رۆژی شەممە، ۱۰ی خاکەلێوەی ١٣٠٤ شاندێکی کۆمیتەی نۆروێژی سازمانی خەبات کە پێک هاتبوو لە کاک مەحموود یوسفی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمیتەی نۆروێژ و سارۆ حوسەینی بەرپرسی کۆمیتەی نۆروێژی رێکخراوی لاوان بەشداری کرد لە رێوڕەسمی ۱۰ی خاکەلێوە، ساڵیادی شەهیدکرانی قازی محەممەد و ھاوڕێیانی کە لەلایەن کۆمیتەی نۆروێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران رێکخراوبوو.
یادەکە بە سروودی نیشتمانی ئەی رەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی پێشەوا قازی محەممەد و تەواوی شەهیدانی رێگەی رزگاری کوردستان دەستی پێکرد و پاشان بە ژمارەیەک پەیام و سروود و هۆنراوە و پەخشان رێوڕەسمەکە دەوڵەمەند کرا.
لە بەشێکی رێوڕەسمەکەدا سارۆ حوسەینی پەیامی کۆمیتەی نۆروێژی بە بۆنەی ۱۰ی خاکەلێوە پێشکەش بە ئامادەبووانی کۆڕەکە کرد. لە پەیامەکەی کۆمیتەی نۆروێژدا جەخت لەسەر یەکڕیزی و هاوخەباتی لە پێناوی وەدیهێنانی ئامانجەکانی پێشەوا و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادی و دادپەروەریدا کرایەوە.
لە کۆتاییدا شاندی کۆمیتەی نۆروێژ دەست خۆشیان بە رێکخەرانی رێورەسمەکە وت و هیوای بەردەوامیی و سەرکەوتنیان لە خەبات و خزمەت بە ئامانجەکانی گەلی کورد بۆ خواستن.