ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و وریاییداوە سەبارەت بە مەترسیی لەسێدارەدانی ڕەزا (غولامڕەزا) ڕەسایی، مەنووچێهر مێهماننەواز، مەنسوور دێهمۆردە، محەممەد قەبادلوو، موجاهید (عەباس) کوركور، لەنێو بەندکراوەکانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا.
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لانیکەم پێنج کەس لە ئێران لە پێوەندی لەگەڵ ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادیدا حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندراوە و لانیکەم پانزە کەسی دیکەش مەترسیی لە سێدارەدانیان لەسەرە و هەشت کەسیش بە دوای دادگاییکردنی ساختە و بە شێوەیەکی زۆر نادادپەروەرانە لە سێدارە دراون.
دەسەڵاتداران مافەکانیان لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە پێشێل كردووە و زۆرێکیان تووشی شکەنجە و مامەڵەی خراپی دیکە کردووەتەوە.
نیگەرانییەکان بۆ لەسێدارەدانی زیاتر لە زیادبووندایە و دەسەڵاتدارانی ڕژیم تەنیا لە مانگی نۆڤەمبەردا لانیکەم ١١٥ کەسیان لەسێدارەداوە.