بولبول ئەوینداری گوڵستانە
پێشمەرگە ئەوینداری کوردستانە
بولبول بۆ یاری دەخوێنێ و دەوێژێ
پێشمەرگە بۆ کوردستان خوێنی دەڕێژێ
مامۆستا سەید جەلال حسینی
جەماوەری خەباتکاری کوردستان و ئێران!
خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی!
پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگەرانی سازمانی خەبات!
ڕێکخراوی لاوانی خەبات بەبۆنەی ۱۰ی خەزەڵوەر, ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران, گەرمترین پیرۆزباییتان پێشکەش دەکات.
۱۰ی خەزەڵوەر هێمای شکۆ و خۆڕاگری هێزی پێشمەرگەو سەلمێنەری ئیرادەی هێزی ئازادیخوازی هەڵقوڵاو له دڵی خەڵکی کوردستانه کە خۆنەویستانە و بەوپەڕی دڵێریەوە زەربەیەکیان له دژمنی ملهوڕی داگیرکەر دا و مێژووێکی پڕ لە سەروەریان تۆمار کرد.
پاش فەرمانی قێزەونی جیهادی خومەینی دژ بە خەڵکی مافویستی و کوردستان و هێرشی هێزە بەکرێگیراوەکانی پاسدار و گاردی جاویدان بۆ سەر خەڵکی کوردستان لە ساڵی ۱۳۵۸ی هەتاوی, نەمر مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی کە هەر زوو ناخ و ماهیەتی ڕژیمی ناسیبوو, دەیفەرموو: دژمنی داگیركەر هەتا لە كوردستاندا بمێنێ و هەرچەندی هێز بخزێنێتە كوردستانەوە ، خۆیی و هێزەكەی هەر لاوەكی و نامۆن وە هەرچەندی بمێنێتەوە و جێی خۆیی خۆشكا وە جاش و خەیانەتكاران لە دەوری خۆیی ئالێنێ هەر داگیركەرە و بێگانەیە و نابێتە خاوەنی كوردستان و نابێتە خاوەنی چارەنوسی خەلكی كوردستان.
لە دیفاعی ڕەوا، هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات لە جادەی هەژدەدۆڵان و ڕێگەی سەردەشت و تا پێنج کیلومتری بانە, هێرشیان کردە سەر هێزی زۆر و بۆری دژمن و زەربەیەکیان لێی دان کە ئاخوند خومەینی هێنا دەنگ و وتی خەڵکی کوردستان دەنگی ئێوەم بیست و داوای دانوستانی لەگەڵ گەلی کورد کرد.
ئەم لاپەڕە زێڕینەی مێژووی سازمانی خەباتە بێ قوربانی نەبوو و بەداخەوە هەشت کەس لە ڕۆڵه بەجەرگەکانی ڕیزی پێشمەرگایەتی سازمانی خەبات بە ناوەکانی; شەهیدان ڕەسووڵ ساڵح زادە، دەروێش ئەحمەد ڕەسوڵی و حەسەن مەولایی، حسێن حسێنی، ئەحمەد ئەحمەدی، جەهانگیر مەولایی، كەریم ئەحمەدی و جەلال محەممەدپوور گیانی پاکیان پێشکەش بە ئازادی نەتەوەو نیشتمان کرد. هەر بۆیە سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەو حەماسەیە, ڕۆژی ۱۰ی خەزەڵوەری وەک ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات دیاری کرد و هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا لەگەڵ ئەو شەهیدانەو شەهیدانی دیکەی سازمانی خەبات پەیمان نوێ دەکەینەوه کە درێژەدەری ڕێگەی پڕ لە سەروەری و شکۆی سازمانی خەبات بین.
لاوانی بوێر و پێشەنگی خەبات!
تەشکیلاتی نەهینی و ئاشکرای سازمانی خەبات!
مێژووی خەبات و بەرخۆدانی ۴۴ ساڵەی دژ بە ڕژیمی داگیرکەری ئاخوندی لە کوردستان وای کردووە کە دژمنی داگیرکەر خۆفی نزیکبونی لە کوردستان بێت و هەوڵ بدات له ڕێگەی هێرشی کلتوری و قەیرانی کاری و ئابوری و بەردەست کردنی بەرفراوانی ماددەی هۆشبەر و توندکردنی بازنەی ئازادی و ئاژاوەگێڕی نەتەوەیی و مەزهەبی هتد ... هەوڵ بۆ لەناوبردنی بناغەکانی کوردستان و تێکدانی هێمنەو ئەساسی خانەوادەکان بدات. ئەم دەسەڵاتە هەر لە دەستپێکی بە دەسەڵات گەیشتنی سەرکوتی کردە بەردی بناغەی خۆی و تەواوی هەوڵی خۆی بۆ دزەکردن و بە کویلە کردنی کورد و کوردستانی داوە. بەڵام لاوانی چاوکراوە بە وریاییەوە بەرەنگاری زۆربەی پیلانەکانی ئەو دەسەڵاتە دواکەوتوە بوون و پشتیان لە مێژوو و فەرهەنگی خۆیان نەکرد. ئەو دەسەڵاتە بۆ ئەوەی فشاری زۆرتر بخاتە سەر میللەت, لە ڕێگەی پۆلیسی سەرکوتکەر لە ژێر ناوی پۆلیسی ڕەوشت و بە بیانوی ڕەچاو نەکردنی حیجابی زۆری لە ڕێگەی بەکرێگیراوانیەوە دەستیان کرد بە هێرش و سوکایەتی کردن بە خەڵکی ئازادیخواز. کە وەک دەزانن یەکێک لەم هێرشانە بوە هۆی شەهید کرانی ژینا ئەمینی و بڵیسەی دووبارەی ئاگری شۆڕش لە نیوان نەتەوەکانی ئیران و توڕەیی و بێزاری خەلک لە حکومەتی دیکتاتۆری ئاخوندی نیشانی هەموو جیهان دا. شۆڕشی ژینا بو بە ئیپیدمی دروشمی ژن ژیان ئازادی و هەر زوو جیهانی لەخۆ گرتەوه. شۆڕشی ژینا دەنگی مافویستی گەلانێکە کە شەهیدانی حەماسەی ۱۰ی خەزەڵوەر و شەهیدانی دیکەی ڕێگەی ئازادی گیانی خۆیان بۆی فیدا کرد و پێشەنگی لاوان و ئافرەتان بە جوانی ئەوەی سەلماند کە نەسلی ئەو گەورە پیاوانە هێشتا زیندووەو ڕێگە نادەن دژمن ئەوەی پێی خۆش بێ لە کوردستان دا بیکات و نەسرەوتن تا سەرکەوتن وردی زمانی خەباتکارانی ڕێگەی ڕزگاری نەتەوەو نیشتمانە.
دەسەڵاتی سەرکوتکەری ئاخوندی تەواوی بێ بەزەیی بوون و دڕندەیی خۆی بەکار گرت تا بە خەیاڵی خاوی خۆی دەنگی ئازادیخوازی لە کوردستان کپ بکاتەوە و تەنانەت ئەمساڵیش لە جینایەتێکی دیکەی هاوشێوەی شەهید کرانی ژینا ئەمینی,کچێکی دیکەی کوردی خەڵکی کرماشان بە ناوی ئارمیتا گەراوەندی شەهید کرد و چەند جارەی پشتڕاست کردەوە کە هیچ ڕیفۆرمێک لەو دەسەڵاتەدا بونی نابێ.
لە ئاوا هەلوومەرج و شەرایتێکدا پێویستە لاوانی بوێر خەباتی هەمەڕەهەندی لە ناوخو و دەرەوەی وڵات و لەلایەن هەموو چین و توێژەکانەوە بە یەکگرتووی و ڕووناک بیرانە و چاوکراوانە و ڕووخانخوازانە درێژە بە خەباتی مافخوازانە بدەن و نەهێڵین بڵێسەی ئاگری شۆڕش کز بێتەوه. پێویستە بە هاوشێوەی دلێری قارەمانەکانی حەماسەی ۱۰ی خەزەڵوەر و بە فیداکاری تەواو و چاوکراوانە کۆتایی بەو دەسەڵاتە خۆسەپێنە بێنین تا نەتەوەکانی ئێران بتوانن بە ئازادی و ڕزگاری و لە پەنای حکومەتێکی دیموکڕاتیک بە مافەکانی خۆیان بگەن.
جارێکی دیکەی گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان بەبۆنەی ۱۰ی خەزڵوەر و ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران, پێشکەش دەکەین و دڵنیاین بە زوویی ئاڵای ئازادی لە وڵاتی داگیرکراو هەڵدەکەین.
مەرگ و نەمان بۆ دەسەڵاتی داگیرکەری ئاخوندی
سەرکەوێ خەباتی ڕەوای گەلی کورد و گەلانی ئێران
ڕێکخراوی لاوانی خەبات ی کوردستانی ئێران
دەستەی بەڕێوەبەری
۱۰ی خەزەڵوەری ۱۴۰۲ی هەتاوی