(پەیامی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ساڵوەگەڕی هەینیی خوێناویی زاهیدان)
خەڵکی خەباتکار و چەوساوەی بەلووچستان
گەلانی ئازادیخوازی ئێران!
یەکێک لە دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا دەرخستنی هەرچی زیاتری هاوچارەنووسیی نەتەوەکانی ئێران و لە ئەنجامدا پێویستیی هاوپەیوەندی و هاوخەباتیی زیاتری ئەو نەتەوانە لەگەڵ یەکتری بووە؛ کە بەرچاوترینیشیان پشتیوانیی نەتەوەی بەلووچ لە ڕاپەڕین و بەرخۆدانی خەڵكی کوردستان بووە کە لە پشتیوانیی ئەم دوایەی گەلی بلوچستان لە راپەڕینی گەلی كورد، جینایەت و كۆمەڵكوژی هاونیشتمانیانی بلوچ لە لایەن هێزە سەركوتگەرەكانی رژیمی لە هەینیی خوێناویی لێ کەوتەوەوە.
ڕۆژی ٨ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی, خەڵکی زاهیدان بۆ نارەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و هەروەها کاردانەوە بە دەستدرێژیی فەرماندەیەکی هیزی ئینتزامیی ڕژیمی ئێران بۆ سەر کچۆڵەیەکی تەمەن ١٥ ساڵی بەلووچ، بە شێوەیەکی تەواو مەدەنی و بەدوور لە توندوتیژی، خۆپێشاندانیان کرد. بەڵام خۆپێشاندانی مەدەنییانەی ئەوان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیمەوە بە فیشەک وەڵامی درایەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە ۱۰۰ خۆپێشاندەری بەلووچ کە منداڵیشیان لەنێودا بوو، شەهید بوون و دەیان کەسیش بریندار بوون و ئەم ڕۆژە بە هەینیی خوێناویی زاهیدان ناوبانگی دەرکرد.
بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان لە بەلووچستان لە یەکساڵی ڕابردوودا سەلماندویەتی کە ئەو سەرکوتە خوێناوییەش نەیتوانیوە دەنگی مافخوازانەی نەتەوەی بەلووچ کپ بکات و ئەم ناڕەزایەتینانە بەدرێژایی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ۵۰ هەینیی دیکەش بەردەوام بوون و لەو ماوەیەدا زۆرترین شەهید و قوربانییان لە ئاستی نەتەوەكانی دیكەی ئێراندا هەبووە.
ڕووداوەکانی کوردستان، زاهیدان و هەروەها کوشتاری خەڵک لە گیلان و مازەندەران و خووزستان و ناوچەکانی دیکەی ئیران جارێکی دیکەش سەلماندیەوە کە پڕۆژەی دروستکردنی نەتەوەی غاڵب کە زیاتر لە ١٠٠ ساڵە لە هەردوو دەسەڵاتی پاشەیەتیی پەهلەوی و رژیمی ئاخوندی، لەسەر بنەمای سڕینەوەی شۆناسی نەتەوەیی و تواندنەوەی زمانی و کولتووریی نەتەوە و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی ئەم وڵاتە، پڕۆژەیەکی شکستخواردووە. چونکە سەرەڕای تێچوویەکی زۆری ماددی و گیانی و پلانێکی سەد ساڵە بۆ یەکدەستکردنی نەتەوەکانی ئێران لە ڕێگای پەروەردە و پەرەپێدانی یەک زمان لە قوتابخانەکان و ڕاگەیاندنە گشتییەکان و دروستکردنی مێژووی ساختە و سڕینەوەی مێژووی نەتەوە ژێردەستەکان و نکۆڵیکردن لە جیاوازییەکان و سەرکوتی زمان و کولتووریان، ئەم نەتەوانە هەر زیندوون و شەپۆلی شوناسخوازی و داواکردنی مافە نەتەوەییەکانیان ئێستا لە هەموو کاتێک بەگوڕتر و بەهێزترە.
