بەپێی هەواڵەکان رۆژی دوو شەممە 31ی ئۆکتۆبری 2016، دادگای فیدراڵی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی سزای زیندانی بۆ ٧ سیخوڕی ڕێکخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان دەرکرد.
تەلەڤیزیۆنی ئەلعەرەبیە لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند، ئەو حەوت کەسە بریتین لە ٣ لوبنانی، ٢ ئیماراتی، کاناداییەکی بە ڕەچەڵەک میسری و عێراقییەک.
دادگای بەرزی فیدراڵی ئیمارات، عەلی (ح.ع.س) هاوڵاتیی ئیماراتیی بە هۆی دانی زانیاری بە یەکێک لە بەکرێگیراوانی حیزبوڵلای لوبنان، بە زیندانی هەتاهەتایی سزا دا.
داداگی فیدراڵی ئیمارات هەروەها عەلی (ح.ع.س) خاوەنی ڕەگەزنامەی ئیماراتیی بەهۆی ئەندامەتی لە شانەیەکی نهێنیی سەر بە حیزبوڵڵا و گرتنی وێنە لە بینا حکوومەتییە هەستیارەکانی ئیمارات و ناردنی بۆ ڕێکخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵلای لوبنان، بە دە ساڵ زیندان سزا دا.
ئەو دادگایە هەروەها سزای ١٠ ساڵ زیندانی بۆ کەسێکی دیکە بە ناوی عەلی (ف.ئا.ج) خاوەنی ڕەگەزنامەی کانادایی دەرکرد کە تۆمەتبار بوو بە وێنەگرتن لە دامەزراوە نەوتییەکان و ناردنی وینەی هێندێک ناوچەی هەستیاری حکوومەتیی دیکە بۆ بەکرێگیراوانی حیزبوڵلای لوبنان.
دادگا هەروەها سزای ١٥ ساڵ زیندانی بۆ عەلی (س.س.ع) و عەلی (ئا.ع.م) دیاری کرد.
ڕێکخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵلای لوبنان یەکێک لە تاقمەکانی سەر بە سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانە کە بەشێکی بەرچاو لە چالاکییە تیرۆریستی و تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچە و جیهاندا لە ڕێگەی ئەو ڕێکخراوەوە جێبەجێ دەکرێت.