__ لە کامیاران کوڕێک بە دەستی باوکی کوژرا
__ لەشنۆ کەسێک پاش کوشتن و بریندارکردنی بنەماڵەیەک کۆتایی بە ژیانی خۆشی هێناوە
__ مامۆستایەکی کورد لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستگیر کرا
__ زیندانیەکی کورد لە شاری سنە لەسێدارە درا
__ سێناتور و دادستانی ئوکلاهومای ئەمریکا خوازیاری گەمارۆی زیاتر بۆ سەر ئێرانن
__ کوەیت هاوڵاتییەکی ئێرانی بە تاوانی ئەمنیەتی دادگایی دەکات
__ سەرۆکی سوپای پاسداران باس لە سەرەتای جەنگێک دەکات
__ هاوپەیمانان ١٣ هێرشی ئاسمانیی نوێیان کردە سەر داعش
__ باشترین خۆراکە بۆ دابەزاندنی کێش
لە کامیاران کوڕێک بە دەستی باوکی کوژرا
لە شاری کامیارانی سەر بە ئوستانی کوردستان پیاوێک بە چەکی تاپڕ تەقەی لە کوڕە تەمەن ٢٢ ساڵەکەی کردووە و کوشتوویەتی.بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی سێ شەممە رێکەوتی ١٠ ی خەرمانان لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بە ناوی " سامان پەرویزی" بە دەستی باوکی کوژراوە.سەرچاوەیەک باسی لەوە کردووە، بکووژەکە کە ناوی " ئەحمەد پەرویزی" تەمەن ٥٤ ساڵ بووە بە چەکی تاپڕ ئەو تاوانەی ئەنجام داوە.ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەحمەد پاش کوشتنی کوڕەکەی هەڵاتووە و هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە خۆی رادەستی پۆلیس نەکردووە.دەوترێت ئەو بنەماڵەیە دانیشتووی ئاوای " ئەڵک"ی سەر بە کامیاران بوون.لەوڵاتی ئێران خەسارە کۆمەڵایەتییەکان و توندوتیژییەکان هەتا دێت روو لە زیاد بوون دەکات، لەو پێوەندییەدا دامەزراوەی "گالۆپ" لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردبوویەوە کە خەڵکی ئێران و عێراق توندوتیژترین کەسان لە جیهان دان.ئەو دامەزراوە ئاشکراشی کردبوو، خەڵکی ئێران و عێراق زۆر زوو تووشی هەڵچوون و توندوتیژی دەبن.
لەشنۆ کەسێک پاش کوشتن و بریندارکردنی بنەماڵەیەک کۆتایی بە ژیانی خۆشی هێناوە
لەشاری شنۆ پیاوێک بە چەک هێرشی کردووەتە سەر بنەماڵەیەک و پاش کوشتن و بریندار کردنی چوار کەس، کۆتایی بە ژیانی خۆشی هێناوە.ئێوارەی سێ شەممە ریکەوتی ١٠ ی خەرمانان کەسێک بە ناوی " س.ی" چووەتە سەر بنەماڵەی سابیری و دەستڕیژی لە ئەندامانی بنەماڵەکە کردووە و دەستبەجێ ژنێک بە ناوی مونیرە سابیری گیانی لەدەست داوە.لەئەنجامی تەقە کردنەکەکەدا دوو ژنی دیکە کە تەمەنی یەکیان ٥٠ ساڵ بووە، هەروەها منداڵێکی چوار ساڵانیش بەر دەستڕێژییەکە کەوتوون.ژنە تەمەن ٥٠ ساڵ و منداڵەکە بە هۆی قورسی برینەکەیان لەرێگەی نەخۆشخانەی ورمێ گیانیان لەدەست داوە."س.ی"پاش ئەنجامدانی تاوانەکە لە حەوشەی ماڵی " جەعفەر سابیری" خۆشی کوشتووە.باس لەوەش کراوە کە ژنەکەی دیکەش رەوانەی نەخۆشخانەی شاری نەغەدە کراوە.
