بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ۹ی ڕێبەندانی ۱۴۰۲ی هەتاوی، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار، پژمان فاتیحی و موحسین مەزڵوم، بەفەرمانی دەزگای خوێنڕێژ و دژە مرۆیی قەزایی ڕژیمی ئێران، بە تۆمەتی ساختەی سیخوڕی کردن بۆ ئیسرائیل لە ڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبە ئوپوزسیونەکانی دژ بە حکومەتی آخوندی ئێران، وێڕای ئەوەی کە مانیان لەخواردن گرتووبوو، لەسێدارەدران. ئەم چوار زیندانییە ڕۆژی ڕابردوو، ئیزنی یەکەم و کۆتا دیداریان پاش ۱۹ مانگ بەندکران و شکەنجە بۆ دانپێیدانانی زۆری، لەگەڵ خانەوادەکانیان لە بەندیخانەی ئێڤین پێی درا و پاشان بە مەبەستی لەسێدارەدان بۆ بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج ڕاگوێزارن. ئەم چوار کەسە لەو چاوپێکەوتنەدا بە خانەوادەکانیان ڕایانگەیاندبوو کە بەشانازیەوە ڕێگەی خەباتیان هەڵبژاردووەو داوا لە هاوسەنگەرەکانیان دەکەن کە درێژەدەری ڕێگەکەیان بن.
شایانی باسە که پێشتر کاک بابەشێخ حوسەینی، سکرتێری گشتی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران و چەندین ناوەند و کەسایەتی گەورەو بەناوبانگی دیکە، لەوانە ماموستایانی ئائینی شاری بانە، کومیتەی سەرانسەری خوێندکارانی کوردستان، دایکانی و خانەوادەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و چەندین کەسایەتی دیکەی سیاسی و مەدەنی، داواکاری هەوڵی خێرا و کاریگەر بۆ ڕێگری کردن لە ئیعدامی زیندانیانی سیاسی کردبوو.