فەرمانی جیهادی خومەینی لە دژی خەڵکی کوردستان پێناسەی دەسەڵاتێکی قێزەونە
پەیامی کومیتەی ناوەندی سازمانی خەبات, بەبۆنەی ۲۸ی گەلاوێژ
جەماوەری نیشتمان پەروەر و دژ بە ستەم!
هاونیشتمانیانی خۆڕاگر!
کەس و کاری شەهیدانی ڕێگەی ئازادی!
پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان!
تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی لە سەرانسەری ئێران!
دەسەڵاتی ئاخوندی ئێران لە ماوەی تەمەنی نەگریسی خۆیدا، دەیان جینایەتی دژ بە گەلانی ئێران و بە تایبەت گەلی ستەملێکراوی کورد ئەنجام داوە.
ئەو دەسەڵاتە نامەشروع و دژە مرۆڤە هەر لە ڕۆژانی سەرەتای حوکم کردنیەوە, دەستی دایە ستەم و جینایەت لە ئێران و کوردستاندا و بە فڕۆکە و بۆمب و ناپاڵم هێرشی کردە سەر کوردستان و سەرکوت، زیندانی کردن و ئیعدامی هاونیشتمانیانی کردە ئەرکی سەرەکی ڕۆژانەی.
خومەینی ڕێبەری ڕژیم بە بڕیارو فەرمانی دژی ئینسانی و دژی ئیسلامیەکانی، هەڵوێست و کرداری دژی خەڵک و جینایەتکاری حکومەتەکەی بە تایبەت بەرانبەر گەلی کوردی مافخواز کردە ئەرکی سەرەکی و هەر لەو چوارچێوەدا, لە ۲۸ی گەلاوێژی ساڵی ۱۳۵۸ی هەتاوی, بە تۆمەتی دژی ئیسلام و کافر بوونی میللەتی کورد, هێرشی کردە سەر کوردستان و خەڵکی زوڵم لێکراوی کورد و پاسدارە چەقۆ کێشەکانی و هێزی چەکداری ڕەوانەی شار و گوندەکانی کوردستان کرد و هەروەها جەلادەکانی لەژێر ناوی قازی شەرع ڕەوانەی کوردستان کرد کە هەر چۆن پێیان خۆش بوو خەڵکی کوردستانیان قەتڵ و عام کرد.
لە دوای فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر خەلکی بە زۆرینە موسڵمانی کوردستان جەللاد و مرۆڤ کوژەکانی ڕژیم بە هێرش کردنە سەر ناوچەکانی کوردستان دەیان جینایەتیان خوڵقاند.
سوتاندنی چەندین گوند لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان وەک قارنە, قەڵاتان, وسووکەند, ساروقامیش و چەندین شوێنی دیکەی کوردستان, پیر و لاو و ژن و پیاوی ئەو ناوچانەیان دایەبەر فیشەک و سێدارە و زیندان و بێ سەروشوێن کردنی خەڵک و جینایەتێکی نەبەخشراویان لە خۆیان تۆمار کرد.
هەرچەند کە ئەو هێزە زۆر و بۆرەی دەسەڵاتی خومەینی جەللاد و ئاخوندانی مرۆڤکوژ, شکستێکی مێژووییان لە بەرانبەر خۆڕاگری و لەخۆبوردوویی خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە هێنا, بەڵام داخێکی لەبیر نەکراویان لەسەر دڵی خەڵکی کوردستان دانا.
ئەو هێرشە دڕندانەی دەسەڵاتی ئاخوندی, دەرخەری ناوەرۆک و ماهیەتی ڕەش و قێزەونی دەسەڵاتدارنێک بوو کە سەرکوت و کوشتن و بڕینیان کردە بەردی بناغەی حکومەتەکەیان.
