە کەم وێنەیان تۆمارکرد و سڵاو درود بۆ ورەی بەرزی ئەو پێشمەرگانەی رێگەو رێبازی شەهیدانی سازمانی خەباتیان گرتووەو لە پێناو سەرخستنی دا بێ هەدادان بۆ پێشەوە هەنگاو دەنێن.