سێ هاووڵاتیی خەڵکی بۆكان بە ناوەکانی کامڕان سوڵتانی، ڕەئوف شێخ مەعرووفی و محەممەد فەرەجی کە ساڵی ڕابردوو لە ڕەوتی شۆڕشدا لە شاری بۆكان لەلایەن بەکرێگیراو و سەرکوتکەرەکانی ڕژیم گیرا بوون، بە تۆمەتی ساختەی "افساد فیالارض" تۆمەتبار کراون و مەترسی ئەوە هەیە سزای لەسێدارەدان بەسەریاندا بسپێنن.
ئەم هاووڵاتییانە ساڵی ڕابردوو لە شاری بۆكان لەلایەن ترۆریستە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم گیران و بۆ ئیدارەی ترۆریستی ئیتلاعاتی شاری ورمێ ڕاگوێزران.
ناوبراوان لە گرتووخانە ئیدارەی ترۆریستی ئیتلاعاتی ورمێ بە هێشتنەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکان بۆ دانپێدانانی زۆری و قبوڵکردنی تۆمەتی ساختەی"بەشداریکردن لە کوشتنی ئەفسەرێکی ئەمنی ڕژیم" لە بۆكان لە ژێر فشار و شکەنجەی دەروونی بوون, بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو فشارە، ئەم تۆمەتە ساختانەیان ڕەتکردەوە.
ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە لە ٢٠ی خەزەڵوەری ئەمساڵدا دوای تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوە بۆ زیندانی بۆكان گوازرانەوە و لە ئێستادا لە زینداندان.