رۆژی هەینی، ١٥ی سێپتامبەری 2023، ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمیتەی نۆروێژی سازمانی خەبات بەشدارییان کرد لە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەبۆنەی ساڵڕۆژی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی، کۆشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی بەلوچستان، گرتن، شکەنجە و له سێدارەدانی لاوان کە لە لایەن ئاکسیۆنی هاوبەشی سازمان و رێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانی و ئێران لە بەردەم باڵوێزخانەی رژێمی ئاخوندی ئێران لە شاری ئۆسڵۆی پایتەختی نۆروێژ ڕێکخرابوو. لە گردبوونەوەکەدا بەرێز عەبدووڵا قادری، بەرپرسی کۆمیتەی نۆروێژی سازمانی خەبات پەیامی گشتی ئاکسیۆنەکەی بە زمانی کوردی پێشکەش کرد. لە ووتارەکەدا، کاک عەبدووڵا رایگەیاند کە شەهیدکردنی ژینا بووە هۆی ڕاپەڕینی جەماوەر، کە لە درێژەی پرۆسەکەیدا بوو بە شۆڕشی سەراسەری شۆڕشگێڕانە، بە چەشنێک کە هەموو پێکهاتەکانی رژێمی ئاخوندی کردە ئامانج و کۆڵەکەکانی ئەو ڕژیمەی بنکۆڵ کرد. هەر ئەو ڕاپەڕینە بەچەشنێک بوو کە ناوی ژینا ئەمینی کردە هێمای بەرخودان و ئاخێزێکی بنەڕەتی لە کوردستان و ئێراندا. لە درێژەی پەیامەکەی ئاکسیۆنەکە ئاماژە بەوە درا کە ڕێکخەرانی ئەم ئاکسیۆنە لە یەکەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، یادی هەموو گیانبەختکردوان ئەکەینەوە و ڕێز لە فیداکاری ولە خۆبردوییەکانی کەس و کاری شەهیدان وزیندانیانی سیاسی ئەگرین. ئێمە سڵاو ئەنێرین بۆ بنەماڵەی شەهیدان کە بەردەوام لە ژێر زەخت و گوشاری رێژێمی ئاخوندیدا بوون، ڕێز دەگرین لە قارەمانێتی و فیداکاری ڕۆڵەکانی نیشتمانمان کە لە بەندیخانەکانی رژێمدا خۆڕاگرانە ڕاوەستاون. ئیرادەی تێکۆشەرانی ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییە سەراسەرییە لای ئێمە جێگای ڕێز و پێزانینە. هەروەها داوا لە هەموو ئازادیخوازان ئەکەین لە هەرشوێنێک هەن، بە هەر شێوازێک کە بۆیان ئەگونجێت وێڕای پشتیوانی لە خەباتی خەڵک، بەشداری چالاکییەجەماوەرییەکان بن. لە درێژەی گربوونەوەکەدا بەشداربووان بە دروشمی شۆڕشگێڕانەی پڕ جۆش و خرۆشی ژن، ژیان، ئازادی، مەرگ و نەمان بۆ رژیمی ئاخوندی کۆبوونەوەکەیان گەرم و گوڕترکرد. شایەنی زانینە کە ئاکسیۆنی هاوبەشی پشتگیری لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن سازمان و لایەنە کوردستانی و ئێرانی پێکهێندرا. ڕێکخەرانی ئەم ئاکسیۆنە بریتین لە: کۆمیتەی نۆروێژی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران یەکێتی دیموکراتیکی کوردستان ڕێکخراوی دیموکراتیکی یارسان حزبی خەڵکی بەلووچستان حزبی چەپی ئێران کۆمیتەی ئێرانی نۆروێژی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران