پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

به‌شداری کومیته‌ی ئه‌ڵمان له‌ کۆنفڕانسی یه‌که‌مین ساڵیادی شه‌هیدکرانی ژینا ئه‌مینی له‌شاری کۆلن

 به‌شداری کومیته‌ی ئه‌ڵمان له‌ کۆنفڕانسی یه‌که‌مین ساڵیادی شه‌هیدکرانی ژینا ئه‌مینی له‌شاری کۆلن
ناوه‌ندی خه‌به‌ر

به شداری کومیته ی ئاڵمانیای سازمانی خه باتی کوردستان ئیران   له کونفرانسی،  یه که مین  ساڵیادی شه‌هیدکردنی ژینا ئه مینی و ده سپیکردنی  شورشی  ژن ، ژیان ، ئازادی. ئه‌م کۆنفڕانسه‌ له  روژانی  شه مه  و یه کشه مه  ۳۰/۰۹/۲۰۲۳ و ۰۱/۱۰/۲۰۲۳  به‌به‌شداری زۆرێک له‌ نوێنه‌ری هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی ئێران و کوردستان و نووسه‌ران و ڕۆشه‌نبیرانی ئێرانی له  شاری کولنی ئالمانیا.

ئه‌و کۆنفڕانسه‌ که‌ له‌لایه‌ن پلاتفۆڕمی دیموکراتیکی ئێرانه‌وه‌ سازدرابوو ماوه‌ی دوو ڕۆژ به‌رده‌وام بوو. له‌و کۆنفڕانسه‌دا  له‌چه‌ندین پانێڵی جیاوازدا، نووسه‌ران و سیاسه‌تمه‌دارانی ئێرانی به‌شداریان کردو ڕاو بۆچوونی خۆیان له‌ سه‌ر ده‌سپێکی شۆڕشی ژینا ده‌ربڕی و له‌ ڕۆژی ئاخری ئه‌و کۆنفڕانه‌دا چه‌ندین ئه حزاب و لایانه کانی  چالاک  له دژی رژیمی نه‌گریسی   ئاخووندی  ئیران به شدار بوون و په‌یامیان پێشکه‌ش به‌ ئاماده‌بوان کرد. کاک میلادی ئه فراز  په‌یامی سازمانی خه باتی کوردستان ئیرانی   پیشکه شی  به شداربوانی  کونفرانسه که کرد. له‌ په‌یامی کومیته‌ی ئه‌ڵمانیای سازمانی خه‌بات دا، باس له‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی ژینا و بارودۆخی ئه‌و شۆڕشه‌ و ڕۆڵ و پێگه‌ی چین و توێژه‌ جیاوازه‌کان، به‌تایبه‌تی ڕۆڵی ئافره‌تان و هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و شۆڕشه‌ کرا و ڕۆڵ و چالاکی سازمانی خه‌بات و هه‌روه‌ها نه‌خشه‌ڕێگای سازمانی خه‌بات له‌مه‌ڕ کار و خه‌باتی هاوبه‌ش و یه‌کگرتنی گه‌لانی ئێران و به‌رده‌وامی ئه‌و شۆڕشه‌ و گرنگی یه‌کگرتنی هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان به‌ مه‌به‌ستی ڕوخانی نیزامی ڕژمی ئاخوندی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی دیموکراتیک بۆ ئاماده‌بوان باس کرا.

ده‌قی په‌یامه‌که‌ی کومیته‌ی ئه‌ڵمانیای سازمانی خه‌بات له‌و کۆنفڕانسه‌دا:

