بەپێی هەواڵەکان هاووڵاتییەكی دیكە بە ناوی ڕەحیم عەبدوڵڵاهی، خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم گیراوەو بەمجۆرە ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لەم شارە گیراون بۆ سێ کس زیادی کردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی سەرچاوەكانی هەواڵ، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٩ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٢، هێزەکانی ئیدارەی ترۆریستی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد ڕەحیم عەبدوڵڵاهی، هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٢ ساڵی خەڵکی ئەم شارەیان گرتووه و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هێزە سەرکوتکەرانە بە هێرشکردنە سەر شوێنی کارەکەی لە میوەفرۆشێک و بە توندوتیژی و دروستکردنی کەشێکی تۆقاندن، ناوبراویان گرتووە. شایانی باسە کە ڕۆژی دووشەممە، سیامەند مینا و كەریم سەنگەری لە لایەن بەكرێگیراوانی ڕژیمەوە گیراون.