سێ هاوەڵاتی کورد لە ورمێ لە سێدارە درا
چالاکێکی ژینگەپارێز لە مەریوان دەستگیرکرا
لاوێکی سەقزی لەلایەن هێزەکانی رژیم دەستگیر و شکەنجە کراوە
کوژرانی کۆڵبەریکی دیکە بە دەستی هێزەکانی ڕێژیم
سێ هاوەڵاتی کورد لە ورمێ لە سێدارە درا
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵەکان، سەر لەبەیانی چوارشەممە ١٢ی خەزەڵوەری 1395، سێ هاوەڵاتی کورد بە ناوەکانی ” دەروێش مونەزەمی”، “فەرهاد ئەحمەدی” و “شوعەیب حاتەمی” لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ لەسێدارە دران.
ئەو سێ بەندکراوە بە تۆمەتی “کڕین و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان” لەلایەن دەزگای دادوەری ڕێژیمی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.
دەروێش مونەزەمی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی دەستگیرکراو لەو کاتەوە هەتا ئێستا لە بەندیخانەی ورمێ ڕاگیراوە.
چالاکێکی ژینگەپارێز لە مەریوان دەستگیرکرا
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕ هەنگاو، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی خەزەڵوەر، “شەریف باجوور” یەکێک لەچالاکانی ژینگەپارێزی مەریوان لەلایەن هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.
شەریف باجوور کە لە دێی دزڵی دەستگیرکراوە، بەمەبەستی پشتیوانی لە مافی ئاژەڵەکان و بە دروشمی ” لە گەڵ مێهرەبانی ژیان بەسەر بەین” رۆژی ڕابردوو مانگرتن لە خواردن و ڕێپێوانی خۆی لە مەریوانەوە بۆ سەلاسی باوەجانی ڕاگەیاندبوو.
ئەو هەوڵە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە توندوتیژی دژ بە ئاژەڵەکان و بۆ پشتگیری لەو ٧ بێچووە سەگەی ئەنجام دراوە کە چەند رۆژ پێش ئێستا دایکەکەیان بەدەستی مرۆڤەکان کوژرابوو و وێنەکەیان لە ماڵپەڕە کۆمەلایەتییەکان بڵاو بووە و بڕیار بوو لە مەریوانەوە هەتا سەلاسی باوەجانی لەپارێزگای کرماشان درێژەی هەبێت.
لاوێکی سەقزی لەلایەن هێزەکانی رژیم دەستگیر و شکەنجە کراوە
بەپێی هەواڵەکان رۆژی سێ شەممە 4ی خەزەڵوەری 1395، لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی سەقز بە ناوی هێمن ساڵحی کوڕی ڕەحمان لەلایەن هێزەکانی سەرکوتگەری ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستگیر و شکەنجە کراوە.
ئەو هێزە سەرکوتگەرانە تۆمەتی ” ناردنی ئیمەیل بۆ ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی رێژیمی ئێرانی”یان خستووەتە پاڵ ئەو لاوە کوردە.
هێمن ساڵحی پاش حەفتەیەک و رۆژی سێشەممە ١١ی خەزەڵوەر ئازاد کرا.
کوژرانی کۆڵبەریکی دیکە بە دەستی هێزەکانی ڕێژیم
ئێوارەی رۆژی سێ شەممە ١١ی خەزەڵوەری 1395، کۆڵبەرێکی کورد بەناوی “عوسمان عەزیزی” کوڕی کەریم لە دۆڵەبی ناوچەی سەردەشت بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی ریژیم گیانی لە دەست دا.
بە هۆی نەبونی دەرەتانی کار، هەژاری و دەستکورتی ناوبراو ڕووی لە پیشەی پڕ مەترسی کۆڵبەری کردبوو و “قوماش”ی دەگوێزایەوە.