بابەشێخ حوسەینی
لە رۆژەكانی كۆتایی ساڵی ڕابردووی 1402 خەڵكی كوردستان بە پێشوازی جێژنی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێی 1403 كۆچی خۆری یەوە چوون. خەڵكی كوردی نیشتمان خۆشەویست لە زۆربەی شارو گوندەكانی كوردستان بە جێژن و شادی كەم وێنە، لە لایەك سوور بوونیان لە دژایەتی دەسەڵاتی ئاخوندی ڕاگەیاند و لە لایەكی دیكە پەیامی بەردەوام بوون لە خەبات و تێكۆشان، تا گەیشتن بە ئامانجە ڕەواكانیان دووپات كردەوە.
جەژن و شادی هەڵپەڕكێ و بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز، هاوكات بوو لە گەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان، هەر بۆیە جەماوەری كوردستان بە تێكڕا، وە بەشێكی بەرچاوی خاوەن باوەڕانی ئیسلام
وهەروەها خاوەن بۆچوونە جیاجیاكانی دیكە، بە لە بەرچاوگرتنی ڕێز بۆ مانگی ڕەمەزان، بەردەوام بوون لە جێژن و شادی و بەڕێوەبردنی نەورۆز.
بێگومان بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز و جێژنی هاتنی ساڵی نوێی،جیاواز لەوەی كە یەكێكە لە بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەكان و هەموو هاونیشتمانیانی كوردستان پێویستە بایەخیان پێی بدەن لە هەمان كاتدا هۆیەكە بۆ بەردەوام بوون لە تێكۆشان وخەبات و "هەوێنی ڕزگاریی"یە.
جێگەی سەرنجە كە لە ماوەی بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز و ساڵی نوێی، هەندێك كەس هەوڵیان دەدا بە ئاژاوەگێڕی و پڕوپاگەندەی ژاراویی، بۆنەكانی نەورۆز بكەنە هۆیەك بۆ بەریەك كەوتن و دروست كردنی ناكۆكی لە نێوان چین و توێژەكان و هێرش بۆ سەر كوردی موسڵمان و خاوەن باوەڕەكانی كوردستان و ئەو پڕوپاگەندەیان دەكرد كە خەڵكی كورد گرینگی بە مانگی ڕەمەزان و ڕۆژو گرتن نادات.
لە ئێستادا كە یادی شەهید كرانی پێشەوا قازی محەممەد دامەزرێنەری كۆماری كوردستان و شەهادەتی سەیفی قازی و سەدری قازی بەرز ڕادەگرین، هەندێك هەوڵ دەدەن یادی شەهادەتی پێشەوا قازی محەممەد و یارانی بكەنە هۆیەك بۆ بێ ڕێزی كردن بۆ سەر بەشێك لە كوردستانیان و ئەوە بگەێنن كە ئەگەر لە ڕۆژانی مانگی ڕەمەزان جێژن و شادی یان كردوە،بەو مەبەستە بووە كە بێ ڕێزی بە ئیسلام و ڕەمەزان و ڕۆژوو گران بكەن. بێگومان ئەو مەبەست و ئامانجە زیانبارەو گەلی كورد بە تێكڕا زیانی لێ دەبینێ.
شەهید پێشەوا قازی محەممەد كوردو مامۆستایەكی ئایینی ئیسلامی پێشكەوتوو خەم خۆری دانیشتوانی كوردستان بە موسڵمان و غەیرە موسڵمانیەوە بوو. گیانی پاكی لە سەر ئازادی كورد و ڕزگاری كوردستان بەخشی، وەك باس دەكرێ ئامادە نەبووە بۆ ڕزگار كردنی گیانی، جەماوەر بە جێی بهێڵێ. لە وەسیەتنامەكەی پێشەوا قازی محەممەد دا،بە ڕوونی دەردەكەوێ لە گەڵ شانازی بە كورد بوونی، پێداگری لە سەر موسڵمان بوونی دەكاتەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیامی جۆراوجۆر لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوكراوەتەوە كە لە ڕۆژی 10ی خاكەلێوە ڕێوڕەسەكانی نەورۆزی ڕابگیرێن و بەڕێوە نەچن.
