ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز, سەبارەت بە ناڕوونی چارەنوسی ئازاد ئەمینی ڕاگەیندراوێکی بڵاو کردەوە و تێدا نوسیویەتی: ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئازاد ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە گیراوە و بۆ ئیتلاعاتی ترۆریستی ڕژیم لە شاری سەقز ڕاگوێزراوە.
بە وتەی ئیدارەی ترۆریستی ئیتلاعات لە سەقز، ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان ئازاد ئەمینی ڕەوانەی ئیدارەی ترۆریستی ئیتلاعات لە سنە کراوە, کە تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز ڕایگەیاندووە، ئازاد ئەمینی ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجومەن، یەک لەو دەگمەن چالاک و دڵسۆزانەی کۆمەڵگەیە کە بەشێک لە ژیانی خۆی بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر و دوور لە توندوتیژی و بەتایبەت ڕازاندنەوەی ژینگەیەکی خاوێن و دوور لە سووتان و کاولکاری تەرخان کردووە.
لە کۆتایی ئەو ڕاگەیەندراوەدا ئەندامانی ئەنجومەن داوایان لە دەزگای داد و شوێنە ئەمنییەکان كردووە کۆتایی بە بەندکرانی ناوبراو و هەموو ئەو کەسانەی کە لەسەر قسە و ڕاپۆڕتی بێ بنەما و بێ بەڵگە گیراون، بێنن و ڕێز لە مافی یاسایی و بنەڕەتییان بگرن.