مامۆستایەکی کورد لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستگیر کرا
مامۆستایەکی کورد بە 8 ساڵ پێشینەی کار لە ئیدارەی پەروەردە رۆژی رابردوو 9ی مانگی خەرمانان لە لیەن مەئمورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستگیر کرا.بە پێی راپۆرتی ناوەندی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان، “عەلی حسێن پەناهی” مامۆستای کورد لە شاری سنە، دوێنێ دووشەممە 9ی مانگی خەرمانان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتعاتەوە لە ماڵەکەی خۆیان لەئاوایی قروچای سەر بە شاری دێگولن دەستگیر و راپێچی شوێنێکی نادیار کرا.سەرچاوەیەک لەوبارەیەوە بە “ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان”ی راگەیاندوە، ناوبراو رۆژی هەینی لە مزگەوتی ئەو ئاواییە دژی حکومەت قسەی کردووە و داوای لە خەڵک کردووە کە لە بەرامبەر هەڵاواردنەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە کوردستانیەکان بێ دەنگ مەبن و بەمبۆنەوە 2 رۆژ دواتر لە لایەن هێزە لیباس شەخسیەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستگیر کرا.شایانی باسە، عەلی حسێن پەناهی پێشتر بە ماوەی 4 ساڵ دێهیاری ئاوایی قروچاای بوو و ئێستاش ناوبراو لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری سنە سەرقاڵی وانە وتنەوەیە.
زیندانیەکی کورد لە شاری سنە لەسێدارە درا
بەرەبەیانی رۆژی سێ شەممە لە زیندانی ناوەندیی سنە لەلایەن دامودەزگەی دادوەری و بەرپرسانی زیندانەوە بەندکراوێکی دیکەی کورد لەسێدارە درا.بەپێی هەواڵی ناوەندی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی سێشەممە 10ی مانگی خەرمانان سزای سێدارەی “سەید زاهید حوسێنی” بەندکراوی کوردی خەڵکی شاری سەقز لە زیندانی ناوەندیی سنە بەڕێوە چووە.ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش داوە ئەو بەندکراوە کوردە بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک سزای سێدارەدانی بۆ بڕاوەتەوە و ماوەی 13 ساڵیش زیندانی کراوە.سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردووەتەوە کە لە رۆژانی رابردوودا بەندکراوێکی دیکەی کوردی خەڵکی شاری شنۆ لە زیندانی خوڕەم ئاوا لە پارێزگای لوڕستان لەسێدارە دراوە و پێنجشەممەی هەفتەی بەرێش بەندکراوێکی دیکەی کورد بەناوی “جەمال جەعفەری” لە زیندانی سنە لەسێدارە درا.شایانی باسە، لە ماوەی کەمتر لە یەک حەفتەدا سێ بەندکراوی کورد لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانی ئێرانەوە لەسێدارە دراون.