دەسەڵاتدارانی ئێران لە سەد ساڵی ڕابردوودا جیا لە سیاسەتی تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆنی نەتەوەکانی ئێران، سیاسەتی دووبەرەکینانەوەی لەنێو ئەو نەتەوانەدا پەیڕەو کردووە و هاوکات هەموو هەوڵیان ئەوە بووە ڕوخسارێکی ناشیرین و دواکەوتووانە و خێڵەکی و بەدوور لە هەر جۆرە شارستانییەت و پێشکەوتن و پێشکەوتنخوازی و مەدەنییەتێک لە نەتەوەکانی ئێرانیدا، بە تایبەت لە دوو نەتەوەی کورد و بەلووچ نیشان بدەن. بەڵام شۆڕشی ژینا (ژن، ژیان ئازادی) شۆڕشی پەراوێزی ژێردەستەکراو لەدژی پاوانخوازیی ناوەندێکی سەرکوتکەر بوو. شۆڕشێک بوو جارێکی دیکە شانازی بە شوناسی نەتەوەیی لەنێو نەتەوەکانی ئێراندا پەرە پێدا و ئەو ڕوخسارە دزێو و ناشیرینەشی کە حکوومەتەکانی ئیران لە نەتەوەکانیان دروست کردبوو بەیەکجاری لە مێشکی زۆرینەی خەڵکی ئیراندا سڕیاوە و ڕوخسارێکی ئازادیخوازانەی تێکەڵ بە خۆنەویستی و فیداکاریی لەم نەتەوانەی نیشان دا. هەر بۆیە نەتەوەکانی ئیران و بە تایبەتیش کورد و بەلووچ ، جیا لەوەی ڕۆڵی سەرەکییان لەم شۆڕشەدا گێڕا و زۆرترین قوربانیشیان بۆ دا، دیمەنێکی جوان و شیاوی لێفێربوونیان لە پشتیوانی و هاودەنگی و هاوخەباتیی نەتەوەکانی ئێران نیشان دایەوە. لەم نێوەدا پشتیوانیی بەردەوامی نەتەوەی بەلووچ لە نەتەوەی کورد، لاپەڕەیەکی درەوشاوەی ئەو هاوپشتی و هاوخەباتییەیە کە بەدڵنیاییەوە لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە بە ئەمەگدارییەوە سەیری دەکرێ و بەرز دەنرخێندرێ.
بزووتنەوەی سیاسیی کورد بە درێژاییی مێژووی خۆی باوەڕی وا بووە، بەبێ هاودەنگی و هاوخەباتیی هەموو نەتەوەکانی ئێران، لەنێوبردنی دیکتاتۆری و پاوانخوازی و دابینکردنی مافی نەتەوەیی مسۆگەر نابێت، هەربۆیە هەموو کات هەوڵی بۆ هاوپەیمانی و هاوخەباتیی حیزب و لایەنە ئازادیخواز و دێموکراتخوازەکانی نەتەوەکانی ئێران داوە و پشتیوانی یەكڕیزی و هاودەنگیی خەباتی نەتەوەکان لە نێوخۆی ئێرانیشدا بووە.لە یەکەم ساڵوەگەڕی هەینیی خوێناویی زاهیداندا، جارێکی دیکە پێ داگری لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و هاوخەباتی لە نێوان نەتەوەکانی ئێراندا دەکەینەوە یادی شەهیدانی هەینیی خوێناویی زاهیدان و هەموو شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی بەرز ڕادەگرین. پێداگریی دەکەینەوە تەنیا بە هاوخەباتی و پشتیوانیی نەتەوەکانی ئێران و یەکخستنی وزەی خەباتگیڕییان بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندی و هێنانەسەرکاری حکوومەتێکی دێموکراتیک دەتوانێ کۆتایی بە سیاسەتی هەڵاواردن بهێنێ و ئاسەوارەکانی سەدەیەک سیاسەتی سەرکوت بسڕێتەوە.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران - کومیتەی ناوەندی