به‌شداربوانی به‌ڕیزی ئه‌م کۆنفڕانسه‌ 
هاونیشتمانیای خۆشه‌ویست!
سه‌ره‌تا جێگه‌ی خۆیه‌تی که‌ سوپاس و ده‌سخۆشی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌م کۆنفڕانسه‌ بکه‌ین که‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌‌یان بۆ ڕه‌خه‌ساندین، لێره‌ و له‌م کۆنفڕانسه‌دا په‌یامی سازمانی خه‌بات به‌بۆنه‌ی ساڵوه‌گه‌ڕی شۆڕشی ژینا و هه‌روه‌ها بە ئامانجی خوڵقاندنی گوتارێکی دیموکراتیک و بەربڵاو و هەمەچەشن لە چوارچێوەی، کێشه‌ مێژوویی و هه‌نوکه‌ییه‌کانی ئێران و ویست و داخوازیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان و هه‌روه‌ها ده‌رکه‌وت و ده‌سکه‌وته‌کانی شۆڕشی ژن ، ژیان، ئازادی له‌ ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه‌ بۆ ئێوه‌ به‌ڕێزان پێشکه‌ش بکه‌ین.
ئێمه‌ له‌ کاتێک دا یادی شۆڕشی ژینا ده‌که‌ینه‌وه‌، که‌  تێکۆشان و خه‌بات له‌پێناو ئازادی گه‌لی کورد و هه‌روه‌ها گه‌لانی ئێران له‌ ژێرده‌ستی و زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌ دژ به‌ ڕژیمی نه‌گریسی ئاخوندی، له‌ناو جه‌رگه‌ی ئێران و کوردستان، له‌‌لایه‌ن هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگاوه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌. تاوان و جینایه‌‌ته‌ دژه‌ مرۆییه‌کانی سه‌رانی ڕژیم و هێزه‌‌ تیرۆریستیه‌کانی وه‌ک سپای پاسداران و ده‌زگای ئیتلاعات و باقی دام و ده‌زگا سه‌رکوتکه‌ره‌کانی تری ئه‌م ڕژیمه‌ دیکتاتۆره‌، ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵکی ئازادیخواز و دیموکراتخواز گه‌یشتۆته‌ لوتکه‌ و بێگومان ته‌نها چاره‌سه‌ریش بۆ ڕزگاری و گه‌یشتن به‌ ئازادی و دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تێکی دیموکراتیک له‌ ئێران و کوردستان دا، له‌ناوچوون و ڕووخانی یه‌کجاره‌کی ئه‌م نیزام و سیستمه‌ دیکتاتۆر و داوکه‌وتوانه‌یه‌ و پێویست و گرنگه‌ که‌ هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ شۆڕشگێڕ و دیموکراتخوازه‌کان، له‌سه‌نگه‌ری ڕوخانی ئه‌م ڕژیمه‌دا، وزه‌ و توانایان یه‌کخه‌ن،   هاوکاری و خه‌باتی هاوبه‌شیان هه‌بێ بۆ له‌ناوبردنی ئه‌م ڕژیمه‌ کوردکوژ و مرۆڤکوژه‌ی که‌ هیچ کاتێک باوه‌ڕی به‌ ماف و ئازادیه‌‌ فه‌ردی ونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی گه‌لانی ئێران نه‌بوه‌ و هیچ کاتێکیش ڕوانگه‌ی وا نابێ که‌ ملکه‌چی ویست و داخوازیە ڕەواکانی خه‌ڵکی ئێران بێ.
 ڕژیمی نه‌گریسی ئاخوندی هه‌ر له‌سه‌ره‌تایی هاتنه‌ سه‌رکاریه‌وه‌ تاکو ئێستا و به‌چه‌ندین قۆناغی جیاواز هه‌رچی ئازادی و مافی مرۆڤه‌، له‌ خه‌ڵکی ئێرانی زه‌وت کرد. ئێران که‌ به‌یه‌کێک له‌ ده‌وڵه‌مه‌نترین ووڵاتانی ناوچه‌که‌ له‌ ڕووی سامانی سروشتی و ژێرخانی ئابووری ده‌ناسرا، خه‌ڵکه‌که‌ی بوون به‌ یه‌کێک له‌ هه‌ژارترین خه‌ڵکانی جیهان. ئه‌م ڕژیمه‌ هه‌رچی سه‌روه‌ت و سامانی ئێران بوو، سه‌رفی مانه‌وه‌ی خۆی و بره‌ودان به تیرۆر و زیندوکردنه‌وه‌ی فکریه‌تی دواکه‌وتوانه‌ی  ویلایه‌تی فەقیهـ و دامه‌زراندنی ده‌زگای سه‌رکوتکه‌ر و داپڵۆسێنه‌ر له‌ ناوه‌ و ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی ئێران کرد. ڕێگه‌ به‌ هیچ جۆره‌ فکریه‌تێکی جیاواز، یه‌کسانی ژن و پیاو، مافی منداڵ، مافی ژنان و کرێکاران و جوتیاران نادا. دژی پێکه‌وه‌ ژیانی گه‌لانی ئێران و خه‌ڵکی کوردستان و بلوچستان و ته‌واوی ناوچه‌کانی غه‌یره‌ فارسه‌ و زمان و کلتورو بنه‌مای فکری و دینی لێ قه‌ده‌غه‌کردون. خوێنی خه‌ڵکی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی بۆ ئه‌و ده‌زگا داپڵۆسێنه‌رانه‌ حه‌ڵال کردوە. ئه‌م ڕژیمه‌ ته‌نانه‌ت ژینگه‌ و سروشتی کوردستانیشی وێران و خاپورکرد و ئاگری له‌ دارستان و لێڕه‌واره‌کانی کوردستان به‌ردەدا و  هه‌موو ڕێگاکانی په‌یداکردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکی گرتوه‌ و کۆڵبەران دەداتە بەر دەستڕێژی گولەو،  خەڵکی لە هەر جۆرە خزمەتگوزاریەکی سەرەتایی بێ بەش کردوە. 
 ئه‌م ڕژیمه‌ بۆته‌ گرفتێکی گه‌وره‌ بۆ ئارامی ووڵاتانی دراوسێ و ناچه‌‌که‌. به‌رده‌وام ڕژیم ده‌ستێوه‌ردان ده‌کات له‌کاروباری ناوخۆی ووڵاتانی دیکه‌و کاردانه‌و‌ه‌‌‌ی ووڵاتان و ده‌وڵه‌تانی جیهان له‌‌ئاست کرده‌وه‌ دزێوه‌کانی ڕژیمی ئاخوندی، له‌ هه‌مبه‌ر ده‌ستێوه‌ردان و ئاژاوه‌گێڕیه‌کانی به‌ ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م ده‌که‌‌وێته‌ سه‌رشانی خه‌لکی ئێران و ئه‌وان زیاتر لێی زه‌ره‌دمه‌ند ده‌بن و زیاتر هه‌ژارتر و برسیتر و گۆشه‌گیرتر ده‌بن. 
کوردستان و گه‌له‌که‌ی هه‌ر له‌سه‌ره‌تایی هاتنه‌سه‌رکاری ئه‌م ڕژیمه‌وه‌ نایان به‌م ڕژیمه‌ ووت و دژی وه‌ستانه‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ زۆرترین قوربانی و ماڵوێرانیش به‌درێژایی قۆناغه‌کانی خه‌باتکردن دژی ئه‌م ڕژیمه‌ له‌ کوردستان دا بوه‌. کوردستان ده‌ورانی ڕاپه‌ڕینی شۆرشی گه‌لانی ئێران دژ به‌ ڕژیمی پاشایه‌تی و پاشانیش دژ به‌ سه‌ره‌ڕۆیه‌کانی خومه‌ینی و قۆرغ کردنی ده‌سه‌ڵات له‌ لایه‌ن ئاخونده‌کانه‌وه‌ بوه‌ سه‌نگه‌ری ئازادیخوازان. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌وه‌ له‌ خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری کوردستان چاوه‌ڕوان ده‌کرا که‌ پێشه‌نگی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بێ و له‌ پێناو ئه‌و زوڵمه‌دا، کە ژینای کچە کوردی، بە پلانێکی دزێو و دواکەوتوانە و ناشارستانییە و دور لە هەر بنەمایەکی ئازادی، بوە قوربانی، بێ ده‌نگ نه‌بێ. ئه‌وه‌ی که‌ پێناسه‌ی شۆڕشی ژینای یه‌کانگیر و سه‌نگینتر کرد ئه‌وه‌بوو که‌ یه‌کگرتنی کۆی ئازادیخوازن بوو له‌ ئێران دا. شۆڕشه‌که‌ هه‌ر زوو بوو به‌ شۆڕش و به‌رخودانێکی سه‌راسه‌ری و وه‌ به‌مه‌ش پلانی ڕژیم بۆ نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌ و ته‌فره‌قه‌ دانان له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌کانی ئێران و جوداخوازی وڕه‌گه‌زپه‌رستی و چه‌ندین پلانی تری ڕژیمی بۆ هه‌میشه‌ له‌ گۆڕنا. هه‌ربۆیه‌ یەکێک لە دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا دەرخستنی هەرچی زیاتری هاوچارەنووسیی نەتەوەکانی ئێران و لە ئەنجامدا پێویستیی هاوپەیوەندی و هاوخەباتیی زیاتری ئەو نەتەوانە لەگەڵ یەکتری بووە. رووداوەکانی کوردستان، زاهیدان و هەروەها کوشتاری خەڵک لە گیلان و مازەندەران و خووزستان و ناوچەکانی دیکەی ئیران جارێکی دیکەش سەلماندیەوە کە پڕۆژەی دروستکردنی نەتەوەی غاڵب کە زیاتر لە ١٠٠ ساڵە لە هەردوو دەسەڵاتی پاشەیەتیی پەهلەوی و رژیمی ئاخوندی، لەسەر بنەمای سڕینەوەی شۆناسی نەتەوەیی و تواندنەوەی زمانی و کولتووریی نەتەوە و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی ئەم وڵاتە، پڕۆژەیەکی شکست‌خواردووە. چونکە سەرەڕای تێچوویەکی زۆری ماددی و گیانی و پلانێکی سەد ساڵە بۆ یەکدەست‌کردنی نەتەوەکانی ئێران لە ڕێگای پەروەردە و پەرەپێدانی یەک زمان لە قوتابخانەکان و ڕاگەیاندنە گشتییەکان و دروستکردنی مێژووی ساختە و سڕینەوەی مێژووی نەتەوە ژێردەستەکان و نکۆڵیکردن لە جیاوازییەکان و سەرکوتی زمان و کولتووریان، ئەم نەتەوانە هەر زیندوون و شەپۆلی شوناسخوازی و داواکردنی مافە نەتەوەییەکانیان ئێستا لە هەموو کاتێک بەگوڕتر و بەهێزترە.
دەسەڵاتدارانی ئێران لە سەد ساڵی ڕابردوودا جیا لە سیاسەتی تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆنی نەتەوەکانی ئێران، سیاسەتی دووبەرەکی‌نانەوەی لەنێو ئەو نەتەوانەدا پەیڕەو کردووە و هاوکات هەموو هەوڵیان ئەوە بووە ڕوخسارێکی ناشیرین و دواکەوتووانە و خێڵەکی و بەدوور لە هەر جۆرە شارستانییەت و پێشکەوتن و پێشکەوتنخوازی و مەدەنییەتێک لە نەتەوەکانی ئێرانیدا، بە تایبەت لە دوو نەتەوەی کورد و بەلووچ نیشان بدەن. بەڵام شۆڕشی ژینا (ژن، ژیان ئازادی) شۆڕشی پەراوێزی ژێردەستەکراو لەدژی پاوانخوازیی ناوەندێکی سەرکوتکەر بوو. شۆڕشێک بوو جارێکی دیکە شانازی بە شوناسی نەتەوەیی لەنێو نەتەوەکانی ئێراندا پەرە پێدا و ئەو ڕوخسارە دزێو و ناشیرینەشی کە حکوومەتەکانی ئیران لە نەتەوەکانیان دروست کردبوو بەیەکجاری لە مێشکی زۆرینەی خەڵکی ئیراندا سڕیاوە و ڕوخسارێکی ئازادیخوازانەی تێکەڵ بە خۆنەویستی و فیداکاریی لەم