یادی سەروەران
یادی سەروەری گەل شەهید کەریم حسێن زادە
شەهید كاك كەریم حوسەیمزادە کوڕی مام حسێن خەڵکی گوندی زەربەنێ، کوڕە کوردێکی هەژارو دڵپاک و دەست پاک بوو. شەهید کەریم هەر لەسەرەتای ژیانیەوە لەگەڵ نەداری و بەش خوراوی ڕووبەڕوو بوو، دەستی ڕۆژگاری نەداری شەهید کەریمی زۆر بە توندی لەناو خۆیدا ڕێک دەگوشی و ئازاری پێ دەگەیاند.
لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران دژی دام و دەزگای ڕژیمی شایەتی و دوای ئەوە کە ئاخوند ئینقلابیان داگیرکرد و جەنگیان بە سەر کوردستاندا سەپاند.
گەلی زۆر لێکراوی کوردیان ناچار كرد دەست بداتە بەربەرەکانی. شەهید كاك کەریم وەک زۆر لە ڕۆڵەکانی کوردستان چەکی شەرەف و جوانمێری لە شان کردو زۆر ئازایانە بە گژ زۆرداران و خوێن مژاندا دەچۆوە.
شەهید کەریم پێشمەرگەیێکی بە جەرگ و موسڵمان و نەترس بوو، لە شەڕەکانی مەڵبەندی بانە و زۆر لە شەڕەکانی بۆکان و سەردەشت، نمونەی ئازایەتی بوو.
شەهید كاك كەریم كەسێكی ئارام و لەسەرخۆ خۆشەویستی خەڵك و هاوباوەڕانی لە سازمانی خەبات دا بوو. بە هۆی لێهاتوویی و نەبەزی و دڵسۆزی بەرپرسایەتی و فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەو لقی شەهیدانی دەشتەتاڵی پێی ئەسپێردراو لە ماوەی ئەركی بەرپرسایەتیدا زۆر دڵسۆزانە كاری دەكردو تێدەكۆشا.
بە داخێکی زۆر گرانەوە له ڕۆژی ۱۳٦۱/۱۲/۲٤ دا لە پشتی گوندی یاکوباوا لە کاتێکدا دژمنانی گەلەکەی یەک لە دوای یەک لە خوێناوی خۆیاندا دەگەوزاند، بە فیشەکی دژمن پێکرا و گیانی پیرۆزی فیدای ئامانجی لە مێژینەی گەلەکەی و ڕێبازی پیرۆزی سازمانی خەبات کرد.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهید كەریم حسێن زادە و تێكڕای شەهیدانی ڕیبازی سازمانی خەبات و شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی. بێت