پێنج بەندکراوی دیکەی کورد لەسێدارە دران
دوو هاووڵاتی بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون
خۆکوژی لاوێک و سێ منداڵ لە شاری مەهاباد
هاجەر پیری ٩ ساڵ لە مەرەخەسی بێ بەشکرا
هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن ئیتلاعاتەوە لە دوای لێدان و ئازار دەستبەسەرکرا
پێنج بەندکراوی دیکەی کورد لەسێدارە دران
بەپێی هەواڵەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەر حوکمی سێدارەی پێنج هاووڵاتیی کورد لە زیندانی "دەریا"ی ورمێ لەلایەن دەزگای سەرکوتگەری قەزایی رژێمی ئێرانەوە جێبەجێ کراوە.
ناوی ئەو بەندکراوە لەسێدارە دراوانە بریتییە لە “عارف ئیسماعیلی، مەحکووم خدری، کەریم تەقیزادە (موهەندیس)، فایق عابیدی و جەواد ئەسغەری.”
ئەو پێنج کەسە کە سەرجەمیان خەڵکی ناوچەی ورمێ بوون بە تۆمەتی “بەکارهێنان و کڕین و فرۆشتنی مادە هۆشبەرکان” لەلایەن دەزگای دادوەریی رژێمی ئیرانەوە، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو.
دوو هاووڵاتی بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون
بەپێی هەواڵی هەواڵدەری کوردپا، بە هۆی تەقینەوەی مین لە دەوروبەری گوندی سنووریی"زاوەر" لە شاری پاوە، ژنێکی کەمئەندام لە شەڕی ئێران و عێراق، بە توندی بریندار بوو.
ئەو ڕووداوە ڕۆژی هەینیی ڕابردوو و لە مووچە و مەزاری هاووڵاتییەکی جووتیار ڕوویداوە.
ئەو ژنە کوردە ناوی مریەم ئەمینیان ڕاگەیەندراوە، کە هەردوو لاقی بە سەختی سووتاوە و بەو هۆیەوە لە نەخۆشخانەی قودسی شاری پاوە لە ژێرچاوەدێریی پزیشکیدایە.
لەو پەیوەندییەدا و لە هەواڵێکی هاوشێوەدا، لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵەی خەڵکی گوندی"سەردۆش"ی سەر بە شاری مەریوان، بە هۆی تەقینەوەی چاو و دەستی بە سەختی بریندار بووە.
ئەو هاووڵاتییەش ناوی کارزان محەممەدیە. ناوبراو ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی بووعەلی شاری مەریوان و دواتر بۆ شاری تاران گواستراوەتەوە.
بە وتەی یەکێک لە خزمانی ناوبراو، ئەگەری کوێر بوونی کارزان لە ئارادایە.
خۆکوژی لاوێک و سێ منداڵ لە شاری مەهاباد
بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان رۆژی شەمە ٢١ی خەزەڵوەر، سەعید عەلی پوور تەمەن ١٧ساڵ و خەڵکی ئاوایی ئیندرقاشی مەهاباد، خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە لە حەوتووی ڕابردوودا،منداڵێکی تەمەن 8 ساڵان بە ناوی “گزینگ ماندێگا” خۆی هەڵواسیوە کە خەڵکی ئاوایی "لەج" ی سەر بە شاری مەهاباد بووەو هۆی خۆکوژیەکەی ناروونە.
بەوتەی کارناسانی کۆمەڵایەتی، سیاسەتی هەڵاواردنی ڕێژیمی ئێران، بێکاری، هەژاری لەڕادەبەدەر کە دەرئەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیمی ئێرانە، ڕۆژ لەدوایڕۆژ کۆمەڵگا زیاتر تووشی کێشەکۆمەڵایەتیەکان دەکات.
هاجەر پیری ٩ ساڵ لە مەرەخەسی بێ بەشکرا
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی مرۆڤایەتی، هاجەر پیری بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی نەغەدە ماوەی ٩ ساڵە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری کرمان ڕاگیراوە.
ئەو بەندکراوە تەمەن ٣٣ ساڵە، بانەمەڕی ١٣٨٦ لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ئیتلاعاتی شاری نەغەدەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٧ مانگ لە زیندانی تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی نەغەدە و ورمێ ڕاگیراوە.
ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕەزبەری هەمان ساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای رژێم لە ورمێ بە تۆمەتی ” ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان و هەروەها هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات” سزای ١٧ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی کرمانی بەسەردا سەپێندرا.
هاجەر پیری لەکاتێکدا نۆیەمین ساڵی بەنکرانی خۆی تێدەپەڕێنێت کە ٨ ساڵ و ٦ مانگە لە بەندی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان ڕاگیراوە و باری جەستەیی ناجێگیرە و سینگی چڵکی کردووە و بەدەست ئازارەوە دەناڵێنێت.
هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن ئیتلاعاتەوە لە دوای لێدان و ئازار دەستبەسەرکرا
بەپێی هەواڵەکان ڕۆژی چوارشەممە ڕیکەوتی ١٩ی خەزەڵوەر، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران هێرشیان کردە سەر شوێنی کاری هاووڵاتییەکی کورد و کەوتنە لێدان و ئازار و شکەنجەی.
ناوی ئەو هاووڵاتییە کوردە “سەید تەها ڕەشیدی” خەڵکی بۆکانە کە لەکاتێکدا سەرقاڵی کاری ڕۆژانە بووە هێرش کراوەتە سەری و لە دوای لێدان و شکەنجە بۆ شوێنێکی نادیار گوازارەوەتەوە.
هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران ساڵانە بە دەیان و سەدان هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر و بۆ چەندین مانگ بێسەروشوێن دەکات و دواتریش دەزگای دادوهری بە تۆمەتگەلێکی بێ بنەما حوکمی زیندان و لەسێدارەدان و …، بەسەریاندا دەسەپێنێت.