س، کوێستانی
بەلانیکەمەوە بەدرێژایی دووسەد ساڵی ڕابردوو، کوردی دابەشکراوی بەشخوراو بەسەرو ماڵ و ژیان و مەرگیەوە هاتۆتە مەیدان و گۆڕەپانی ڕزگارکردنی خۆی و نیشتمانەکەی لەچنگ داگیرکەری دڵ پڕ لە قین و سەرجەم هەوڵی خۆی وەگەر خستوە بۆ هێشتنەوەی ڕەسەنایەتی و ڕەگەزی کەونارایی و دیرۆکی خۆی شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری و شێخ سەعیدی پیران و شێخ ڕەزا درسیم و شێخ مەحمودی حفیدو شێخ ئەحمەدی بارزان و پێشەوا قازی و...زۆری دیکە، لەو سەروەرانەی کە وەک سەرۆک و پێشەنگ لەمێژوی کوردان دا ڕۆڵێکی کارامەو شوێن دانەرو گرینگ و پڕ لە شانازیان گێراوە لەسەر ئاراستەی بەرەو پێش بردنی ئاستی گەشەپێدانی ژیارو بارو بواری نەتەوەی کورد تا چرکەساتی هەنووکە، سەرەڕای ئەوەش لە دیرۆکی هاوچەرخی کوردو کوردستانیش دا، ناوی کەسایەتی بەرزەناوی پێشڕەوو فەرماندەری وا کەم نین کە بێگومان هەمووکات ئەستێرەی درەوشاوەی ئاسمانی خەباتی ڕەواو مافخوازانەی ئەم گەلە پاڵەوان و قارەمانە بوون و هەن...
بەڵام کێ بێ کەبۆ چرکەیەک ناوی کەسایەتی و سەرۆک و پێشەنگی دەگمەن و بێ وێنەی گۆڕەپانی مافویستی و گەلخوازی کوردان، جەنابی ماموەستا سەیدجەلال حسینی و کوەرە شەهیدەکەی و کوڕە سەرکردەکەی کە ئێستا جێدار و ڕێبواری ڕێگایانە، نەبیستبێ و بەنیشانەی ڕیزو وەفا هەڵنەستابێتە سەر پێ و خولەکێک بێ دەنگی ڕانەگرتبێ و لە بێدەنگی و سکوتەکەی دا بە قوڵی و بە وردی بەناخی ئەو بلیمەتە لەخۆبوردوەی باوکی کوردان دا ڕۆنەچووبێ و بیرئ لە ژیاننامەو دیرۆکی پڕ لە شانازی و جیاوازی ئەو زات و سەرۆکە مەزنەی گەلی کوردان نەکردبێتەوە.
بەڵێ هەروەک ئاماژە کرا ئەگەرچی بەدرێژایی مێژووی کوردو کوردیکا بەتایبەت لەم دو سەدەی دوایی دا زۆر سەرکردە، گیان و ژیانیان بەخشیوە بە ڕێبازی داواکاری ماف و ژیان و خاکی کوردان بەڵام بێ گومان ماموەستا سەید جەلال حسینی و ڕێبازەکەی و سازمانەکەی و تەنانەت بنەماڵە پایەبەرزەکەی شتێکی دیکەن.
ڕون و ئاشکراو حاشاهەڵنەگرە کە قسەکردن لە هەموو مێژووی ژیان و ماموەستایەتی و فێرخوازی بەڕێزیان لەمیانەی گوتارێک و تەنانەت پەڕتووکێکیش دا ناگونجێ و جێی نابێتەوە، بەڵام دەکرێ لەسەر یەک و بەگشتی چەند یان چەندین لایەنی درەوشاوەو زێڕینی ئەو سەرۆکە مەزنەی کوردو کوردستان بۆڵدو بەرجەستە بکەینەوە.دیارە پێویستە ئاماژە بکرێ کە ئەو خاڵ و لایەنانە کە لێرەدا لەسەر کەسایەتی جەنابی ماموەستا ، دەهێنرێنە بەرباس هەمویان خاڵی جیاوازی و بەرزایەتی و مەزنایەتی جەنابیانە لەبەراورد لەگەڵ سەرۆک و ڕێبەرو بەرپرس و فەرماندەکانی دیکەی ڕێبازی کوردخوازی بەتایبەت لە سەدەی بیستەم و تەنانەت لە هەر چوار پارچەی کوردستان دا.
