ئیدارەی خۆبەڕێوبەریی کوردستانی سوریە بەڵگەنامەیەکی داوەتە چەند ڕێکخراوێکی نەتەوە یەکگرتووەکان و چەند دامەزراوەیەکی تر و تێیدا ئاماژە بە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیە بۆ سەر ژێرخانی ناوچەکە دەکات و دەڵێت: ٢٢٤ پێگە بۆردومان کراون و زیانەکانی ٥٦ میلیۆن دۆلار بووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی ئیدارەی خۆبەڕێوبەری ئامادەی کردووە، ئەرتەشی تورکیە ٢٢٤ پێگەی بۆردومان کردووە کە لە ڕێگای ٣٠٤ هێرشی زەمینی و ئاسمانییەوە بووە و ٢٢١ هێرشیان لە ڕێگای تۆپهاوێژەوە بووە و ٨٣ هێرشی تریش لە ڕێگای فڕۆکەی شەڕکەر و دڕۆنەوە بووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە کە ٤٧ کەس بەهۆی هێرشەکانی تورکیەوە گیانیان داوە و ٥٥ کەسی تریش بریندار بوون، زیانی هێرشەکانیش بە ٥٦ میلیۆن دۆلار بەراوەرد کراوە کە تێیدا کێڵگەی نەوت، وێستگەی بەرق و ئاو، کلینیکی پزیشکی و ناوچەی پیشەسازی و ناوەندی دارایی کراونەتە ئامانج.