ئەمڕۆ ۴۴ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا تێدەپەڕێ و خەڵکی کوردستان تا ئێستا بینەری خۆڵقاندنی دەیان جینایەتی دیکە لەو دەسەڵاتە بوون. بەڵام سەرەڕای ئەو جینایەت و کارەساتانەی لە کوردستان خوڵقاون, نەتەوەی خەباتکار و خۆڕاگری کورد قەد وازی لە داواکاری مافە ڕەواکانی خۆی نەهێناوەو کۆڵنەدان و بەرخۆدان تا ڕووخانی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە بووەتە هێمای کوردان و کوردستانیان و تێکڕای گەلانی ئێران.
جەماوەری خەباتکار و شۆڕشگێڕی کوردستان!
لە یادی فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر خەڵکی کوردستان جێگەی خۆیەتی درود بنێرین بۆ مقاومەت و خۆڕاگریتان کە ماوەی ۴۴ ساڵە, بە باشی سەلماندتان کە فەرمانی جیهادی خومەینی و جینایەت و ئینسانکوژی کار ناکاتە سەر ورەی بەرزتان. گەلی قارەمانی کورد و تێکڕای دانیشتوانی کوردستان جارێکی دیکە لە شۆڕشی ژینا دا سەلماندیان لە بەرانبەر دیکتاتۆری دەوێستن و کوشتن و زیندانی کردن و شکەنجە کار ناکاتە سەر ورەی بەرزیان. گەلانی ئێران و گەلی کورد هەر وەک چۆن لە ماوەی ۴۴ ساڵی ڕابردودا لە بەرانبەر ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرەدا مقاومەت و خۆڕاگری دەکەن, هەر بەو مقاومەت و گیانبازیە لە ئاکامدا ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە دەڕوخێنن و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئاخوندە دیکتاتۆرەکان دێنن.
خاڵێکی گرینگ لە شۆڕش و خەباتی نەپساوەی گەلی کوردو گەلانی دیکەی ئێران ئەوەیە کە ئافرەتان زیاتر لە ڕابردوو هاتوونە مەیدانی شۆڕشی ڕزگاریخوازی و ئازادیخوزای. بە تایبەت لە دوای شەهیدکرانی ژینا ئەمینی, بە پێشەنگایەتی ژنانی ئازادیخواز, لە کوردستانەوە شۆڕشێکیان دەستپێکرد کە چۆکی بەو ڕژیمە دا و لە لایەن هەموو ئازادیخوازنی جیهانەوە پشتیوانی لێوە کرا.
شۆڕشی ژینا بە باشی نیشانی دا کە ئیرادەی خەڵک بۆ گەیشتن بە ویست و داخوازەکانیان هیچ کات لەبن نایەت و دەسەڵاتی سەرکوتکەر لە ئێران وێڕای هەموو ئەو جینایەتانە کە کردوویەتی و دەیکات، تەمەنی نەگریسی لە کۆتایی دایەو ئێستاش لە لێوارەی ڕووخانە. ئەزموونی ۴۵ ساڵەی شۆڕشی خەڵکی کوردستان بە ڕوونی ئەوەی ئاشکرا کردووە کە دەسەڵاتی چەقبەستووی ئاخوندی هیچ جێگەیەک و مەشروعیەتێکی لەو وڵاتەدا نییەو چارەنووسی وەک ڕژیمی گۆڕکراوی پاشایەتی لێ دێت و بەم زوانە خەڵک دەتوانن ئاڵای ئازادی و دیموکراسی لە وڵاتەکەیاندا هەڵبکەن.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران جارێکی دیکەو لە یادی ۴۴ ساڵەی فەرمانی ناڕەوای جیهاد دژ بە خەڵکی چەوساوەی کوردستان, ئەو کردەوە دژە ئینسانییە مەحکوم دەکاو ڕایدەگەێنێ نە جینایەتکاریەکانی دەسەڵاتی ئاخوندی و دەست و پێوەندەکانی دەبەخشین و نە هیچ کات لە بیرمان دەچێتەوە.
بڕوخێ دەسەڵاتی دیکتاتۆر و خوێنڕێژی ئاخوندی
سەرکەوێ بزوتنەوەی ئازادیخوازی لە کوردستان و ئێران
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی
۲۷ی گەلاوێژی ۱۴۰۲ی کۆچی خۆری