لە ژیان و گیان بوردویی خۆی و سەرجەم ئەندامانی بنەماڵە پایەبەرزەکەیەوە تا بەخشین و چاوپۆشی دڵفراوانانەی لە هەموو ئەو سامانەی کە لە باوک و باپیریەوە بۆی مابۆوە یان بەڕەنجی شانی خۆی دەستەبەری کردبوو، کەچی دواجار لەپێنا کوردایەتی دا پشتی لە دارایی دنیا کردو لەپێناو گەل و نیشتمانەکەی، ڕێگەی چیاو مەتەرێزی خەبات و کوردایەتی گرتە بەرو هاتە گۆڕەپانی چەلەنگی و مەردایەتی.
سووربوون و پێداگری جەنابی ماموەستا لەسەر بێ نرخ و پڕوپووچ کردنی داواکاری فریودەرانەی ڕژیم بۆ بەناو بانگەشەی وتووێژو سازان لەسەر کێشەو مافی کوردو تەنانەت بە بەڵێنی پۆست و پلەو پایەی بەرزو دەسەڵاتی لەڕادەبەدەر، تێگەیشتنی قوڵی
بەڕێزی لە دەرونناسی و سایکۆلۆژیەتی کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان و لەبەرچاوگرتنی ڕوانگەی ئایینی و بەهاو پیرۆزیەکانی
سەرجەم پێکهاتە ئایین زایەکانی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی کە هیچکات نەیانتوانی بەناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە پەلکێشی نێو بازنەی ئەو گروپخوازییانەی بکەن کە دواجار دەکەوتنە نێو بازنەی ئیسلامە سیاسیەکەی ڕژیمی خومەینی یەوە.
دواجاریش و لەپاش کۆچە سەربەرزانەکەشی بە لەدوای خۆی بەجێ هێشتنی بنەماڵەیەکی بەرزو بەڕێزو بەتایبەت کورە خەباتکارو لێهاتوەکەی بەڕێز جەنابی کاک بابەشێخ حسینی وەک جێداری لێوەشاوەو شێلگیری ئەو زاتە مەزنە کە دەکرێ بڵێین لەڕاستی دا قوتابیەکی بەوەج و ڕاستەڕێ و پەروەردەکراوی ڕێبازە تاقانەکەی بەڕێز ماموەستا شێخ جەلال حسینی یەو لەدوای ئەو گەورەپیاوە وەک سەرۆک و فەرماندەیەکی لیهاتوو جیاوازو دیپلۆماتێکی شارەزای سازمان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت لەم قۆناغە دژوارو هەستیارەدا خۆی بەدیار خستوە.
جەنابی ماموەستا سەید جەلال حسینی سەڕەڕای ئەوەی کە لەسەردەمی شای گۆڕبەگۆڕی پەهلەوی لە ئێران بەشێوەی جۆربەجۆر هەر لە خەبات و بەرخۆدان دا بوە، لە سەردەمی دوای زاڵبوونی ئاخوندەکان بەسەر ئێرانیش داو بەتایبەت لەدوای داگیرکرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئەو فاشیستانەوە، ڕۆڵێکی یەکجار گرینگی گێڕا لە ڕاپەڕین بەدژی ڕژیمی پاشایەتی و دواجار خەبات بەدژی ڕژیمی ویلایەتی فەقیه، لەو پێناوەش دا بە سەرو ماڵ هاتە مەیدان و ئامادە نەبوە بۆ چرکەساتێکیش لەو ئامانجەی دا دوودڵ و هیوابڕاو ببی، ئەوە بوو کە لەلایەنی دارایەوە سەرەڕای ئەوەی کە ماڵ و دارایەکی زۆری لە زێدو شارەکەی خۆی بەجێ هێشت بەڵام زۆرجار لە ژیانی خەباتکارانەی دا لە خواردن و پێویستیەکی ئاساییش بێ بەش دەبوو، لەکاتێکدا سەرجەم ماڵ و ژیانەکەی لەلایەن ڕژیمی ئاخوندانەوە دەستی بەسەردا گیراو داگیر کرا.