نەتەوانەی نیشان  دا. هەر بۆیە نەتەوەکانی ئیران و بە تایبەتیش کورد و بەلووچ ، جیا لەوەی ڕۆڵی سەرەکییان لەم شۆڕشەدا گێڕا و زۆرترین قوربانیشیان بۆ دا، دیمەنێکی جوان و شیاوی لێ‌فێربوونیان لە پشتیوانی و هاودەنگی و هاوخەباتیی نەتەوەکانی ئێران نیشان دایەوە. لەم نێوەدا پشتیوانیی بەردەوامی نەتەوەی بەلووچ لە نەتەوەی کورد، لاپەڕەیەکی درەوشاوەی ئەو هاوپشتی و هاوخەباتییەیە کە بەدڵنیاییەوە لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە بە ئەمەگدارییەوە سەیری دەکرێ و بەرز دەنرخێندرێ.
بزووتنەوەی سیاسیی کورد بە درێژاییی مێژووی خۆی باوەڕی وا بووە، بەبێ هاودەنگی و هاوخەباتیی هەموو نەتەوەکانی ئێران، لەنێوبردنی دیکتاتۆری و پاوانخوازی و دابینکردنی مافی نەتەوەیی مسۆگەر نابێت، هەربۆیە هەموو کات هەوڵی بۆ هاوپەیمانی و هاوخەباتیی حیزب و لایەنە ئازادیخواز و دێموکراتخوازەکانی نەتەوەکانی ئێران داوە و پشتیوانی یەكڕیزی و هاودەنگیی خەباتی نەتەوەکان لە نێوخۆی ئێرانیشدا بووە.
ئه‌م شۆڕشه‌ توانا و وزه‌ و هێزی ئافره‌تانی ئێران و کوردستانی ده‌رخست. له‌ هه‌مان کات دا باوه‌ڕ و هزر و پشتیوانی ئازادیخوازان له‌ ماف و ئازادیه‌کانی ژنانی بۆ هه‌موو لایه‌کی دەرەکی ڕوونکردەوە و دەریخست کە خەڵکی ئێران و کوردستان لەگەڵ ماف و ئازادیەکانی ئافرەتانن و ڕێگە نادەن مافەکانیان پێشێلبکرێ. ژنانی ئێران و کوردستان که‌ له‌ژێر چه‌وسانه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ده‌وڵه‌وتی و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی دا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، نیشانیان دا که‌ چی دیکه‌ بێده‌نگی هه‌ڵنابژێرن و داکۆکی له‌ مافه‌کانیان ده‌که‌ن و چیدیکه‌ ناهێڵن ئه‌و سته‌مه‌ مێژوویه‌یی که‌ له‌سه‌ریانه‌ درێژه‌ بکێشێ. 
 مامۆستایانی زانکۆ و دانیشگا و قوتابخانه‌کان، مامۆستایانی ئاینی، لاوان، خوێندکاران، کرێکاران، جوتیاران و باقی چین و توێژه‌کان له‌م شۆڕشه‌دا یه‌کیان گرت و دژی زوڵم و زۆرداری وه‌ستانه‌وه‌. 
هه‌موو ئه‌و ده‌رنجامانه‌ له‌ شۆرشی ژینادا ئه‌وه‌مان پی ده‌ڵێ که‌ رووخانی ئه‌م ڕژیمه‌ نزیکه‌و پێویسته‌ په‌له‌ بکه‌ین له‌و هه‌نگاوانه‌ی که‌ ئێران به‌ره‌و دیموکراسی ده‌با و ڕێبگرین له‌و ده‌ستا‌نه‌ی که‌ ده‌یانهه‌وێ ئێرانی داهاتوو، ئێرانێک بێ له‌گه‌ڵ ئاخونده‌کان و دام و ده‌زگانی وه‌ک سوپای تیرۆرستی پاسداران. پێویسته‌ هه‌موو هه‌وڵ بده‌ین که‌ ئێرانی ئاینده‌ ئێرانێکی دیموکراتیک و ئازادبێ و گه‌لان بگه‌ن به‌ ئازادیه‌کانی خۆیان. ئه‌وه‌ ئامانجی ئێمه‌یه‌ و بێگومان گرنگه‌ که‌ هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ شۆرشگێره‌کان له‌و ڕوانگه‌وه‌ له‌گه‌ل ئێمه‌ خه‌باتی هاوبه‌ش بکه‌ن و تێبکۆشن و دورکه‌ونه‌وه‌ له‌سه‌رفکردنی ئێنرژی ئێرانێکی داهاتوو له‌گه‌ڵ ڕژیمی شا و ئاخونده‌‌کان. گوتاری هاوبه‌شی ئێمه‌ ده‌بێ ئێرانێکی دیموکرات و ئازادبێ. 
ئاماده‌بوانی هێژا !
ئێستا بزوتنه‌وه‌یه‌کی گشتگیر ویه‌کگرتوو له‌ ئێران دا هاتۆته‌ ئاراوه‌ و ئه‌م بزوتنه‌وه‌ ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌هێزتر ده‌بێ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گرنگه‌ که‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان، به‌یه‌کگرتووی و به‌ کیان و په‌یامی هاوبه‌شه‌وه‌ بۆ گۆرانکاری و ئه‌له‌نگاریه‌کان هه‌نگاو بنێن. شۆڕشی ژینا پێناسه‌یه‌کی نوێی به‌ خواست و داواکانی خه‌ڵکی ئێران به‌خشی و هاوپشتیوانی و هاوده‌ردی گه‌لانی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوه‌‌. ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ئامانجی بنیاتنانی ژیانێکی ئاسوده‌ و سه‌رده‌میانه‌یه‌ و داوا و ویست و خواست و سه‌روه‌ری و یه‌کسانی و مافی  تاک و نه‌ته‌وه‌کانه‌ و خواستی یه‌کڕیزی و پێکه‌وه‌ژیانێکی ئاشتیخوازانه‌یه‌. سته‌م و سه‌رکوت ده‌بێ به‌یه‌کجاری بنبڕبکه‌ین و پێکه‌وه‌ بۆ بنیاتنانی ئه‌و ئازادیه‌یی که‌ شایه‌نی هه‌موومانه‌ و هه‌موومان هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین پێویسته‌ به‌رده‌وام بین و تێبکۆشین. 
ئێمه‌ له‌ساڵوه‌گه‌ڕی شۆڕشی ژینادا، درودو سڵاو ده‌نێرین بۆ خۆراگری و وره‌ و باوه‌ڕی پۆڵاین و ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵکی ئێران و کوردستان. یادی شه‌هیدکرانی ژینا و باقی شه‌هیدانی شۆڕشی ژینا به‌رزڕاده‌گرین، ئه‌وان بوونه‌ ڕه‌مزی شه‌هیدانێکی یه‌کگرتوو بۆ ئازادی و وه‌ستانه‌وه‌ دژی زوڵم و سته‌م. سڵاو ده‌نێرین بۆ زیندانیانی سیاسی و خانه‌واده‌ی شه‌هیدان. بێگومان ده‌نگی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی به‌ ئامانجگه‌یشتنی شۆڕشی ژینا، به‌رده‌وامی خه‌بات و تێکۆشانی لاوان و ڕۆڵه‌کانی سه‌رشه‌قام و خه‌ڵکی ناوخۆی ئێران و کوردستان و یه‌کڕیزی و یه‌کده‌نگی هه‌موو هیز و لایه‌نه‌ شۆرشگێره‌کانه‌ که‌ دژی ئه‌م ڕژیمه‌ خه‌بات ده‌که‌ن و تیده‌کۆشن. 

سڵاو دوباره‌ بۆ هه‌موو لایه‌کتان 
هه‌ر بژین و سه‌رکه‌وتووبن. 
کومیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران


1 ساڵ و 1 مانگ و 18 ڕۆژ و 13 کاتژمێر و 11 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

به‌شداری کومیته‌ی ئه‌ڵمان له‌ کۆنفڕانسی یه‌که‌مین ساڵیادی شه‌هیدکرانی ژینا ئه‌مینی له‌شاری کۆلن

به‌شداری کومیته‌ی ئه‌ڵمان له‌ کۆنفڕانسی یه‌که‌مین ساڵیادی شه‌هیدکرانی ژینا ئه‌مینی له‌شاری کۆلن

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران