__ کۆڵبەرێکی دیکە بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا
__ ئەندامانی شورای سێ شاری کوردستان دەستیان لە کار کیشایەوە
__ دۆخی خۆکوژیی لە ئیلام قەیراناویە
__ هاووڵاتییەکی کورد رەوانەی زیندانی بۆکان کرا
__ زیاتر لە ١٧٠ هێکتار دارستان و لێڕەوار لە ئاگردا سووتاون
__ پێش تاقیکردنەوەی رژیم کەمکردنەوەی تەحریمەکان جێبەجێ نابێ
__ سێ فەرماندە و 39 چەکداری داعش لە موسڵ کوژران
__ سوودەکانی وات لێدەکات گەنمە شامی زیاتر بخۆیت
کۆڵبەرێکی دیکە بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا
هێزە چەکدارەکانی رژیمی ئاخوندی لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان تەقەیان لە کاروانی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد کرد و بەوبۆنەوە کۆڵبەرێک گیانی لەدەستدا.بەپێی راپۆرتی باسنیوز، شەوی رابردوو کاروانی کۆڵبەرانی کورد لە خاڵی سنووری “شێخ سلە”ی شاری مەریوان دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک گیانی داوە.ئەو کۆڵبەرە کوردە ناوی “فوئاد مەرزەنگی” و 23 ساڵان و کوری عومەر بووە و بە وتەی کەسانی ئاگادار فوئاد سەرەتا بریندار بووە و بەهۆی خوێنڕیژی زۆر گیانی لەدەست داوە.دەبێ بوترێ، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بە هۆی بێکاریی و تەنیا بە مەبەستی بژیوی ژیان روودەکەنە کاری پڕمەترسیی کۆڵبەری لە سەر سنوورەکان و بەو هۆیەوە رۆژانە بە شێوەی بەردەوام لە لایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتەوە دەدرێنە بەر دەستڕێژی گوللە و بەرەوڕووی خەساری گیانی و ماڵیی دەبنەوە.
ئەندامانی شورای سێ شاری کوردستان دەستیان لە کار کیشایەوە
لە ماوەی یەک هەفتەدا ئەندامانی شورای سێ شار و ناحیەی کوردستان بە کۆمەڵ نامەی دەست لە کار کێشانەوەی خۆیان بۆ دامودەزگا پەیوەندیدارە حکوومەتییەکان بەرز کردووەتەوە.بە پێی راپۆرتی سەرچاوەکانی هەواڵ، پاش ئەوەی پێنج کەس لە ئەندامانی شورای ناحیەی “شیناوێ” نامەیەکی دەست لە کار کێشانەوەیان واژۆ کرد و پێشکەش بە فەرمانداری پیرانشاریان کرد، ئەندامانی شورای شارەکانی مەهاباد و شنۆش دەست لە کار کێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاندووە.چەند ڕۆژ لەمەوبەر پێنج ئەندامی شورای ناحیەی شیناوێ لە پیرانشار بە هۆی کەمتەرخەمیی ناوەندە پەیوەندیدارەکان بە نیسبەت خەڵکی ئەو ناحیە و نۆژەننەکردنەوەی قوتابخانەی شیناوێ دەست لە کار کێشانەوەی خۆیان راگەیاند.هەر دوابەدوای ئەوان، ئەندامانی شورای شاری مەهابادیش بەهۆی کێشە و ناکۆکیی ناو شوراکە نامەی دەست لەکار کیشانەوەی خۆیان بۆ ناوەندە حکوومەتییەکان بەرز کردووەتەوە.کامران عەلیزادە ئازەر و سەید رەسووڵ نەبەوی، ئەو ئەندام شوراگەلەی شاری مەهابادن کە بە وتەی خۆیان بەهۆی کێشە و نادادپەروەرییەوە دەست لە کار کێشانەوەی خۆیان راگەیاندووە.هەر لەو پیوەندییەدا سێ ئەندامی شورای شاری شنۆ بەهۆی کێشەیان لە گەڵ سەرۆکی شوراکە وازیان لە پۆستەکانیان هێناوە و دەستیان لە کار کێشاوەتەوە.عەلیڕەزا محەمەدنژاد، کازم ئیلاهی و رەشید ئیسفەندیاری، نامەی دەست لە کارکێشانەوەی خۆیان واژۆ کردوە و بۆ قایمقامی شارەکە بەرزیان کردووەتەوە.
دۆخی خۆکوژیی لە ئیلام قەیراناویە
بەرپرسانی رژیمی ئاخوندی لە پارێزگای ئیلام رایانگەیاندووە ئاماری خۆکوژی لەو پارێزگایە جێگای نیگەرانییە و لەئاستێکی مەترسیدار دایە.بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئێران لەجیهاندا لەئاستێکی خراپ دایه و لێپرسروانی حکومەتیش هیچ بەرنامەیەکیان سەبارەت بە چارەسەری کێشەکۆمەڵایەتییەکاندا نییه.بە پێی راپۆرتی سەرچاوە هەواڵنێرییە حکومەتییەکان، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٤ی خەرمانانی ١٣٩٤ی هەتاوی بڵاویان کردەوە، ئامارەکانی خۆکوژی لەپارێزگای ئیلام بە بەراوردلەگەڵ ساڵانی پێشوو کەمتر بووەتەوە بەڵام دیسان دۆخی خۆکوژی لەو پارێزگایە زۆر جێگای نیگەرانییە.ئەوەش لەکاتێک دایە کە بەرپرسانی حکومەت ئاماری راستی لەبارەی خۆکوژی و زیانە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو ناکەنەوە.بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی رفاەی ئێران، پارێزگای ئیلام پلەی یەکەمی لەبواری بێکاریدا هەیە و حەشیمەتی ئەو پارێزگایە لەژێر هێڵی هەژاری وڵات دان.پارێزگای ئیلام سەرجەم 585 هەزار کەس حەشیمەتی هەیە کە لەئاستی ئێراندا پلەی یەکەمی خۆکوژی هەیە و تەنیا لەماوەی یەک ساڵدا 2 هەزار کەس لەو پارێزگایە خۆکوژیان کردووە.تەمەنی خۆکوژی لە ئیلام کەمتر لە 30 ساڵ راگەیەندراوە و ژنان زیاتر دەست بۆ خۆکوژی دەبەن.ئاماری خۆکوژییەکان لە ئێران بۆ بێکاری، جیابوونەوەی ژن ومێرد، دابڕان لەشوناس “ێنومی”، خەمۆکی، هەژاری و چەندین هۆکاری دیکە دەگەڕێتەوە.بەپێی ئاماری پزشکی دادوەری ئێران لە ماوەی ساڵەکانی 1380 هەتا 91١ی هەتاوی زیاتر لە 30 هەزار کەس لە ئێران بەهۆی خۆکوژی گیانیان داوە.
هاووڵاتییەکی کورد رەوانەی زیندانی بۆکان کرا
هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بوکان کە حوکمی گرتنی بۆ بڕابووە لەلایەن مەئموورانی حکوومەتییەوە بۆ زیندانی ئەو شارە گوێزرایەوە.به پێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، لە حەفتەی رابردوودا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەسعەد دامەنگیر" کوڕی مەولوود بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی ناوەندی شاری بۆکان کراوە.
حوکمی کۆتایی ئەسعەد دامەنگیر ٦ مانگ زیندانه.ناوبراو سێ ساڵ پێش لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی بێژەن پژوومان و رێبوار بیرامپوور خەڵکی گوندی "سەرئاوقامیش" بە تۆمەتی "چالاکی سیاسی بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران" دەستبەسەر و دواتر بەدانی بارمەتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراون. هەنووکە ئەو هاووڵاتییە کورد کە خێزانداریش بە بڕیاری دەزگای قەزایی بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی براوەتە زیندان.
زیاتر لە ١٧٠ هێکتار دارستان و لێڕەوار لە ئاگردا سووتاون
زیاتر لە ١٧٠ هێکتار لە دارستانەکانی ناوچەی گیلانغەرب لە پارێزگای کرماشان لە ئاگردا سووتاون.بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، لەدرێژەی ئاگرکەوتنەوەکان لە ناوچەکانی کوردستان، شەوی رابردوو بە هۆی هەورەبروسکەوە دارستانی ناوچەکانی "وێژنان "لە شارۆچکەی "چلە" لە بەخشی گیلانغەرب کە بە ١٠ هێکتار خەملێندراون لە ئاگردا سووتان.بەپێی لێدوانەکانی فەرمانداری گیلانغەرب، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ١٦ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لەو شارە روویداوە و زیاترلە ١٧٠ هێکتار دارستان و لەوەڕگەی ئەو ناوچەیە لە ناوچوون و ١ میلیارد تمەنیش خەسار بە سروشت و ژینگەکە گەیشتووە.کەرەم محەممەدی فەرمانداری گیلانغەرب لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمیتەی قەیرانی ئاگرکەوتنەوە رخنەی لە بەرپرسانی حکوومەتی گرتووە و رایگەیاندووە، لەکاتی دروستکردنی رێگاوبانی دارستانی ناوچەکانی ناودار و چلە رێککەوتنامەیەکیان بۆ فریا گوزاری بە هیلی کۆپتێر واژۆ کردووە کە هەتا ئیستا نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.بەرپرسی فەرمانداری گیلانغەرب سپاس وپێزانینی خۆی بۆ خەڵکی ناوچەکانی حەیدەریە لە بەخشی گواوور و چلە لە بەخشی ناوەندی شاری گیلانغەرب دەربڕیووە.هەر چەند بەرپرسایەتیی پاراستنی دارستانەکان و لەوەڕگەکان لە ئەستۆی ناوەندە حکوومەتییەکانی وەک ئیدارەی ژینگەپارێزی، جەنگەڵبانی و ئیدارەی ئاگرکۆژێنەوەیە، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هاووڵاتییانی کوردی چالاکی بواری ژینگەپارێزی و خەڵکی گوندەکان بە شێوەی خۆڕسک هەوڵی کۆژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن.
