سێ چالاکی ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان هێشتا دەستبەسەرن
کوژرانی کۆڵبەرێکی دیکەی کورد
ئەگەری لەسێدارەدانی 14 بەندکراو لە بەندیخانەی قوروە
سێ چالاکی ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان هێشتا دەستبەسەرن
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی موکریان، گرووپێکی سایبیری یەکێک لە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە سەقز، لەماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٣٠ کەس لە بەڕێوەبەران و ئەندامانی کەناڵە تێلێگرامییەکانی ئەو شارەیان بە هۆکاری لایەنگری لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسینی ریژیم بانگهێشت کردووە.
لە ڕاپۆرتێکدا هاتووە کە زۆربەی ئەو کەسانە پاش بانگهێشتکران و وەرگرتنی بەڵێنی نووسراوە ئازاد کراون، بەڵام سێ کەسیان بەناوەکانی “غەریب شەریفزادە”، ” کامڵ شەریفزادە” و “هیوا دەستباز” هێشتا دەستبەسەرن و لە بەندیخانە ڕاگیراون.
چالاکانی ئەو ناوچەیە لەسەر ئەو بڕوایەدان کە کەسانێک بە ناسنامەی نادیار چوونەتە نیو ئەو کەناڵانە و وێنەیان لە کۆمێنت و ئەندامانی کەناڵەکان کێشاوە و دواتر ئەو لیستەیان ڕادەستی ناوەندە سەرکوتگەرەکان کردووە کە وەکوو بەڵگە دژ بەو چالاکانەیان بەکار بێنن.
کوژرانی کۆڵبەرێکی دیکەی کورد
بەپێی ڕاپۆرتەکان ڕۆژی سێ شەممە ١١ی خەزەڵوەر ١٣٩٥ی خۆری، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بەناوی عوسمان حوسێنی خەڵکی دێی مەکڵاوەی ناوچەی رەبەت، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئێران لە سنووری سەردەشت گیانی دا.
هەر لە هەمان ڕۆژدا، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی عوسمان عەزیزی، کوڕی کەریم، دانیشتووی دەرماناوێ و باوکی دوو منداڵ کە هاوژینی ژنێکی تووشبوو بە شێرپەنجە بوو، لە سنووری سەردەشت تەقەی لێکراوە و گیانی لەدەست داوە.
بەهۆی بێکاری و هەژاری لە کوردستاندا هاووڵاتییانی کورد ناچار دەبن ڕوو بکەنە پیشەی کۆڵبەری و سینگیان بکەنە قەڵغانی گولـلەی هێزە داگیرکەرەکانی ڕژیمی ئێران تاوەکوو بتوانن بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان دابین بکەن.
ئەگەری لەسێدارەدانی 14 بەندکراو لە بەندیخانەی قوروە
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، بەندیخانەی قوروە کە سەرجەم ٤٧ بەندکراوی مەحکووم بە ئیعدامی لێیە، ١٤کەسیان سزاکانیان لەلایەن دەزگای دادوەریی رژێمەوە یەکلایی بووەتەوە و چاوەڕێی بەرێوەچوونی حوکمەکانیان دەکەن.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە داوە کە سزای سێدارەی ئەو ١٤بەندکراوە کوردە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی رژیمەوە پشتڕاست و یەکلایی بووەتەوە چاوەڕێی بەڕێوەچوونی حوکمی سێدارە دەکەن.
ناوی ئەو بەندکراوە کوردانە بریتییە لە:
١- ڕەزا سەمەدی، خەڵکی دێولان بە سزای (کوشتن)
٢ – فایەق ڕەشیدی، سەردەشت (ماددە هۆشبەرەکان)
٣ – ڕەسووڵ حەیدەری، خەڵکی قوروە، (کوشتن)
٤ – سوهراب ڕەمەزانی، خەڵکی قوروە، (کوشتن)
٥- هاشم قەرەقزلوو، خەڵکی قوروە، (مادە هۆشبەرەکان)
٦ – حەسەن کازم لوو، خەڵکی قوروە، (مادە هۆشبەرەکان)
٧ – بابەک حەسەنزادە، خەڵکی سەردەشت (مادە هۆشبەرەکان)
٨ – ئیمان لەشکری، خەڵکی دێگولان، (کوشتن)
٩ – حوسێن دەروێش کوچەکی، خەڵکی دێگولان (کوشتن)
١٠ – سەعید زارعی، خەڵکی ئەبهەر، (کوشتن)
١١ – ڕەزا پەروانە، خەڵکی هەمەدان (ماددە هۆشبەرەکان)
١٢ – فەرەج ئەمیری قزلە، خەڵکی قوروە (ماددە هۆشبەرەکان)
١٣ – کوورش ڕەزاییپوور، (ماددە هۆشبەرەکان)
١٤ – زەینەب شاحوسێنی (ماددە هۆشبەرەکان)
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە “کوورش ڕەزاییپوور و زەینەب شاحوسێنی” ژن و مێردن و نزیکەی ٥ ساڵ لەوهپێش بە تۆمەتی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر و پیشتر لە زیندانی هەمەدا بوون و دوایی گوێزراونەتەوە بۆ زیندانی قوروە.