درەنگانی شەوی ڕابردوو، بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران تەرمی دوو هاووڵاتیی خەڵکی کوردستانی ئێران کە لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران گیانیان دابوو، بەڕێكرانەوە بۆ زێدی خۆیان.
ڕۆژی هەینی لە قەزای سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر لە هەریمی كوردستان، ئاگر لە باڵەخانەیەك کە خوێندکاران و مامۆستای تێدا نیشتەجێبوون كەوتەوە، و بە هۆیەوە ١٤ کەس گیانیان دا و حەوت کەسیش بریندار بوون. لەنێوی کوژراوەکاندا دوو كەس بە ناوەکانی بەهرام مورادی و عومران مورادی، کە مام و برازان، خەڵکی گوندی دۆستانی ناوچەی شپیرانی سەڵماسن لە پارێزگای ورمێ کوردستانی ئێران. جگە لەو دوو کەسە، کەسێکی دیکە کە گیانی داوە، خەڵکی کوردستانی ئێرانە و هاوژینەکەی خەڵکی کوردستانی سوریەیە کە هەردووکیان ڕۆژی شەممە لە گۆڕستانێکی سۆران بەخاکسپێردران.