دەیان جار لەلایەن ڕژیمەوە بروسکەی داوا بۆ وتووێژی بۆ هات کە دیارە بەبێ گومان دەبێ وەک پیلان چاوی لێ بکرێ، بەڵام بەڕێزی تەنانەت بۆ چرکەساتێکیش مۆڵەتی نەدا دوژمن پێی خۆش ببێ، یەکێک لە دیارترین و دیرۆکی ترینی بەڵگەی ئەو ڕاستیەش چەند نامەی خاڵخاڵی دڕندەکارو قەسابەکەی خومەینی یە، کە بەهەموو شێوەیەک هەوڵی دا ماموەستا ڕازی بکا بە خۆبەدەستەوەدان، بەڵام ماموەستا بەوپەڕی دلێری و قارەمانەتیەوە لە وڵامی ئەو قسەی خاڵخاڵی دا کە وتبووی دەستت دەخەمە دەستی ئیمام و کوردستان دەخەمە ژێر دەسەڵاتت وتبووی: ئەی دڕندەی خوێنڕێژ، تۆ ماڵی خۆم بە خۆم دەفرۆشیەوە، تۆو ئیمامەکەت ککێن کە دەتانهەوێ کوردستان بدەنە دەست من، کوردستان ماڵی منە و تۆ داگیرت کردوە، خەڵکی کوردستان لە سەردەمی شا دا ئەو هەموە خزمەتی تۆیان کردو بەزەیان پێدا هات، بەڵام ئێستا تۆ گەڕاویەوەو ڕۆڵەکانی ئەو کوردستانە لە دار دەدەی و خوێنی کورێ کورد دەڕێژی؟!...
لەکاتی گیان بەختکردنی کورە فەرماندەرکەی جەنابی ماموەستا واتە فەرماندەری بەناوبانگ شەهید کاک عەبدولکەریم، ئەگەرچی بێگومان زامێکی بەژان و کارەساتبار بوو بۆ هەموو کوردستان و بە تایبەت بۆ خودی جەنابی ماموەستا، بەڵام هەمیشە شانازی دەکرد کە ئازیزترین و لێوەشاوەترین کوڕەکەی پێشکەشی ڕێبازی ئازادی کوردو کوردستان بوە.
هەمیشە بەشی زۆری کوڕەکانی جەنابی ماموەستا لە جەنگەی شەڕو بەرخۆدان دا ڕوبەڕوی دوژمن دەبوونەوەو لەو پێناوەدا شاخ و دۆڵ و چیای کوردستان نەماوە کە کوڕەکانی جەنابی ماموەستا بەتایبەت شەهید کاک عەبدولکەریم و کاک بابەشێخ قارەمانەتیان لێ نەنواندبێ و خوێنیان نەڕژابێتە سەر خاکەکەی . لەساڵی هەزارو نۆسەدو نەوەدو شەشی زایینی ڕژیمی دڕندەی ئاخوندی لە پیلانێکی ڕەشەکوژانەدا هەوڵی تیرۆری کاک بابەشێخی دا، بەڵام بە کوێری چاوی هەموو دوژمنانی کوردو سازمانی خەبات، ڕژیم سەری لەبەرد دراو ئەوەتا تائێستاش جەنابی کاک بابەشێخی حسینی چەقڵ و دڕکی چاوی دوژمنی کوردو کوردستانەو لە مەیدانی پێشمەرگایەتی و دیپلۆماسی نێونەتەوەیی دا لەوپەڕی چالاکی و لێوەشاوەیی خۆی دایە.
سازمانی خەبات وەک سازمانێکی سیاسی و خەباتگێڕ بە بەڕیوەبەرایەتی و کارگێڕی جەبابی ماموەستا شێخ جەلال حسینی بە درێژایی مێژوو یەکێک لەو لایەن و پارتانە بوە کە ئێستاشی لەگەڵ بێ یەکجار گرینگە بۆ ڕژیمی ئاخوندی لە ئێران و هەر بۆیەش ڕەنگە ئەو ڕژیمە ئەگەر بۆی بلوێ زیاتر لە هەموو لایەنێکی دیکە لە هەوڵی زەبر وەشاندن لەو سازمانەو سەرکردایەتیەکەی دا بێ.
لە سێزدەهەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی سەرکردەی کوردو کوردستان و دامەزرێنەی سازمانی خەبات، جەنابی ماموەستا سەید جەلال حسینی سەری ڕێزو کڕنۆش دادەنوێنین بۆ ڕۆحە پاک و پیرۆزەکەی و پەیمان و بەڵێن لەگەڵ دڵە گەورەو ڕەوشتە بەرزەکانی نوێ دەکەینەوە کە هەردەم جەنگاوەرێکی دڵسۆزو وەفادارو بەئەمەکی ڕێبازەکەی و سەرجەم شەهیدانی سازمانە جیاوازو تاقانەکەی بین و قوتابیەک بێن کە وانەو دەرسەکانی بۆ بەرەی داهاتووی نەتەوەی کورد ڕابگوێزین.
١٤٠ ٢-٤-٢٧