پرسیار ئەوەیە كێ لە پشت ئەو بانگەوازەویەو، ئەوانە بە چ هۆیەك داوایان كردوە مەراسمی نەورۆزی لە 10 ی خاكەلێوە بەڕێوە نەچێ؟
ئەگەر مەبەستی ئەو بانگەوازە لە بەڕێوەنەچوونی جێژنی نەورۆز لە 10ی خاكەلێوە، بۆ ڕێزگرتنە لە پێشەوا قازی محەممەد و یارانی، دەبێ ئەوەمان لە بیر بێت كە قازی محەممەدی نەمر، گیانی پیرۆزی بۆ خۆشی و بەختەوەری گەلی كورد فیداكرد. بەو پێیە هیچ مەنتقێكی تێدا نیە بۆنەی نەورۆزو جۆش و خرۆشی جەماوەر و ڕوبەڕوبونەوەی دژمنان، كە ویست و ئامانجی سەرەكی پێشەوا قازی محەممەدی نەمر بوو ڕابگیرێ و خەڵك لەو جۆش و خرۆشە كوردانەیە سارد بكرێنەوە.
ئەگەر مەبەستی ئەو كەسانە ئەوە بێت كە خەلك لە یادی شەهادەتی پێشەوا دەست لە جێژن و مەراسمی نەورۆزی هەڵدەگرن بەڵام لە مانگی ڕەمەزان دا دەستیان لە جێژن و خۆشی نەورۆزی هەڵنەگرت و ئامانجیان هێرش بۆ سەر كوردی موسڵمانە. بێگومان ئەو بیر كردنەوەیە، بێ رَێزی كردن بە ڕەمەزان و كوردی موسڵمان و تەنانەت بە پێشەوا قازی محەممەدە، چونكە جەنابیان پێش ئەوەی سەرۆك كۆماری كوردستان بن،كەسایەتیەكی كوردو پێشەوایەكی ئایینی ئیسلام بوون. دەبێ بزانن كەڵك وەرگرتن لە هەستی جەماوەر بە ئامانجی هێنانە دیی بیرو بۆچوونی لایەنێكی دیاریكراو و هەوڵدان بۆ دابەش بوونی كۆمەڵگەی كوردەواری و ناكۆكی دروست كردن لە نێوان چین و توێژەكان وباوەڕو بۆچوونەكان لە كوردستان دا،بە زیانی تێكڕای خەڵكی كوردستانەو ڕژیمی مەزهەبی و دیكتاتۆری ئاخوندەكان كەڵكی لێ دەبینێ.
هەر وەك هەموو دەبێ گرینگی بە گەورەیی ڕۆژی شەهادەتی پێشەوا قازی محەممەد و یارانی بدەین لە هەمانكاتدا دەبێ بایەخ بە نەورۆز و جێژنە نەتەوەیی و مانگی ڕەمەزان و بۆنە ئایینیەكانی باوەڕە جیاجیاكانی كوردەواری بدەین و بە كردەوە لە پێناو حكومەت و دەسەڵاتێكی دیموكراتیك كە دوور بێت لە هەژموونی بیروباوەرَێكی دیاری كراو بەسەریدا.دەبێ هەموو تێبكۆشین دەسەڵاتێك و حكومەتێكی سكولار بێتە مەیدان، كە بەشی هەموو بیرو باوەڕو بۆچونەكانی پێوە بێت و ڕێز لە باوەڕیی تێكڕای پێکهاتەكانی كوردستان بگرێ.
لە یادی شەهادەتی پێشەوای قازی محەممەد و یارانی دا، درود دەنێرم بۆ رۆحی بەرزیان و هومێدوارم ئامانجی پێشەوا قازی محەممەد و تێكڕای شەهیدانی سوور خەلاتی كوردستان و شەهیدانی
ڕێگەی ئازادی بێتە دیی.
درود بۆ رۆحی پاكی پێشەوا قازی محەممەد و یارانی