یه‌ک شه‌مه‌ 

8 ره‌زبه‌ر2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان (21ی خەرمانان)

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان (21ی خەرمانان)
سازمانی خەبات


زۆرانبازێکی کورد میداڵی بورۆنزی جیهانی بە دەستهێنا

 

وەرزشکارێکی کورد بە سەرکەوتن بەسەر وەرزشکارێکی خەڵکی قەزاقستان توانی پلەی سێهەمی لە کێبڕکێی زۆرانبازیی فەرەنگی جیهان لە وڵاتی ئامریکا(٢٠ ١٥)بۆ خۆی دەستبەر بکات.یووسف قادریان لە کێشی ٨٠  کیلۆ لە ئێران لەگەڵ وەرزشکارێکی خەڵکی قەزاقستان بەرەووڕو ببووە و لە ئەنجامدا توانی دوو بە سیفر بەسەر زۆرانبازی قەزاقی سەرکەوێت و میداڵی بورۆنزی ئەو کێبرکێیە بەدەست بێنێت.ئەو وەرزشوانە کوردە لەگەڵ ٢٧وەزشوانی دیکە لە وڵاتانی جیهان لە کێشی ٨٠  کیلو چوونەتە سەر قەپان.یووسف قادریان کە لاوترین وەزشوانی ئێرانی بەشدار لەو کێبڕکێیانە دێتە ئەژمار بە بردنەوەی میداڵی بورۆنزی لە لاسوێگاسی ئامریکا، پلەی نۆیەمی لەئاست جیهان مسۆگەر کرد.یوسف قادریان خەڵکی شاری سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستانە و چەند ساڵێکە لە شاری تاران نیشتەجێیە.یانەی زۆرانبازی فەرهەنگی ئێران لە کۆتایی رۆژی دووهەمی کێبرکێی زۆرانبازی جیهان لە لاسوێگاسی وڵاتی ئامریکا بە بردنەوە دوو میداڵی زێو و بورۆنز و بە دەستهێنانی ٢٣ ئیمتیاز دوای وڵاتانی روسیە، ئازەربایجان و ئۆکراین پلەی چوارم لە جیهاندا بۆ خۆی دەستەبەر کرد.وڵاتی ئیڕان لە کێبڕکێ‌کانی ساڵی رابردوو لە زۆرانبازی فەرەنگی بوو بە پاڵەوانی ئەو کێبڕکێیە و لە زۆرانبازی ئازادیشدا پلەی دووهەمی بۆ خۆی دەستبەر کرد.



دروستکردنی قوتابخانەیەکی سەرەتایی لەلایەن خێرخوازێکی کوردەوە

 

خێرخوازێک لەشاری بانە قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە سەر تێچووی خۆی بۆ قوتابیان و ئۆگرانی زانست دروست کردووە.بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، رەسووڵ عەبدی  ناسراو بە رەسووڵ تاژانی ناوی ئەو هاووڵاتییە خێرخوازەی شاری بانەیە کە قوتابخانەیەکی شەش کلاسی دروست کردووە.ئەو قوتابخانەیە لە گەڕەکی ئەحمەدئاوای شاری بانە بنا نراوە.رەسووڵ عەبدی ناوی دایکی خۆی واتە " ئامینە خدری" لەسەر قوتابخانەکە داناوە.پێشتر ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە زاری خەڵکەوە بڵاوی کردبوویەوە، بەشێک لە قوتابییەکانی ئەو شارە بە هۆی نەبوونی قوتابخانەی شیاو و ستاندارد وازیان لە خوێندن هێنابوو.ئەو وازهێنانە زیاتر کچانی لە خۆ گرتبوو و کچە قوتابییەکان بە هۆی دووربوونی قوتابخانە لە ماڵەکانیان وازیان هێنابوو.
 

ئەندامێکی دیکەی ئیتلاعات لە شاری بۆکان کوژرا

 

کوشتنی کەسانی سەر بە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران قۆناغێکی تازەی بە خۆیەوە بینیوە و لە دوایین حاڵەتیشدا کەسێک کە لەناو خەڵکدا بە “ئیتلاعەتی” ناسرابوو، لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە کوژراوە.بەپێی هەواڵی کوردپا، شەوی رابردوو رێکەوتی ٢٠ ی خەرمانان کەسێک بە ناوی “عەبدوڵڵا دادوەند” بە چەقۆ لە ناو شاری بۆکان کوژرا.عەبدوڵڵا دادوەند کە لە ناو خەڵکی شاری بۆکان بە مۆرەی ئیتلاعات ناسرابوو، تەرمەکەی بە کوژراوی دۆزراوەتەوە و دەوترێت کە شوێنی چەندین زەربە چەقۆ بە جەستەییەوە دیار بووە.ئەو سەرچاوەیە لەزاری چەند کەسێکەوە رایگەیاندووە، عەبدوڵڵا هاوکات لەگەڵ ئەوەی مۆرەی ئیتلاعات بوو، دەستی باڵاشی لە ئازار و ئەزیەتی خەڵکی شاری بۆکان بە تایبەت لاوەکاندا هەبوو و بە” لات و لووت” ناسرابوو.کەسانی ئاگادار باسیان لەوە کردووە، دادوەند لە گەڵ ” حەسەن بانەیی” کە ماوەیەک لەمەوبەر کوژرا دۆستایەتیان هەبووە و لە بەڕێوەبردنی کارەکانیاندا پێکەوە هاودەنگیان هەبوو.رێکەوتی ٥ی خەرمانانی ئەمساڵ کاتژمێر ١١ی شەو کەسێک بە ناوی”حەسەن عەلیپوور” ناسراو بە حەسەن بانەیی لەگەڕەکی جادە حەساری شاری بۆکان درابوویە بەر دەستڕێژی گولـلە.

 
مامۆستایەکی کورد دووبارە دەستگیر کرا

 

“عەلی حسێن پەناهی” مامۆستای کوردی دێهگولانی، بەرەبەیانی دوێنی پێنجشەممە 19ی مانگی خەرمانان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستگیر کران.بە پێی راپۆرتی ناوەندیی چالاکانی مافی مرۆڤ، ئەو مامۆستا کوردە بەرەبەیانی پێنجشەممە 19ی مانگی خەرمانانی ساڵی 1394ی هەتاویی لە حاڵێکدا لە لایەن هێزە لیباس شەخسیەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستگیر کرا کە ناوبراو لە ماڵی باوکی لە ئاوایی “قروچیا” سەر بە شاری دێگولان بوو.پاش دەرکرانی ئەو مامۆستا دێهگولانەی، ژماریەک لە چالاکانی مەدەنی لە “دێهگولان” و ئاوایی “قرودیا” بە کۆکردنەوەی واژۆ و نووسینی نامەی ناڕەزایی بۆ پارێزگاری سنە و هەروەها ئیدارەی پەردەوەی سنە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی دەرکردنی ناوبراو بوون.ئەمە لە کاتێک دایە کە عەلی حوسێن پەناهی پێشینەی 8 ساڵ کاری مامۆستایەتیی هەیە.رۆژی هەینیی رابردوو ئەو مامۆستا کوردە لە مزگەوتی گوندی قڕووچای لەدژی هەڵسوکەوت و سیاسەتە هەڵاواردنەکانی کۆماری ئیسلامی قسەی بۆ خەڵک کرد و داوای لێکردبوون لە بەرانبەر ئەو سیاسەتانە بێدەنگ نەبن کە هەر ئەو قسانە بوونە هۆکاری دەستیگرانی.عەلی حوسێن پەناهی خاوەن بڕوانامەی ماستەری زمانی عەرەبی و بۆ ماوەی 4 ساڵ سەرۆکی ئەنجومەنی گوندی قڕووچای بووە و ماوەی 8 ساڵیشە لە قوتابخانەکانی سنە مامۆستایە.بۆ پیشگیری لە دەرکردنی علی حوسێن پەناهی کە بە بڕیاری وەزارەتی ئیتلاعات دەرکراوە، چالاکوانانی مەدەنیی کورد و مامۆستایان نامەیەکیان بۆ پارێزگاری سنە و ئیدارەی پەروەردە وبارهێنانی پاریزگای سنە نووسیوە کە پیداچوونەوە بەو بڕیارەدا بکرێت و ئەو ماۆستایە بگەڕێتەوە سەر کارەکەی.

 
ژنێکی کورد لە شاری شنۆ بە هۆی خۆکوژییەوە گیانی دا

 

ژنێکی کوردی خەڵکی ناوچەی شنۆ لە رێگای خۆهەڵواسینەوە دەستی دایە خۆکوژیی و لەو رێگایەوە گیانی دا.بەپێی راپۆرتی سەرچاوەکانی هەواڵ، ژنێک بە ناوی “زارا مەجیدی” تەمەن 40 سال و خەڵکی یەکێک لە ئاواییەکانی سەر بە شاری شنۆ بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە دەستی داوەتە خۆکوژیی و لە ئاکامدا گیانی داوە.ئەو ژنە ماوەی یەک ساڵ لەمەوبەر لە هاوسەرەکەی جیا بووەتەوە و لە ماڵی باوکی دەژیا و دەوترێت کە لەم دواییانەدا ئەو ژنە ویستبووی بگەڕێتەوە لای مێردەکەی، بەڵام ماڵی باوکی “زارا” دژایەتیان لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ لای مێردەکەی کردووە و چەندین جار لێیان داوە و هەر بەو هۆیەوە زۆر کەوتووەتە ژێر زەخت و گوشار و شەوی رابردوو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.جێگای ئاماژەیە، نەهامەتیی و کێشەکانی ژیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وای لە ژیانی هاوڵاتییان کردووە، کە چەندەها گیر و گرفتی جیاجیا بەرۆکی پێیان گرتووە و زۆر جار بە هۆی ئەم گرفتانە و نەریتی بوونی کۆمەڵگا، پەنا بۆ دیاردەی نەشیاوی خۆکوژیی دەبەن و لەم نێوەشدا کچان و ژنان یەکەم قوربانییانی ئەم دیاردەیەن.


ئێران و رووسیە سەدان سەربازیان رەوانەی خاکی سووریە کردووە

 

بەرپرسێکی ئەمنیەتیی ئیسرائیل رایگەیاند، ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا، سەدان سەربازی رەوانەی خاکی سووریە کردووە. جەختیشدەکاتەوە، چالاکییە نیزامییەکانی رووسیە لە خاکی سووریە جێگەی نیگەرانی ئیسرائیل نییە.رۆژنامەیەکی ئیسرائلی لە زاری بەرپرسێکی ئەمنیەتیی ئیسرائیل رایگەیاندووە، قاسم سلێمانی، فەرماندەی سپای قودسی سپای پاسداران، لە چەند رۆژی رابردوودا سەدان سەربازی ئێرانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتینی، سەرۆکی رووسیە رەوانەی نێو خاکی سووریە کردووە.ئەو بەرپرسە ئەمنیەتییە کە نەیویستووە ناوی بهێنرێت، وتویەتی، رووسیە لە ماوەی رابردوودا، بەمەبەستی پاراستنی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، چەندین پێداویستی نیزامی و راوێژکاری رەوانەی سووریە کردووە.ئەو بەرپرسە ئەمنییە، ئاشکراشیکردووە، ئەو هاوئاهەنگییەی نێوان ئێران و رووسیە بۆ ناردنی سەرباز و پێداویستی سەربازی بۆ سووریە، دوای ئەوەدێت، کە سلێمانی سەردانی پوتینی کردوو و بەیەکەوە کۆبوونەوە.بەرپرسە ئیسرائیلییەکە، سەبارەت بە مەترسی ئیسرائیل لە دەستێوەردانی کاروباری نێوخۆی سووریە ئاماژەی بەوەکردووە، ئیسرائیل لە چالاکییە نیزامییەکانی رووسیە لە خاکی سووریە هەست بە نیگەرانی ناکات، چونکە ئامانج رووسیە لە ئەنجامدانی چالاکییە سەربازییەکان ئیسرائیل نییە.ئیسرائیل هەوڵدەدات لە رێگەی ئاسمانییەوە، چەک و پێداویستی نیزامیی رەوانەی سووریە بکات، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا نیگەرانە لە هەڵوێستەکانی رووسیە سەبارەت بە قەیرانی نێوخۆی سووریە.هاوکات باراک ئۆباما لە وتارێکدا بە بۆنەی ساڵیادی 11 ی سێپتامبر رایگەیاند”دەستێوەردانەکانی رووسیە لە کاروباری نێوخۆی سووریە رەوشەکە ئاڵۆزتر دەکات و رێگردەبێت لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەی ئەو وڵاتە لە رێگەی سیاسییەوە”.

 

%20ی خوێندکاران لە ئێران ماددە سڕکەرەکان بەکاردەهێنن

 

ئاماری خوێندکارانی تووشبوو بە ماددە سڕکەرەکان لە ئێران رۆژ لە دوای رۆژ رووی لە زیادبوون دایە و ئەوەش مەترسییەکی جیددیە بۆسەر توێژی خوێندکار لەزانکۆکانی ئێراندا.بەرپرسێکی بەرنگاربوونەوەی ماددە سڕکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندووە، 9% کوڕان و 11% کچانی خوێندکار لەزانکۆ دەوڵەتییەکان ماددە سڕکەرەکان بەکار دێنن.ئەو بەرپرسە رایگەیاندووە، زیاتری خوێندکاران جۆری ماددەی “حەشیش و کۆدۆئین” بەکار دێنن و ئاماری گیرۆدەبوون بە ماددە سڕکەرەکان لە زانکۆکانی ئێراندا جێگای نیگەرانییە.ئەو بەرپرس حکومەتییە لەدرێژەدا رایگەیاندووە 76%ی خوێندکارانی زانکۆ دەوڵەتییەکان ئیمکاناتی خوێندنیان نییە ئەوەش هۆکارێکە کە تووشی ماددە سڕکەرەکان دەبن.هەواڵدەریی حکومەتیی “ئیسنا” لەزاری بەرپرسێکی حکومەت بڵاوی کردووەتەوە کێشەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی سەرەکیترین هۆکاری راکێشانی خوێندکاران بۆ تووشبون بە ماددە سڕکەرەکانن.سەرۆکی رێکخراوی “بێهزیستی ئێران” لەو پێوەندییەدا رایگەیاندووە، 57%ی ئەو کەسانەی ماددە سڕکەرەکان بەکاردێنن کاریان هەیە کە لەو رێژەیە 64%یان ئاستی خوێندەواریان دیپلۆم و 21%ی ئەو کەسانەش بڕوانامەی کارناسیان هەیە.بەپێی ئامارەکان لەساڵی 1390ی هەتاویدا لەکۆی حەشیمەتی 15 هەتا تەمەن 64 ساڵ لەئێراندا 2.65%یانن گیرۆدە بە ماددە سڕکەرەکانن.رێژەی لاوانی تووش بوو بە ماددە هۆشبەرە سەنعەتییەکان لە ئێران و گیان لەدەستدان بە هۆی بەکارهێنانی ئەم ماددە هۆشبەرەانە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا بە توندی رووی لە زۆر بوون کردووە.ئامارەکانی رێکخراوی پزشکیی یاسایی باس لەوە دەکەن کە رۆژانە لانیکەم 11 کەسی تووشبوو بە ماددە هۆشبەرەکان گیانیان لەدەست دەدەن.لە ماوەی ساڵی 1392ی هەتاوی، دوو هەزار و 957 کەس بەهۆی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتی ئێران گیانیان لە دەست داوە کە لە ئەم ئامارەدا 2 هەزار و 727 کەس پیاوان و 230 کەسیان ژنان پێکیان هێناوە.

 
مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا دوو گەڵاڵەیان دژ بە رژێمی ئاخوندی پەسەند کرد

 

رایلکەی هەواڵی سی، ئێن، ئێن، 20ی خەرمانانی 1394، رایگەیاند، مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا کە لە ئێستادا زۆرینەی لە کۆماریخوازەکان پێکدێت بۆ ئەوەیکە نیشانی بدات زۆرینەی ئەو مەجلیسە لەگەڵ رێکەوتنی ئەتۆمیدا نین، دوو گەڵاڵەیان دژ بە رژێمی ئاخوندی پەسەند کرد. بە پێی ئەم راپۆرتە، پەسەندکردنی ئەو دوو گەڵاڵەیە ناتوانێ پێش بە بەرێوەچوونی رێکەوتنەکە لە لایەن ئۆباماوە بگرێت، بەڵام کۆماریخوازەکان خوازیاری ناردنی ئەم پەیامە سیاسیە بوون. جێگەی باسە کە گەڵاڵەی یەکەم دژایەتیکردن بوو لەگەڵ رێکەوتنی ئەتۆمی کە لە دەنگداندا 25 ئەندامی دیموکراتی مەجلیس لەگەڵ کۆماریخوازەکان هاوڕا بوون. هەروەها بە پێی گەڵاڵەی دووهەم، باراک ئۆباما ناتوانێت یەک لایەنە گەمارۆ یاساییەکان وەلا بنێت.



ئێد رۆیس: رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ رژێمی ئاخوندی قەیران خوڵقێنە

 

ئێد رۆیس سەرۆکی کومیتەی پەیوەندی دەرەکی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا وتی، بە روونی بڵێم رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ رژێمی ئاخوندی نە تەنیا رێکەوتنێکی خراپە بەڵکوو قەیرانبارە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانان و دۆستەکانمان.بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، ئێد رۆیس رۆژی هەینی 20ی خەرمانانی 1394، لە کۆبوونەوەی مەجلیسی نوێنەران رایگەیاند، هەر رێکەوتنێکی ئەتۆمی دەبێت بۆنیادی ئەتۆمی رژێمی ئاخوندی هەڵبگرێت و دەرفەتی پشکنین و دۆزینەوەی راستییەکان لە هەر کات و هەر جێگاێک برەخسێنێت. هەروەها دەبێت پشکنینی هەموو سایت و دامەزراوە گوماناوییەکان لە خۆ بگرێت. جێگەی باسە کە ئێد رۆیس لە کۆتایی قسەکانیدا وتی، هیچ کام لەو بابەتانە لە رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ رژێمی ئاخوندی لەبەر چاو نەگیراوە.

 

ئیلیانا رۆزلهتینن: نابێت بە رژێمی ئاخوندی ئیمتیاز بدەین

 

سەرۆکی ژێر کومیتەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقا وتی، نابێت بە رژێمی ئاخوندی کە هەموو پەیمانە نێونەتەوەییەکانی پێشێل کردووە ئیمتیاز بدەین. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، ئیلیانا رۆزلهتینن لە کۆنگرەی ئەمریکادا جارێکیتر دژایەتی خۆی لەگەڵ رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ رژێمی ئاخوندی دەربری و وتی، ئەم رێکەوتنە میلیاردها دۆلار دەداتەوە بە رژێمی ئاخوندی تاکوو لە پاڵپشتیکردنی تیرۆ و تیرۆریسم خەرجی بکات. ناوبراو هەروەها وتی، ئامانجی ئەو رژێمە زیادکردنی دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکەیە و نابێت بە رژێمی ئاخوندی ئیجازەی پیتاندنی ئۆرانیۆم بدرێت، نابێت بەو رژێمە ئیمتیاز بدەین، پاڵپشتیکردن لە رژێمێک کە پەیمانی ئێن پی تی  و پێنج بریارنامەی شۆرای ئەمنییەتی پێشێل کردووە، شێتییە.


نوێنەرانی کۆنگرەی ئەمریکا بۆ پێشگرتن لە رێکەوتنی ئەتۆمی لە دادگا سکاڵا تۆمار دەکەن

 

نوێنەرانی مەجلیسی ئەمریکا بە مەبەستی پێشگرتنی لە جێ بە جێکردنی رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ رژێمی ئاخوندی سکاڵا لە دادگا تۆمار دەکەن. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، هەواڵدەری ئاسۆشەیتدپرێس رۆژی هەینی رایگەیاند، سەرەرای ئاکامی دەنگدان لە سەنای ئەمریکا، ئەندامانی مەجلیسی نوێنەران بە تاقیکردنەوەی دەسەڵاتی خۆیان دژ بە رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ رژێمی ئاخوندی درێژە دەدەن. بلیک فیرنت هۆلد ئەندامی کۆماریخوازی کومیتەی قەزایی مەجلیسی نوێنەران رایگەیاند، یاسادانەرانی کۆماریخواز داوا لە دادگاکانی ئەمریکا دەکەن تاکوو پێش بە رێکەوتنی ئەتۆمی کە میلیاردها دۆلار دەداتەوە بەو رژێمە پێشگیری بکەن. جێگەی باسە کە ناوبراو وتی، رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ رژێمی ئاخوندی رێکەوتنێکی خراپە و پێویستە پێشی پێ بگیردرێت.

 
گەمارۆکەی سەر جزیرە شکێنرا     

 

دوای شکاندنی گەمارۆکەی سەر شاری جزیرەی باکوری کوردستان، شاندێکی‌ هەدەپە گەیشتە شارەکە.والی‌ شرناخ لە چواری‌ ئەیلولەوە بڕیاری‌ قەدەغەکردنی‌ هاتنە دەرەوەو هاتوچۆ دا لەجزیرە، لەدوو رۆژی‌ رابردوشدا هەوڵی‌ شکاندنی‌ گەمارۆکە درا‌و پەرلەمانتاران‌و خەڵکی‌ باکوری‌ کوردستان بەرێپێوان بەرەو شارەکە بەرێکەوتن.بەپێی میدیاکانی نزیک لەپەکەکە سەر لەبەیانی‌ ئەمرۆ، شاندی‌ هاوسەرۆکی‌ هەدەپە فیگەن یوکسەل داغ، پەرلەمانتارانی‌ هەدەپە، کۆنگرەی‌ کۆمەڵگەی‌ دیموکراتی‌، کۆنگرەی‌ ژنانی‌ ئازاد، نوێنەرانی‌ رێکخراوەکانی‌ کۆمەڵگەی‌ مەدەن ، پارێزەرانی‌ مافی‌ مرۆڤ‌و سەرۆکی‌ ژوورەکانی‌ پارێزەرانی‌ هەرێمەکە بە کاروانێک گەیشتنە جزیرە.شاندەکە لێکۆڵینەوە لە دۆخی‌ جزیرە دەکەن بۆ ماوەی‌ نۆ رۆژ لە ژێر ئابڵۆقەو هێرشی‌ پۆلیس‌و سەربازاندا بوو.لەلایەکی‌ دیکەشەوە سەرلەبەیانی‌ ئەمرۆ خەڵک بە نیشانەی‌ سەرکەوتن‌و دروشم وتنەوە، هاتنە دەرەوە.لەئێستاشدا شاندی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە بەسەرۆکایەتی سەلاحەدین دەمیرتاش لەو شارەن، چاوەروانیش دەکرێت لەوێ هاوسەرۆکی هەدەپە لێدوانێکی رۆژنامەنوسی بدات.


فڕۆکەکانی‌ هاوپەیمانان 30 هێرشیان بۆ سەر داعش ئەنجامداوە

 

هێزەکانی‌ هاوپەیمانی‌ نێودەوڵەتی‌ دژی‌ رێکخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش، لە ماوەی‌ 24 کاتژمێری‌ رابردوودا، 30 هێرشیان بۆ سەر چەکدارەکانی‌ رێکخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش، لە عیراق و سوریا ئەنجامداوە.فەرماندەیی هێزەکانی‌ هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی‌ ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویانکردووەتەوە، لە ماوەی‌ 24 کاتژمێری‌ رابردوودا فڕۆکەکانی‌ هاوپەیمانان 27 هێرشیان بۆ سەر پێگە و بارەگاکانی‌ رێکخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش لە عیراق ئەنجامداوە.ئاماژە بەوەشکراوە، هێرشەکان لە نزیک شارەکانی‌ "خورماتوو، رومادی‌، موسڵ، فەلوجە" ئەنجامدراوە و زیانی‌ گەورەیان بەو رێکخراوە تیرۆریستییە گەیاندووە.باس لەوەشکراوە، فڕۆکەکانی‌ هاوپەیمانان لە وڵاتی سوریا لە نزیک شاری‌ "تەدممور" سێ هێرشیان لە دژی‌ رێکخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش ئەنجامداوە.



 


9 ساڵ و 16 ڕۆژ و 6 کاتژمێر و 20 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان (21ی خەرمانان)

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان (21ی خەرمانان)

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران