خەڵکی مافخوازو ئازادیخوازی کوردستان!
ئەمڕۆ شەممە، ٢٥ی خەرمانان ئێوەی خەڵکی سەربەرز و شۆڕشگێڕی کوردستان لە ورمێ، شنۆ، پیرانشار، ڕەبەت، سەردەشت، مەهاباد، بۆکان و سەقزەوە تا دەگاتە بانە، مەریوان، سنە، کامیاران، ڕوانسەر، دێولان، دیواندەرە، بیجاڕ، پاوە، کرماشان، ئیلام و کەنگاوەر بەگەرمی بە مانگرتنەکەتان بەپیل بانگەوازی شەش حیزبی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە چوون.
ئێوەی خەڵکی خەباتکاری کوردستان سەرەڕای میلیتاریزەکردنی پتری کوردستان و کۆی گوشار و هەڕەشەکانی ناوەندە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم و هەموو ئەو ڕێکارە ئەمنیەتییانەی بۆ خنکاندنی دەنگ و هەناسەتان گرتبوویانە بەر، جارێکی دیکە بە مانگرتنی بەربڵاو و داخستنی دووکان و بازاڕەکان لە شار و شارەدێیەکان وێڕای مەحکوومکردنەوەی کوشتنی ژینا ئەمینی و تاوانەکانی دیکەی ڕێژیم لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی) لە یەکساڵی ڕابردوودا، هاوکات جینایەتەکانی پتر لە چوار دەیە دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیم دەرحەق بە خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە سیاسیی کوردستان ڕیسوا کردەوە. ئێوە لەو مانگرتنەدا جارێکی دیکە یەکگرتووانە پەیامی خۆڕاگری و هاوخەباتیی خۆتان بەگوێی کۆماری ئیسلامیدا دادایەوە و هاوکات پشتیوانی و پشتگیریتان بۆ داوای حیزبە سیاسییەکانتان دووپات کردەوە. بۆیە ئێمە، ئەو شەش حیزب و لایەنە سیاسییەی بانگەوازی مانگرتنەکەمان ڕاگەیاندبوو، ئهمهگناسیی خۆمان له بهرانبهر ههڵوێست و ئیرادهی بەرز و هەرگیز نەچەماوی ئێوەدا ڕادهگهیهنین و ئەو دەسکەوتە سیاسییە نوێیە دەیکەینە سەرمایەیەکی بەنرخ بۆ پهرهپێدانی خهباتی جهماوهری و یهکڕیزیی کۆمهڵگهی سیاسیی کوردستان.
هەڵوێستی سیاسی و مانگرتنەکەی ئێوە کە دیسانەکە پێداگری لەسەر "نا"گوتنەوەکان بە کۆماری ئیسلامی و خاوەندارەتیتان لە پرسی سیاسیی ڕەوای گەلەکەمان بوو، جارێکی دیکە پێشانی دا کە پلان و پیلانەکانی دوژمن چەند زۆریش بن نەک هەنگاوی خەبات و بەرخۆدانی پێ شل نەکردووین، بگرە لەسەر ئیمان بە ڕەوایی خەباتەکەمان سوورتری کردووین و لە ئێستادا ئیرادەی سەرکەوتنمان لە هەموو کاتێک بەهێزترە.
ئەو هەڵوێستە سیاسییە مانادارەی ئێوە جارێکی دیکە سەلماندی کە سەرکوتی خوێناوی، گرتن و ئەشکەنجە، ئێعدام و سێدارە، تێرۆر و مووشەکباران ناتوانن ئیرادەی نەتەوەی کورد بۆ بەردەوامی لە خەبات و تێکۆشان هەتا دەستەبەری مافە ڕەوا و دێموکراتیکەکانیان بەچۆک دابێنن.
ئەو مانگرتنە جارێکی دیکە پێشانیداکە کوردستانی یەکگر و یەکڕیز هەروەها سەنگەری لەشکاننەهاتووی خەبات بۆ ئازادییە و بزووتنەوەی سیاسیی کورد هەڵگری ڕەسالەتێکی مێژووییە و هەتا وەدیهێنانی ئامانجە بەرزە مرۆییەکانی لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبێت.
سڵاو لە ئیرادەی بەرز و خەباتگێڕانەتان
سڵاو لە ئەرکوەخۆگری و خۆڕاگریتان
- حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
- کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
- پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)
- سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
- پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)
- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی
(١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٣)