پێش تاقیکردنەوەی رژیم کەمکردنەوەی تەحریمەکان جێبەجێ نابێ
جەک لوو وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا کە بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی وەزیرانی جی 20 لە ئەنکارایە ووتی: تا ئەوکاتەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بەریچوەبردنی بەڵینەکانی رژیم لە رێکەوتنەکە پەسەند نەکات، هیچ کەمبوونەوەێک لە گەمارۆ نێودەوڵەتیەکان دژی رژیمی ئێران بوونی نابێ. بە پێی ووتەی جەم لوو هەرجۆرە کەمکردنەوەێکی تەحریمەکان مەرجدارە بە راستی قسە و بەڵینەکانی رژیمی ئاخوندی
سێ فەرماندە و 39 چەکداری داعش لە موسڵ کوژران
لە ئاکامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لەژێر ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی داعش لە باشووری شاری موسڵ، دوو فەرماندەی سەربازی داعش کوژران. هاوکات بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان 39 چەکدار و فەرماندەیەکی دیکە لە تەلەعفەر کوژراون.سەعات 10:30 خولەکی ئەمڕۆ یەکشەممە 6 ئەیلوولی 2015، بۆمبێکی چێندراو لەلایەن ژمارەیەک چەکداری گرووپی سەریا سەلام، بە هەمەرێکی رەشی سەربازی داعشدا تەقێندرایەوە. بەپێی سەرچاوەیەک لەنێو موسڵ بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، رووداوەکە لە نزیک گوندی توفاحە لە ناوچەی عەین جەحش لە باشووری شاری موسڵ روویداوە، بەهۆشیەوە هەریەک لە سەلمان فەزەع (ناسراو بە عومەر سعودی) بەرپرسی ناوچەکانی تلول باج تاوەکو حەزەڕ، عەلی کەلاری بەڕەگەز کورد و شوفێرەکەیان کوژراون.هاوکات شانەی راگەیاندنی جەنگی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کوژرانی 40 سەربازی داعشی لە شارۆچکەی تەلەعفەر لە رۆژئاوای موسڵ راگەیاند.شانەی راگەیاندنی جەنگی هەر ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا کە فەرماندەیی هێزی ئاسمانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵگری عێراقی، هێرشێکی ئاسمانیان بۆسەر سەربازگەیەکی چەکدارانی داعش لە شارۆچکەی تەلەعفەر ئەنجامداوە.بەپێی راگەیێندراوەکە، لە بۆردوومانەکەدا 40 چەکداری داعش و حەسەن موحسین ئەلجەلابی، فەرماندەی مەشق و راهێنانەکانی داعش لەنێو کوژراوەکاندایە.لە9 ی حوزەیرانی 2014، داعش شاری موسڵ و بەشێکی زۆری سنووری ئەو پارێزگایەی کۆنترۆڵکرد، چەکدارانی گرووپی سەرایا سەلامیش سەر بە رەوتی سەدرن و لەپاڵ هێزە ئەمنییەکانی دیکە دژی داعش لە شەڕدان.
سوودەکانی وات لێدەکات گەنمە شامی زیاتر بخۆیت
گەنمەشامی ئەو خواردنەی گەورە و بچوک کۆدەکاتەوە و یەکێکە لەو خواردنە بەتام و بەسود و تەندروستانەی کە هەمیشە بە دیار تەلەفزیۆن و سینەماوە دەخورێت بەبێ ئەوەی زانیاری هەبێت لەسەر ئەوەی گەنمەشامی سەرچاوەیەکی بەسودە بۆ لەشی مرۆڤ. توێژینەوە زانستییە نوێیەکان دەریانخستووە، کە گەنمەشامی بەشێکی زۆر ماددەی دژە کارلێکی "پۆلیفینۆلاس"ی تێدایە کە ئەو ماددەیە یارمەتیدەرە بۆ بەرگریدان بە لەشی مرۆڤ دژی جۆرە جیاوازەکانی وەرەمی مەترسیدار و هەوکردن و نەخۆشی دڵ مولولەکانی خوێن.