سێناتور و دادستانی ئوکلاهومای ئەمریکا خوازیاری گەمارۆی زیاتر بۆ سەر ئێرانن
هێنانەبەرباس و تاوتوێکردنی رێکەوتننامەی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک لە کۆنگرەی ئەمریکا لەگەڵ بەربەست بەرەوڕوو بووتەوە.لەبەرەبەری دەنگدان و خۆ یەکلایکردنەوە سەبارەت بە رێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوایی لەکۆنگرەی ئەمریکا، هەواڵ و زانیارییەکان دەرخەری ئەوەن کە ئەگەری ئەوە هەیە دێمۆکراتەکان پشتیوانی لەو گەڵاڵەیە نەکەن.دانیشتن و تاوتوێ کردنی رێککەوتنامەکە بڕیارە رێکەوتی ٢٦ی خەرمانان بەڕێوە بچێت. لەو بارەیەوە فاکس نیوز بڵاوی کردووەتەوە، هەتا ئێستا "کۆمیتەی میللی دێموکراتەکان" دەنگی لەسەر ئەو رێککەتنامەیە نەداوە و پشتیوانی لێ نەکردووە."دبی وێزرمەن شولتێز"نوێنەری دێموکراتەکان لەئەیالەتی فلۆریدا، پێشی بە تاوتووێکردن و دەرکردنی ئەو بڕیارنامەیە گرتووە.کۆنگرەی ئەمریکا لەحاڵێکدا خۆی بۆ دەنگدان بەمەبەستی رێککەوتنامەی ناوکیی لەگەڵ ئێران ئامادە دەکات کە شایەتی ناڕازای بوونی زۆربەی نوێنەرانی کۆماریخوازەکانین.یەکێک لەسێناتورە کۆماریخوارەکان لەگەڵ دادستانی ئەیالەتی ئۆکالاهوما لە نامەیەکدا، داویان لە ئەیالەتەکانی دیکەی ئەمریکا کردووە، کە بێ گوێ دان بە رێککەوتنامەکان گەمارۆی زیاتر بخەنە سەر ئێران.لەنامە هاوبەشەکەی جێمزئینهوف و ئیسکات پروتدا هاتووە: لە کاتێکدا باراک ئۆباما سەرکۆماری ئەمریکا بۆ خۆ دەربازکردن لە کۆکردنەوەی دەنگ بۆ پەسەندکردنی رێکەوتننامەکە، بەجێگای "پەیمان" ناوی "رێکەوتنی ئیجرایی" لێناوە.لە ئەمریکا ئەیالەتەکان ئەو دەسەڵاتەیان هەیە کە خۆیان سەبارەت بە گەمارۆکان بڕیار بدەن.ئەو بابەتە کە لەرۆژنامەی واڵئەسترێت ژورناڵ بڵاوکراوەتەوە، جارێکی دیکە حکوومەتی ئێرانی بە دروستکردنی چەکی ناوکیی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ تاوانبار کردووە.هەواڵدەریی فارس سەبارەت بە داواکاری ئەو دوو بەرپرسە ئەمریکاییە بڵاوی کرووەتەوە، هەتا ئێستا ٢٥ ئەیالەتی ئەمریکا گەمارۆیان خستووەتە سەر ئێران و بەپێی یاسایەکی ئەو وڵاتە کە بە بە سیسادا (cisada) ناسراوە، ئەگەر ئەیالەتەکان بڕیاری لەسەر گەمارۆ خستنە سەر ئێران کۆ دەنگ بن، ئەوە دەوڵەتی فێدراڵیش ناچارە پشتیوانی لەو کۆدەنگییە بکات.پێشتر، شۆرای ئەمنیەت و یەکیتی ئورووپا بۆ پشتیوانی کردن لە رێکەوتنامەی " ٢٣ی پووشپەر" ئامادەکاریی بۆ هەڵوەشانەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران کردبوو.
کوەیت هاوڵاتییەکی ئێرانی بە تاوانی ئەمنیەتی دادگایی دەکات
دادستانی گشتیی کوەیت 25 هاوڵاتیی کوەیت و هاوڵاتییەکی ئێرانی بە تاوانی جیاجیا لەوانە ئەمنیەتی و گواستنەوەی زانیاریی رەوانەی دادگای تاوانەکان کرد.بە پێی راپۆرتی رۆیتێرز، دادستانی کوەیت لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی کوەیت (کونا) بڵاو کراوەتەوە، رایگەیاندووە: تۆمەتی ئەم کەسانە “ئەنجامدانی کردەوەی دوژمنکارانە بەرامبەر بە دەوڵەتی کوەیت لە رێگای کەڵک وەرگرتن لە چەک و تەقەمەنی و دام و دەزگای گوێ گرتنی نایاسایی بە ئامانجی ئەنجامدانی کردەوەی نایاسایی” راگەیاندووە.بۆ هەموو ئەم کەسانە حوکمی دەستگیرکردنی کاتیی دەرکراوە بەڵام 3 کەسیان تا ئێستا دەستگیر نەکراون.
