یەکێک لەو باسانەی لەمرۆدا لە زانستگاکاندا دەبێ سەرنجی بدرێتێ و دژمنیش خەریکی پەرەپێدانیەتی مەترسی "لیبرالیسم"ی کۆمەڵگەی خوێندکاریە و کەسانێکیش پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە ئەو بیرۆکانە لە زانستگاکان و کۆمەڵگەدا پەرەپێبدەن.
ئەوە نیگەرانی ئاخوندێکە کە لە زانستگاکاندا دانراوە بەناوی عەباسی دەشتی کە رۆژی 24ی خەزەڵوەر گوتی. مەبەستی ئەو ئاخوندەش لە مەترسی لیبرالیسم لە کۆمەڵگەی خوێندکاری، پەرەسەندنی دۆخێکی پڕ لە نەفرەت و رق و ناڕەزایەتی لە زانستگاکان دژ بە رژێمە، کە هەر چیەک لەگەڵ بیرکردنەوەی دواکەوتووانەی ئەواندا یەکنەگرێتەوە بەو وشانە پێناسەی دەکەن.
نمونەیەک لەو بابەتانەی بۆتە هۆی نیگەرانی و دڵەڕاوێی ئاخوندان، رۆژی 25ی خەزەڵوەر لەلایەن خوێندکارانی زانستگای بجنوردەوە رووی دا.
لەوێ دا 300 کەس لە خوێندکاران بە ناڕەزایەتی لە دزی و گەندەڵی دەسەڵاتدارانی رژێم و رەوشی خراپی خزمەتگوزاری، رێگەی چوونە ژوورەی زانستگایان داخست. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە گوێ لەمستانی ئاخوندان بە هەموو شێوەیەک هەوڵیان دەدا کە خوێندکارانی ئەو زانستگایە واز لە ناڕەزایەتیەکەیان بێنن، بەڵام بڕیاری خوێندکاران لەوە بەرزتر بوو کە فێڵ و فتووری کرێگرتەکان کاریان تێ بکات.
بەڵێ، مەبەستی ئاخوندەکان لە مەترسی لیبرالیسم لە زانستگاکان ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیانەیە کە هەر چەند لە هەنگاوی یەکەمدا بەشێوەیی ئاشتیانەو مەدەنی داواکانیان دەخەنەروو، بەڵام رژێم بە باشی دەزانێ کە هەر زوو باری سیاسیی بە خۆوە دەگرێ. رێک وەکوو ناڕەزایەتی چەند هەزار کەسی چین و توێژەکانی جەماوەر لە رۆژی 25ی خەزەڵوەری بەر دەرکی مەجلیسی رژێم کە لە دوای ماوەیەک دروشمە سینفیەکان بە دروشمی "زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ" گۆڕا.
جێی بیرهێنانەوەیە کە رۆژی 21ی خەزەڵوەر خوێندکارانی زانستگای رازی کرمان وتاردانی پاسدار سەعید جەلیلی مۆرەی باندی خامنەییان تێکدا. ئەو خوێندکارانە بە بەرزکردنەوەی دروشم گەلێک خوازیاری ئازادی یاشار سوڵتانی بەرێوەبەری بڵاوکراوەی مێعماری بوون کە دزی و زەوی خواردنی پاسدار قاڵیبافی لە شارەداری تاراندا ئاشکرا کردبوو. ناڕەزایەتیەکان بە جۆرێک بوو کە پاسدار جەلیلی مەجبور بوو وتارەکەی نیوەو ناچڵ وازلێبێنێ و زانستگا بەجێ بێڵێ.
هەروەها خوێندکارانی زانستگای سەنعەتی شەریف بە ناڕەزایەتی چەند رۆژەی خۆیان کە لە رۆژی 3ی ڕەزبەرەوە دەستیان پێ کردبوو، توانیان پاشەکشە بە دەسەڵاتدارانی رژێم بکەن لەبابەت وەرگرتنی پووڵی ساڵانە لە خوێندکاران. ئەوان بەتایبەت شیعاریان دەدا: خوێندکاری رۆژانە خوێندنی بە خۆراییە.
رۆژی 10ی ڕەزبەریش خوێندکارانی خواجەنسیری تاران لە ناڕەزایەتیەکی هاوشێوەدا هاواریان دەکرد:
"من بە زۆر پووڵ نادەن، من بە زۆر پووڵ نادەم"
راستی ئەوەیە کە رق و بێزاری خوێندکاران و سیاسی بوونی ناڕەزایەتیەکانیان هاوشێوەی باقی چینەکانی کۆمەڵگە، مۆرەکانی رژێمی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردوە. ترسێک کە بۆتە هۆی ئەوەی بە دێڕگەلێکی وەک "مەترسی لیبرالیسم لە کۆمەڵگەی خوێندکاری" دەریبڕن.