رۆژی سێ شەممە 18ی خەزەڵوەر (8ی نۆوامبر) هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەستی پێ کرد و خەڵکی ئەو وەڵاتە چوونە پێی سەندوقەکانی دەنگدان و دەنگیان بە 45مین سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاداو پرۆسەی دەنگدان درەنگانێکی شەوی رابردوو کۆتایی هات.
بەپێی ئەنجامی کۆتایی 48 ویلایەتی ئەمریکا هیلاری کلینتۆن دەنگی 19 ویلایەت و دۆناڵد ترامپ دەنگی 29 ویلایەتی وەدەستهێنا.
لە ئەمریکا 538 ئەندام (کورسی) ی ئەنجوومەنی هەڵبژاردنی سەرۆک هەن و ئەوان کاندیدی سەرۆکایەتی یەکلایی دەکەنەوە، هەر کاندیدێکیش پێویستی بە 270 کورسی هەیە بۆ ئەوەی بگاتە کۆشکی سپی.
تاوەکو ئێستا ژمارەی کورسییەکان بەمشێوەیە:
هیلاری کلینتون: 218 کورسی
دۆناڵد ترامپ: 295 کورسی
دۆناڵد ترامپ سەرکەوتنی راگەیاند
دۆناڵد ترامپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا سەرکەوتنی لە هەڵبژاردن راگەیاند و هیلاری کلینتۆن دانی بەشکستدا نا.
ترامپ لە سەرەتای گوتەکانیدا سوپاسی خزمەتەکانی هیلاری کلینتن و خانەوادەکەی کرد بۆ ئەمریکا و راشیگەیاند "کەمێک پێش ئێستا کلینتۆن پەیوەندی پێوەکردووە بۆ پیرۆزباییکردن".
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا گوتیشی "هیلاری کلینتۆن بەر لە هەڵبژاردنەکان کاری زۆر باشی کردووە و من دەمەوێ لێرەوە سوپاسی هیلاری بکەم کە لەماوەی رابردوودا خزمەتی وڵاتەکەی کردووە و کاری باشی کردووە و جێی رێزە. ئێستا کاتی هاتووە کە دیموکرات و کۆمارییەکان ناکۆکییەکان وەلابنێن و یەک بگرن و بەیەکەوە کاربکەن".
دۆناڵد ترامپ وتی: "من خۆم بە قەرزاری خەڵکی ئەمریکا دەزانم و ئەوانەشی دەنگیان پێم نەدا بەبێ جیاوازی، من ئێستا بوومەتە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و هاتووم خزمەتی هەموویان بکەم بەبێ جیاوازی و کاردەکەین بۆ بەجێهێشتنی ناکۆکییەکان".
لەبارەی کارکردنیان لە داهاتوودا، ترامپ دەڵێت "ئێستا کاتی ئەوەیە کە هەموومان بەیەکەوە کاربکەین بەبێ جیاوازی ئایین و رەگەز، من بەڵێنم بەخەڵک داوە کە خزمەتیان بکەم و دەبێت خزمەتی خەڵک بکەین بێ ئەوەی بزانین چ ئایینێک و رەگەزێکە، هەروەها لەماوەی رابروودا کاری بازرگانیم کردووە و ئێستاش دەەمەوێ خزمەتی گەلی ئەمریکای مەزن بکەم و کەس لە ئەمریکا لە بیرناکرێت".
ترامپ راشیگەیاند "هەنگاو دەنێین بۆ ئاوەدانی زیاتری ئەمریکا لە رووی تەندروستی و بازرگانی و کار. هەروەها دەمەوێ لە رووی سەربازییەوە خزمەتی سەربازەکانمان بکەین و گرنگی بەهەموو بەهرە و تواناکانمان دەدەین. پلانی بەهێزکردنی زیاتری ئابووری ئەمریکامان هەیە و پەرە بە پەیوەندییەکانمان دەدەین و لەرووی ئابووریشەوە کاری باشتر دەکەین".
سەبارەت بە پرۆژە ستراتیژییەکانی ئەمریکاش، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەڵێت "ئێمە دەمانەوێت ستراتیژی و پلانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا زیاتر بەهێزبکەین و بەرژەوەندی ئەمریکا لە پێش بەرژەوەندییەکانی هەموو کەس دادەنێین و هەنگاو دەنێین بۆ ئەوەی پرۆژەکان بەباشی بەڕێوەببەین".