رۆژی پێنج شەممە 27ی خەزەڵوەر، مەئمورێکی سەرکوتگەری رژێم لە فومەن، زلەیەکی لە ئافرەتێکی زەحمەتکێشی دەستفرۆش دا. دوو رۆژ دوای ئەوەی مەئمورێکی دیکەی رژێم لە ورمێ لاوێکی دەستفرۆشی دایە بەر لێدان و شکەنجە. هەواڵ و گرتەی فیلمی ئەو دوو روداوە هەر زوو لە ئینترنێت و تۆڕەکۆمەلایەتیەکان بڵاوکرایەوەو کاردانەوەی خەڵکی بەدوای خۆیدا هێنا. کۆڕێکی تازەڵاوی ئەو پیرێژە فومەنیە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا داوای لە خەڵک کرد کە هەواڵی ئەو دەستدرێژیە بڵاو بکرێتەوە و بۆ گەرانەوەی مافی هاوڵاتیبوونی، داوای پشتیوانی کرد. خەڵکی ورمێیش لەسەر لێدانی ئەو لاوە دەستفرۆشە ، کاردانەوەیان هەبوو وە پاشەکشەیان بە مەئمورەکەی رژێم کرد. شێرە ژنێک کە بە ناڕەزایەتی لە هەڵسوکەوتی هێزەکانی رژێم هاواری دەکرد، باقی هاووەڵاتیانی هاندا بۆ بەرانگاری و ناڕەزایەتی بە هێزەکانی رژێم. جۆزەردانی ئەوساڵیش نزیک بە 35 خوێندکاری کچ و کوڕی خەڵکی قەزوینیان بە تۆمەتی بەشداری ئاهەنگێک، هەر کەسەو بە 99 زەربەی قەمچی سزا دا. هەر لە سەرتای ساڵیشەوە کرێکارانی ناڕازی کانی زێری ئاق دەڕەی تیکابیشیان بە بیانووی داواکردنی مافەکانیان دایە بەر قەمچی. دەتوانین رۆژانە هەواڵی لەو چەشنە لە راگەیەنەکاندا بخوێنینەوە یان لە کاتی تێپەڕین لە شەقام و کۆڵانەکان ببینین. هەر لەو سەرودەمەدا بوو کە باسێکی شەرعی مافەوانی لە نێوان ئەندامێکی هەیئەتی زانستی کۆلیژی ماف و زانستی سیاسی زانستگای تاران لەگەڵ موحسینی ئێژەیی جەلاد، لەسەر چۆنیەتی بەرێوەبردنی مادەی 102ی قانوونی جەزا رووی دا کە ئایا قەمچی لێدان بۆ وێنە لە خوێندکاران قانوونیە یان نا؟ (ماڵپەڕی حکومەتی ئافتاب 10ی جۆزەردانی 95) هەر لە یەکەم ساڵەکانی دوای سەرکەوتنی راپەرینی 57، هێزە شۆرشگێڕەکان بە تەواوی لە بەرامبەر قانوونی بنەڕەتی و قانوونی تۆڵە ی خومەینی راوەستان و رایانگەیاند کە ئەو قانوونانە لە ئاستی خەڵکی راپەریوی ئێراندا نین و بە قانوونێکی دواکەوتوو وە دژە مرۆییان پێناسە کرد. بۆیە خومەینی سەرشێتانە کەوتە جەستەی شۆرشگێڕان و دەستی کرد بە خوێنیاندا. لەمرۆداو دوای تێپەڕینی زیاتر لە 3 دەیە، نزیک بە 50 ملوێن ئێرانی موبایلیان بەدەستەو لە شەقامەکاندا راوی هەر رووداوێک دەکەن کە جەلادان و مۆرە سەرکوتگەرەکانی خامنەیی لە بەر چاوی جیهان ریسوا بکەن، هەر وەک چۆن لەو چەند نمونەی لە سەرەوە باس کرا، کردیان. وە جامی ریسوایی و پڕ لە شوورەیی ئاخوندانیان سەراوبن کرد و راگەیێنە جیهانیەکانیان لێ ئاگادار کرد. بە خۆشیەوە لەم سەردەمەدا حەتا لێدان و شکەنجەی زیندانیانیش هەر زوو بە رای گشتی دەگا، هاوکات ناونیشانی جەلاد و شکەنجەگەرەکانی رژێمیش هەر زوو بڵاودەکرێتەوە. کارێکی خێر کە کەمترین بەرپرسایەتی هەر مرۆڤێکی شەریف و ئازادەیە.
کارێک کە بە جۆرێک پارێزراوی کۆمەڵایەتی بۆ خەڵکی بەدوادا دێ و لە بەرامبەردا رژێم و مۆرەکانی تووشی کێشە دەکا. هەر چەند ئەوە ئەرکێکە کە خەڵک لە یەکەم هەنگاودا بۆ بەرەنگاریی لەگەڵ هەر شێوە کردەوەیەکی نامرۆڤانەی حکومەتی ئاخوندان، لە ئەستۆی دەگرن. بێگوومان جەماوەر لەو ئاستەدا ناوەستن و درەنگ یان زوو لە بەرامبەر مۆرە سەرکوتگەرەکاندا هەڵدەستن. ئەو رۆژە یەکەم پەشیمان لە کردەی خۆی خامنەیی و مۆرە سەرکوتگەرەکانی دەبن. هیچ کەس کەفالەتی ئەوەی نەکردوە کە بێرێزی بە دەستفرۆشێکی سادە، لە ناکاو دەبێتە کڵپەی ئاگری راپەرینێکی کۆمەڵایەتی. هێشتا شۆرشی تونس زۆری بەسەردا نەرۆیشتووە و هەموومان ئەزمونی ئەو شۆرشەمان باش لە یادە. زۆر دوور نیە کە رۆژێک یەکێک لەو بروسکانە، ئاگر لە خەرمانی بوونی نیزام بەردا. ئاگرێک کە دەتوانێ سەرتاپای نیزام بسوتێنێ. مەئموری تەنیاییەکانی خامنەیی و مۆرە ئیتلاعاتیەکانی باشە بزانن کە بەراوردی ئەو کۆمەڵگە بە بۆشکەی بارووت، بەراوردێکی هەڵە نیە، هیچ زیادەرەویی و گەورەکردنەوەیەک لە بەراوردەدا نیە. کە وایە بزانن ئەوەی دەیچێنن درەوی دەکەن. جەماوەری ئێران کە کێرد بە ئێسکیان گەیوە، پێشتریش زۆر جار نیشانیان داوە کە کاتێ راپەڕن، کارێکی گەورە دەکەن.