شه‌ممه‌ 

15 گوڵان2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

بۆیادی سێزدەساڵەی کۆچی مامۆستا و رێبەرم

بۆیادی سێزدەساڵەی کۆچی مامۆستا و رێبەرم

رێبەرەکەم!
لە عەسرو ئێوارەی رۆژانی مانگی پووشپەڕدا،پەڕەسێلکە کۆچەریەکان، خۆلە قرخ و دەراوی  کانیاوەکانی شارباژێر لە بناری گمۆ هەڵدەسوون.
دەیانەوێ پڕ بە جنگی ناسکی لاسکی گوڵ ئاسایان لە قوڕە شینکەی زنار و بەر بناری ئەو مەڵبەندە هەڵگرن و، هەموو جارێک  لەسەر گوڕستانەکەی واژە لە گەرمیانی نیشتمانەوە بەروە کوێستان دەفڕن، تا لەوێش دەمیان پڕکەن لە خەنەتیتیلکەی سەر گاشەبەردەکانی ئاربەبا و،بە نمەی ئاوەنگی سەر گوڵە زەردەکانی گۆڕستانی سڵێمان بەگ، ئاوێتەی کەن و بە گوێسوانەی هەر ماڵ و بن هەیوانی هەر مزگەت و حوجرەێکی شاری ،،بەرۆژە،،ی دێرینەوە، هێلانەی ئاوات و خۆزیای ژیانی بی کەسەر و ژانی پێ هەڵبەستن!.                                             
سەروەرەکەم!
ئەوە  سێزدە پووشپەڕە،
پەپوولە باڵ نەخشینەکان،شەرمن شەرمن، بەتاسەوە لە سەر قۆزاخەی گوڵە هێرۆ نە پشکوتوەکان و،مێژوەرد و میلاقەی لە باڵای کێلی سەر گۆڕ ئاڵاوی گۆڕ غەریبان،لە گەرمی مانگی پووشپەڕ دا،لە بەر رێزی بەرزی ناوت،چەندە باڵ سووک و بێ چرپە باڵ لێدەدەن و دەنیشنەوە،بۆ ڕەنگ و بۆنی هەر گوڵێکی دەوری مەزارت،سەردادەخەن، ماچیان دەکەن، دادێنەوە!.                       
ئەی قەندیلی مەندیل بەسەر!،
لەم دەڤەرە،کەڕەواردەی ناو جاڕە گوڵ، چەندە بەدڵ، چینەدەکەن لە خاک و خۆڵ،لەحسرەتی نەبونتدا خاکی وردی گەرم و گرمۆڵ،دەپڕژێننە سەر باڵ و کۆڵ!.  زەردەشامی سەر شەتاوان،لە شۆڕابەی داری بی سەرئاوان،هەڵ دەبەستن لانەی خەمان،لە سەر بەنداو و گوێ چەمان،گشت هەڵوەدا و دەربەدەرن، شینگێڕی کۆچی رێبەرن!.
 بوبلبول ئێستا بە شەرمەوە شین دەگێڕن. 
هێندە بە سۆز نەغمەدەکەن، دەڵێی هونراوەی تۆیان سەدێڕن   
رێ نیشاندەری خەباتم!
 ئەوە سێزدە پووشپەڕە،
دارەبەنی بە تەمەنی ناو نزار و لێڕەواری،هەر گردۆڵکە و سەرکۆساری نیشتمانی کوردەواری، بۆ تیماری زامی کاری کۆچی رێبەری ناوداری، خۆشەویستی گوند و شاری، پڕ بە کۆجیلەی چاوانی،فرمێسکی خەست و شیناوی، دوو دیدەکەی قەتیس ماوی پڕ لێڵاوی، بە روومەتی رووشاوی دا دینەخوار، 
وەک دایکی بەورەی شەهید، لە دڵەوە شین دەگێڕێ بە بێ هاوار!.                                                                         
مامۆستاکەی شۆڕش و خەبات!
 ئەوە سێزدەپووشپەڕە،
گوڵە گەنمی لارە مل و زەرد هەڵگەڕاو،بە پێوەن لەبەر خۆرەتاو،بە شنەی شەماڵی لای عەسران، خۆ ڕادەژێنن بۆ نەمران!.
 دارمازووی سەر گۆڕستانان،شەمامەی رەزی بێستانان،سوێسنەو هەڵاڵەی کوێستانان، وەنەوشەی ناو دارستانان،بێ شنەو بێ ڕەنگ و بۆن،
 ژاکاوی دەستی غەمی تۆن!.
لەم هەوارە چۆڵە بێنازەتدا
منی ،،ڕێبوار،،ی دڵ بە خەم  
وەک کوێستانێکی سەر بەتەم
سەرم تەمە و دڵم پڕخەم
وەک پووشی مانگی پووشپەڕان
بەدەم زریانی ناکامی
لە ناو زەندۆڵ و لاپەڕان
سەر گەردان و  بێ ئۆقرە
پەڕیوە بووم لە هەندەران
تا هەبم ڕێبواری ڕێتم
تۆ سەروەری و،
من ،خاک و خۆڵی بەر پێتم،
تۆسەروەری و ،
من خاک و خۆڵی بەر پێتم

                                        
ک . ح . ڕێبوار

9 مانگ و 2 ڕۆژ و 15 کاتژمێر و 23 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

بۆیادی سێزدەساڵەی کۆچی مامۆستا و رێبەرم

بۆیادی سێزدەساڵەی کۆچی مامۆستا و رێبەرم

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران