ئەمڕۆ سێشەممە ۱۰ی ڕێبەندانی ۱۴۰۲ی هەتاوی، بەپێی بانگەوازی خانەوادەی چوار بەندکراوی سیاسی کورد کە ڕۆژی ڕابردوو بەدەستی جەللادەکانی ڕژیمی ئاخوندی ئێران لەسێدارەدران، وە هەروەها چەند ناوەندێکی مافی مرۆیی کوردستان، بۆ مانگرتنی گشتی و بە مەبەستی هاوخەمی لەگەڵ خانەوادەی شەهیدان و دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دەسەڵاتی خۆسەپێنی ئاخوندی، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان مانگرتنی گشتیی بەڕێوەچوو.
بەپێی ئەو ڕاپۆرت و هەواڵانەی کە بە وێنە و ڤیدیو بە دەستی دەنگی خەبات ی کوردستان گەیشتوە، لە شارەکانی; سنە، سەقز، مەهاباد، بۆکان، دێگولان، مەریوان، دیواندەرە، شنۆ، پیرانشار، سەردەشت و زۆربەی دیکەی شارەکانی کوردستان بەڕێوەدەچێ.
شایانی باسە کە شەوی ڕابردوو هاووڵاتیانی دڵسۆز و نیشتمان پەروەر، بە سەردانی ماڵی ئەم چوار شەهیدە، لە خەم و پەژارەی خانەوادەکانیان بەشدار بوون و بەتەنیایان نەهێشتن.