سەرۆکی سوپای پاسداران باس لە سەرەتای جەنگێک دەکات
یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای ئێران رایگەیاند کە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان تاران و وڵاتانی 5+1 سەرەتا و دەسپێکی جەنگی ئەو وڵاتەیە لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا.محەمەد علی جعفری، سەرۆکی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند کە پەسەندکردنی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە، سەرەتای جەنگی زلهێزەکانە لەگەڵ ئێراندا. ناوبراو لەمبارەیەوە روونکردنەوەی زیاتر دەدات و دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا، لەبارەی بەکارهێنانی چارەسەری سەربازی دژی تاران لەکاتی پابەند نەبوون بە خاڵەکانی ناو رێککەوتنەکەوە، ئاشکرایە کە بە ئاسانی رێگە بە پێشکەوتنەکانی ئێران لەبواری وزەی ئەتۆمدا نادەن".
ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێران، لەزاری ناوبراوە بڵاویکردەوە، کە پێویستە تاران لە داهاتودا بەوردی هەنگاوبنێت و ئاگاداری پلانی دوژمنەکانی بێت، چونکە جەنگی دژ بە ئەمریکا، هێشتا کۆتایی نەهاتووە.
هاوپەیمانان ١٣ هێرشی ئاسمانیی نوێیان کردە سەر داعش
فڕۆکەکانی هاوپەیمانان چەکدارانی داعشیان لە عێراق و سوریا بۆردومان کرد و ١٩ هێرشی ئاسمانیی نوێیان بۆسەر پێگەکانیان ئەنجام دا.بەپێی بەیاننامەیەکی هێزی هاوپەیمانان، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، فڕۆکەکانی هاوپەیمانان ١٣ هێرشی ئاسمانییان لە عێراق و شەش هێرشی تریان لە سوریا ئەنجام داوە.ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆی ئەو هێرشە ئاسمانییانە ١١ هێرشیان لە عێراق لەنزیک بەغدادی، بێجی، حەدیسە، کەسک، موسڵ، ڕومادی و شەنگال ئەنجام دراون.ئەوەش هاتووە، هێرشەکانی سەر سوریاش لەنزیک هول، کۆبانێ و مارع دراون.بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانیشەوە چەندین یەکە و شوێنی شەڕکردنی چەکدارانی داعش کراونەتە ئامانج، لەگەڵ تێکشکاندنی چەند ئۆتۆمبێلێکدا.هێزی هاوپەیمانان لە مانگی ئابی ٢٠ ١٤ەوە هێرشی ئاسمانییان بۆسەر چەکدارانی داعش لە عێراقدا دەستپێکرد و لە مانگی ئەیلولیشدا هێرشەکانیان بۆسەر چەکدارانی داعش لە سوریادا دەستپێکرد.
باشترین خۆراکە بۆ دابەزاندنی کێش
ئەگەر دەتەوێت کێشت داببەزێت ئەوە بێ دودڵی فاسۆلیای ڕەش هەڵبژێرە بۆ دابەزاندنی کێشت .ئەم جۆرەی فاسۆلیا بڕێکی زۆر ڕیشاڵ لەپێکهاتەیدا هەیە و هەستکردن بەتێر بوون زۆر دەکات بۆ ماوەیەکی درێژ .فاسۆلیای ڕەش بڕێکی زۆر پرۆتین لەپێکهاتەیدا هەیە کە هاوشێوەی پرۆتینی گۆشت بۆ جەستە بەسوودە جگە لەوەش چەوری لەپێکهاتەیدا نیە .بۆ خانمانی دوگیان زۆر بەسوودە چونکە بڕی پێویست فۆلیک و کانزای ئاسن بۆ کۆرپەی ناوسکی دایک دابین دەکات کە پێویستە بۆ گەشەی مێشکی منداڵ .