خەباتمیدیا: ڕۆبێرتا مێتسولا سەرۆکی پاڕلەمانی ئورووپا لە وتەكانی ڕۆژی دووشەممەی خۆیدا لە ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی، وتی: ئەم حەوتوویە ٢٥ی خەرمانان (١٦ی سپتامبەر)، ساڵڕۆژی شەهید کرانی مەهسا ئەمینی لە ئێرانە. دیسان وەبیرتان دەهێنمەوە کە پارڵەمانی ئورووپا بە شانازییەوە لە پاڵ ئەو ژن و پیاوە ئازا و بوێرانەدا وەستاوە کە بۆ یەکسانی و کەرامەتی ئینسانی و ئازادی لە ئێران ڕاوەستاون. وە هەروەها لەگەڵ ئەوانەی کە مۆمی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییان تەنانەت لە نێو زیندانیشدا بە درەوشاوەیی هێشتەوە.
ناوبراو زیادی کرد: نەرگس محەممەدی، بەهارە هیدایەت، نەسرین جەوادی، گۆلڕۆخ ئێرانی، سپیدە قولیان، و چەندانی تر. هەروەها بە توندی ئیدانەی بارمتەگرتنی هاووڵاتیانی ئورووپایی و هاووڵاتیانی خاوەن دوو ڕەگەزنامە دەکەین و بەم شێوەیە داوای ئازادکردنی یۆهان فلۆدروس و پرۆفیسۆر ئەحمەدڕەزا جەلالی دەکەین.