لاوێکی خەڵکی شاری نەوسوودی سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوی پەیمان عەبدی کە لەلایەن ناوەندە ترۆریستە و بەناو ئەمنیەتییەکانی ڕژیمی ئێران لە شاری کرماشان گیرابوو, بەهۆی ئشکەنجەی دڕندانەی ئەو بەکرێگیراوانە گیانی دا.
سەرەڕای ئەوەش ناوەندەکانی ئتلاعاتی ترۆریستی ڕژیمی ئێران هەڕەشەیان لە خانەوادەی ئەو لاوە کردووە کە هەواڵی کوشتنی کوڕەکەیان نابێت لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو بکرێتەوە و پێیان وتوون کە کوڕەکەتان لەکاتی نان خواردندا خنکاوە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە ئاگادارەکان, ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی بەفرانبار، هاووڵاتییەک بە ناوی پەیمان عەبدی، لاوی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی شاری نەوسوودی سەر بە شارستانی پاوە لە پارێزگای کرماشان کە باوکی دوو منداڵە, حەوتووی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ترۆریستی ئاگاهی لە کرماشان و لەژێر شکەنجەی دڕندانەی ئەو هێزانەدا چووەتە حاڵەتی کۆما، لە نەخۆشخانەی ئەرتەشی ڕژیم لەو شارە گیانی داوە.
کەسێکی نزیکی ئەو لاوە لەم پەیوەندییەدا ڕاگەیاندووە: "ڕۆژی سێشەممە لە نەخۆشخانەی ٥٢٠ی کرماشان ناسراو بە نەخۆشخانەی ئەرتەش، پەیوەندی بە خانەوادەی عەبدییەوە کراوە و پێیانیان ڕاگەیاندووە کە تەرمی کوڕەکەیان لێرەیە و دەتوانن بێن وەریگرنەوە.
ناوەندە ئەمنییە سەرکوتکەرەکانی ڕژیمی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٠ی بەفرانباری ۱۴۰۲ی هەتاوی، دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامەیەکی نووسراو لەلایەن خانەوادەی عەبدی کە نابێت هەواڵی کوشتنی کوڕەکەیان لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو بکرێتەوە، ئینجا تەرمی پەیمانیان ڕادەستی ئەو خانەوادەیە کردووە.